ئێران ڕێککەوتنی هاوکاریی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی هەڵوەشاندەوە

عەلی لاریجانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕایگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێککەوتنەی ڕاگەیاند کە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) واژۆ کرابوو.

لاریجانی لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ڕایگەیاند: "وەک پێشتر عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی پێدابوو، ئەگەر میکانیزمی گێڕانەوەی سزاکان کارا بکرێت، ئێران پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنەکەدا دەکات. ئێستا ئەمە ڕوویداوە و بەمەش ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەکی کاریگەر هەڵدەوەشێتەوە."

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی میهر، لاریجانی گوتووشیەتی: "بێگومان ئەگەر ئاژانس هەر پێشنیازێکی نوێی هەبێت، ئێمە لە سکرتاریەتی ئەنجوومەن تاوتوێی دەکەین."

ئەم هەنگاوەی ئێران دوای نزیکەی سێ هەفتە دێت لە لێدوانێکی عەباس عراقچی، کە هۆشداریی دابوو ئەگەر زلهێزە ڕۆژئاواییەکان سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بسەپێننەوە، وڵاتەکەی ڕێککەوتنەکە هەڵدەوەشێنێتەوە.

ڕێککەوتنەکەی مانگی ئەیلوول ڕێگەی بە پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەدا دەست بە پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکەنەوە.

ئەم پێشهاتە نوێیە، ئەگەر بە فەرمی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە پاشەکشەیەکی گەورە دادەنرێت بۆ هەوڵەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی. ئاژانسەکە ماوەی چەند مانگێکە هەوڵ دەدات هاوکاریی تەواوی ئێران بەدەست بهێنێتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی چەند دامەزراوەیەکی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا لەلایەن ئیسرائیل و ئەمەریکاوە کرانە ئامانج.

ڕۆژی سێشەممە،30ـی ئەیلوولی 2025، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا زنجیرەیەک سزای نوێی بەسەر 21 دامەزراوە و 17 کەسایەتی ئێرانیدا سەپاند، بەهۆی تێوەگلانییان لە تۆڕەکانی دابینکردنی تەکنۆلۆجیای هەستیاری تایبەت بە بەرهەمهێنانی مووشەک و فڕۆکەی سەربازیی ئێران.

بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، 27ـی ئەیلوول، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی بۆ سەر ئێران، کارا کردەوە.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment