ئومێد سەباح: بە پشتیوانیی ئیمارات، ئەجێندای حکوومەتی داهاتوو دادەڕێژین

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران جەخت لە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیمارات دەکاتەوە و دەڵێت "بە پشتیوانیی ئیمارات، ئەجێندای حکوومەتی داهاتوو دادەڕێژین."
ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە چوارچێوەی دیداری ئاڵوگۆڕی ئەزموونی حکوومیی ئیمارات و هەرێمی کوردستان، کە بە بەشداریی ئارین مەسرور بارزانی بەڕێوەچوو؛ د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، گوتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەسەر قووڵبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە.
د. ئومێد سەباح لە سەرەتای gوتارەکەیدا بە ناوی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانییەوە بەخێرهاتنی شاندی ئیماراتی کرد و گوتی: "ئێوە لەناو خانەوادەی خۆتان و لە ماڵی خۆتاندان." هەروەها ئاماژەی بەوەدا، سەردانی ئەم دواییەی شاندی هەرێم بۆ ئیمارات، هاندانێکی نوێی بەخشیوەتە خێرایی کاری هاوبەش و بووەتە هۆی نوێکردنەوەی یاداشتی لێکتێگەیشتن.
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران سوپاسی سەرکردایەتیی ئیماراتی کرد و گوتی: "سوپاسی بێپایانی خۆمان ئاراستەی شێخ محەمەد بن زاید و شێخ محەمەد بن ڕاشد دەکەین بۆ پشتیوانیی بەردەوامیان. ئەوان هەرگیز کەمتەرخەم نەبوون و هەموو دەرگایەکیان بۆ کردینەوە."
لە بەشێکی تری گوتارەکەیدا، د. ئومێد باسی لە ئەنجامە بەرجەستەکانی ئەم هاوبەشییە کرد و ڕایگەیاند، لە ساڵی ڕابردووەوە چوار پڕۆژەی ستراتیژی دامەزراون، لەوانە یەکەکانی خزمەتگوزاری، ئەدای حکوومی، پێشبینیکردن، هەروەها سەکۆیەکی یاسایی گشتگیر. گوتیشی: "ئەگەر پشتیوانیی بەردەوامی ئیمارات نەبووایە، ئەم پڕۆژە ناوازانە ڕووناکییان نەدەبینی. ئێمە لە ئێوەوە فێری ئەزموونی پێشەنگی و ئەدای نایاب بووین."
د. سەباح لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە ئەم دیدارە دەرگای نۆ تەوەری گرنگ دەکاتەوە، کە دەبنە بناغەیەک بۆ دیاریکردنی "نەخشەڕێگای کاری هاوبەشی ساڵی داهاتوو" و "داڕشتنی ئەجێندای حکومەتی داهاتوو" لە هەرێمی کوردستان.
ناوبراو داوای لە بەشداربووان کرد بە شێوەیەکی جددی و بە دیدگایەکی داهاتووبینانەوە بەشداری لە گفتوگۆکاندا بکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان.