لە زیقار مەترسیی دەستبەسەرداگرتنی زەویی جووتیاران هەیە

هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان، ژمارەیەک جووتیار لە ناوچەی سەخریەی پارێزگای زیقار ڕووبەڕووی مەترسیی لەدەستدانی ئەو زەوییانە بوونەتەوە کە زیاتر لە سەدەیەکە لە باوباپیرانیانەوە بۆیان ماوەتەوە. بەشێک لە کاندیدەکان و کەسانی دەستڕۆیشتوو هەوڵ دەدەن ئەو زەوییە کشتوکاڵییانە بکەنە یەکەی نیشتەجێبوون، بە ئامانجی بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر، ئەمەش نیگەرانیی قووڵی لای نزیکەی هەزار خێزانی جووتیار دروست کردووە.

جووتیارەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، خاوەنی تاپۆ و بەڵگەنامەی فەرمین بۆ سەلماندنی خاوەندارێتیی زەوییەکانیان، نەوە لەدوای نەوە بۆیان ماوەتەوە و تاکە سەرچاوەی داهات و بژێویی ژیانیانە.

یەکێک لە جووتیارەکان بە نیگەرانییەوە بە کوردستان24 دەڵێت: "ئەم زەویانە نەوە لەدوای نەوە بۆمان ماونەتەوە؛ من لە باوکم و ئەویش لە باپیرییەوە بۆی ماوەتەوە. ئێمە هیچ مووچە و داهاتێکی دیکەمان نییە پێی بژین و بەڵگەی فەرمیشمان هەیە کە ئەم زەوییانە هی خۆمانن."

جووتیارێکی دیکە ڕایگەیاند: "نزیکەی هەزار خێزان لەسەر ئەم زەوییانە دەژین کە بەرهەمی کشتوکاڵییان لێ بەرهەم دەهێنن. هەندێکیان خاوەنی زیاتر لە ٥٠٠ دۆنم زەوین."

جووتیارەکان هەست دەکەن زەوییەکانیان بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەکرێنە قوربانیی بانگەشەی هەڵبژاردن و داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن ڕێگری لەم کارە بکات، ئەگەرنا پەنا دەبەنە بەر بایکۆتکردنی هەڵبژاردن.

هاووڵاتییەکی دیکە پەیامێکی ئاراستەی سەرۆک وەزیران کرد و گوتی: "پەیاممان بۆ سەرۆک وەزیران ئەوەیە ڕێگە نەدات ئەم زەوییانەمان لێ زەوت بکرێت. ئەگەر ئەمە ڕووبدات، هۆزەکەمان بایکۆتی هەڵبژاردن دەکات، هەرچەندە نامانەوێت بگەینە ئەو ئاستە. تەنانەت پۆستەری کاندیدەکانمان بە خانووەکانمانەوە هەڵواسیوە، بەڵام ئەگەر مافمان بخورێت، بایکۆت دەکەین."

لە کاتێکدا جووتیارانی ناوچەی سەخریە لەنێوان بەڵێنی سیاسییەکان و دۆخی نائومێدکەری خۆیاندا ماونەتەوە، جەخت لەوە دەکەنەوە تەنیا داوای دادپەروەری و ژیانێکی شەرەفمەندانە دەکەن. ئەوان داواکارن ڕێز لە مێژوو و مافە یاساییەکانیان بگیرێت و ڕێگە نەدرێت لەپێناو بەرژەوەندیی سیاسیی کورتخایەندا، سەرچاوەی ژیانی هەزاران خێزان لەناو ببرێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment