ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆری نه‌وتی ھەرێمی كوردستان كاردانه‌وه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌

په‌كه‌كه‌ بژێوی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كاته‌ ئامانج

K24 - ھەولێر

ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆڕی نەوتی كوردستان كاردانەوەی توندی ناوخۆیی لێكەوتەوە و بەڕای ھاووڵاتییان ئەم كارەی پەكەكە دژی خەڵكی كوردستانە، راستەوخۆ دەستبردنە بۆ قوت و ژیانی خەڵك، بە گوتەی پسپۆڕانی ئابووریش تەقاندنەوەی بۆڕی نەوتی كوردستان كە كارێكی تیرۆرستییە لە لایەن پەكەكە ئەنجامدراوە، لە ھەمانكاتدا فشارێكە بۆ سەر حكومەتی ھەرێمی كوردستان كە دژی ریككەوتن و ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال دەبیندرێت، ئەمەش كاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا دێنێت.

سەردار بڵباس، ھاووڵاتییەكی ھەرێمی كوردستانە و دەڵێ: "بۆری نەوت داھات و قوتی خەڵكی ھەرێمی كوردستانە، پێویستە پەكەكە واز لەو كردەوە تیرۆرستیانە بێنن".

زیانە ئابوورییەکانی تەقاندنەوەی بۆری ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، کە سەرچاوەی سەرەکی داھاتی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە کاریگەری لەسەر دۆخی ئابووری ھەرێم دەبێت، پسپۆرانی ئابووری دەڵین، پەکەکە بەو کارەی قوتی خەڵکی کوردستانی بڕیوە و دەیەوێت فشاری ئابووری بخاتە سەر کارەکانی کابینەی نۆیەم.

لەوبارەوە محەمەد عەلی، پسپۆڕی ئابووری بە كوردستان24ی گوت: "تەقاندنەوەی بۆری دوو زیانی دەبێت، یەكەمیان داھات نامێنێ، دووەم ئەگەر ھەیە كڕیارەكانی نەوت لە دەست بدەین".

گوتیشی: "دەستێك ھەیە بۆ تێكدانی دۆخەكە و دژایەتی كردنی چاكسازییەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان".

پەکەکە جارێکی دیکەش تەقاندنەوەی بۆری ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستانی لە ئەستۆ گرت کە لە خاکی باکووری کوردستانەوە ئەنجامییداوە، چاودێرانی سیاسی دەڵێن ئەم کردەوەی پەکەکە تیرۆرستیە و بەم کارانەی دەیەوێت فشارێکی سیاسی و ئابووری دیکە بخاتە سەر ھەرێمی کوردستان.

ھەڵمەت غەریب، چاودێری سیاسی دەڵێ: "بێگومان ئەو كردەوەی پەكەكە كردەوەیەكی تیرۆرستیە، پەكەكە دەزانێ ئێستا ھەرێمی كوردستان لەناو قەیرانێكی قوڵی ئابووریدا و دەزانێت كاریگەری زۆری دەبێت".

ئاماژەی بەوەشدا: "رێككەوتنی لایەنەكان لەسەر ناوچە سنوورییەكان، كۆتایی ھێنانە بە رۆڵی پەكەكە لە ناوچەكە، بۆیە بە بڕوای من ئەمەریكا و عێراق و توركیا كاردانەوەیان دەبێت، ئەگەر پەكەكە نەچێتە ژێرباری یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكان".

چوارشەممەی رابردوو 28/10/2020 پەکەکە لە کردوەیەکی تیرۆرستیدا بۆری نەوتی ھەرێمی کوردستانی لە خاکی تورکیا تەقاندەوە، ئەم کارەی پەکەکە  لە رووی ئابووری و سیاسییەوە زیانی بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە، چونکە داھاتی نەوت قوتی سەرەکی خەڵکی کوردستانە و پەکەکەش  بەم کارەی ئامانجیێتی قوتی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان ببڕێت.

Fly Erbil Advertisment