ئێران، ئەگەر هێرش بکرێتەوە سەرمان، وەڵامی توندترمان دەبێت

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، لەگەڵ ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەریمی کوردستان و شاندێکی باڵای ئەمنی، لە میانی سەردانەکەیاندا بۆ تاران، چاویان بە محەممەد باقڕ قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کەوت.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی ئەعرەجی، لە دیدارەکەدا "دەربارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنییەتی گەشەپێدانی هاوکاریی نێوانیان، گفتوگۆیان کردووە. هەروا جەختیان لە جێبەجێکردن خاڵەکانی ڕێککەوتننامەی ئەمنیی هاوبەش کردەوە جگە لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخیی گشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڕەشە چاوەڕوانکراوەکان."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانش جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران کردەوە؛ بە تایبەتیش هەردوو گەلی عێراق و ئێران پەیوەندیی تایبەتیی کۆمەڵایەتی و میژوویی کولتووری و ئاینیی قووڵیان پێکەوە هەیە.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراقیش باسی لە هەڵوێستی حکوومەتی عێراق کرد لە پێویستی چارەکردنی کێشە نێودەوڵەتییەکان بە ڕێگەی گفتوگۆی دیپلۆماسی و دابینکردنی کەشێکی گونجاو و ئارام لە پێناو سەقامگیریی لە ناوچەکەدا.
لە لایەکی دیکەوە، لیوا محەممەد پاکپور، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، لە میانەی پێشوازیی لە قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، گوتی: ئەگەر جارێکی دیکە هێرشمان بکەنەوە سەر، کاردانەوەمان لە جەنگی 12 ڕۆژە توندتر دەبێت و ژیان لە دوژمنان دەکەین بە دۆزەخ.
لیوا محەممەد پاکپوور، ڕاشیگەیاند، ئەمەریکا و ئیسرائیل پشتیان بە سیستەمەکانی بەرگریی مووشەکی خۆیان دەبەست، بەڵام مووشەکە ئێرانییەکان ئامانجە دیاریکراوەکانیان بە وردی پێکا.