ئیسرائیل هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی کەناری ڕۆژئاوا 'وێست بانک' دەدات

کنێستی ئیسرائیل دەنگدانی بەرایی لەسەر پرۆژەیاسایەک دا، بۆ سەپاندنی سەروەریی ئیسرائیل بەسەر کەناری ڕۆژئاوا 'وێست بانک'؛ لایەنە فەڵەستینییەکانیش ئەوە بە هەنگاوێکی دوژمنکارانە دەزانن.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، بڵاوی کردەوە،ک"نێستی ئیسرائیل دەنگی بەرایی لەسەر پرۆژەیاسایەک دا، بۆ سەپاندنی سەروەریی ئیسرائیل بەسەر کەناری ڕۆژئاوا 'وێست بانک'دا؛ ئەم پرۆژەیاسایە، ڕووبەڕووی هۆشداریی نەتەوە یەکگرتووەکان و کێشەی دەستووریی و دابەشبوونی بۆچۆنی سیاسیی ناوخۆی ئیسرائیل و ئاڵۆزیی هەرێمی دەبێتەوە."

بە گوێرەی پرۆژەیاساکە، ئیسرائیل دەسەڵاتی تەواوی خۆی بۆ سەر کەناری ڕۆژئاوا 'وێست بانک' دەسەپێنێتەوە. دوێنێ چوارشەممە، کنێست وەکوو بنەما، دەنگی بەرایی لەسەر پرۆژەکە دا؛ لە کاتێکدا فەڵەستینییەکان کەناراوی ڕۆژئاوا بە بەشێک لە دەوڵەتی فەڵەستین داهاتووی دەزانن.

کۆبوونەوەکەی کنێست و دەنگدانی بەرایی لەسەر پرۆژەیاساکە، هاوکات بوو لەگەڵ سەردانی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل. شایانی باسە، مانگێک پێشتر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕەتی کردەوە ڕێگە بە ئیسرائل بدات کەناری ڕۆژئاوا 'وێست بانک' بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی.

پرۆژەیاساکە، کە لە لایەن ئەندامانی دەرەوەی هاوپەیمانییەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پێشکەش کراوە، 25 دەنگی ئەرێیی بەرانبەر 24 دەنگی نەرێیی لە کۆی 120 ئەندامی کنێست بەدەست هێنا. ئەندامانی حزبی لیکوودی فەرمانڕەوا بەشداریی دەنگدانەکەیان نەکرد. بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە یاساکە، دەبێت چوار جار بخرێتە دەنگدانەوە.

لە ناو هاوپەیمانییەکەی ناتانیاهۆدا، بە فەرمی داوا دەکرێت چەند بەشێکی کەناری ڕۆژئاوا 'وێست بانک' بخرێتە سەر ئیسرائیل و بۆ ئەوەش پەیوەندیی مێژوویی و ئاینیی بە بەڵگە دەهێننەوە.

ئیسرائیل، ئەو ناوچانەی لە شەڕی شەش ڕۆژەی 1967 دا کۆنترۆڵی کردبوون، بە داگیرکراو نازانێت، بەڵکوو وەکوو ناوچەی کێشە لەسەریان دەزانێت. بەڵام زۆرینەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان بە داگیرکردنی دەبینن.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕۆژی چوارشەممە هۆشداریی دا لەوەی "هەر هەنگاوێک لەلایەن کنێستی ئیسرائیلەوە بە ئاراستەی سەپاندنی سەروەری بەسەر کەناری ڕۆژئاوا 'وێست بانک' بنرێت، دەتوانێت ئاگربەستە ناسکەکەی کەرتی غەززە بخاتە مەترسییەوە."

دادگای دادی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2024، بڕیاری دا، داگیرکردنی ناوچە فەڵەستینییەکان، لە نێویاندا کەناری ڕۆژئاوا 'وێست بانک' ، لە لایەن ئیسرائیلەوە یاسایی نین و دەبێت ئیسرائیل بەزووترین کات لێیان بکشێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی فەڵەستین، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "زەوییە داگیرکراوە فەڵەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا و شاری قودس و کەرتی غەززە، یەکەیەکی جوگرافیی دانەبڕوان و بەشێک نین لە خاکی ئیسرائیل." 

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment