پێچەوانەی عێراق؛ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناوچە شوێنەوارییەکانی پاراستووە

زیاتر لە 6500 شوێنەواری دێرین لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون؛ تیمە ئیتاڵییەکانیش لە سێمێل شوێنەوارێکی چەرخی چوارەم دەپشکنن.

لە هەوڵێکی بەرچاودا بۆ پاراستنی مێژووی دەوڵەمەندی ناوچەکە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 6 هەزار و 500 شوێنەواری دێرینی تۆمار کردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە تیمە شوێنەوارییەکان بە هاوکاری زانکۆ نێودەوڵەتییەکان بەردەوامن لە کنە و پشکنین بۆ دۆزینەوەی پاشماوەی شارستانییەتە دێرینەکان.

لە پارێزگای دهۆک بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمێکی زانکۆی کافۆسکاری ئیتاڵی، کار لەسەر پشکنینی شوێنەوارێک لە سنووری قەزای سێمێل دەکرێت کە مێژووەکەی بۆ چەرخی چوارەم دەگەڕێتەوە. ئەم هاوکارییە بەشێکە لە زنجیرەیەک پڕۆژەی هاوبەش کە لەگەڵ چەندین زانکۆی جیهانی واژۆ کراون بۆ دۆزینەوە و پاراستنی شوێنەوارەکان. لە پارێزگای دهۆک بە تەنها 2 هەزار و 700 شوێنەوار تۆمار کراون.

د. بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری پارێزگای دهۆک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تا ئێستا 47 گرێبەست لەگەڵ زانکۆ و ناوەندە بیانییەکان واژۆ کراوە، کە ئامانج لێی پەرەپێدانی کەرتی شوێنەوارە لە ڕێگەی تۆمارکردن، ڕووپێوکردن و نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکانەوە. ئەم هەوڵانە بووەتە هۆی ئەوەی کە ساڵانە دەیان تیمی بیانی سەردانی کوردستان بکەن بۆ کاری کنە و پشکنین.

دۆخی نالەباری شوێنەوارەکان لە نەینەوا

هاوکات، دۆخی شوێنەوارەکان لە پارێزگای نەینەوای عێراق جێگەی نیگەرانییە. بە پێچەوانەی هەرێمی کوردستانەوە، زۆربەی شوێنەوارە دێرینەکانی ئەو ناوچەیە، بەتایبەتی لەدوای ساڵی 2003ەوە، پشتگوێخراون و ڕووبەڕووی تاڵان و وێرانکاری بوونەتەوە.

قەڵای باشتابیا، کە یەکێکە لە شوێنەوارە ناسراوەکانی نەینەوا و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی دوازدەی زایینی، نموونەیەکی بەرچاوی ئەم پشتگوێخستنەیە. ئەم قەڵایە و چەندین شوێنەواری دیکەی عێراق کە خاوەنی هەزاران پارچەی شوێنەوارین، بوونەتە ئامانجی دزین و تاڵانکردن.

ئەحمەد قاسم، شارەزای بواری شوێنەوار جەخت لەوە دەکاتەوە، گرنگیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەم کەرتە، وایکردووە کە پاراستن و دۆزینەوەی شوێنەوارەکان بە شێوەیەکی زانستی و پسپۆڕانە بەڕێوەبچێت. لە کاتێکدا لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، بەهۆی ناسەقامگیری و نەبوونی چاودێری پێویست، ئەم سامانە نەتەوەییە لەبەردەم مەترسی لەناوچووندایە.

 
 
Fly Erbil Advertisment