لە سەڵاحەددین 500 ملیار دینار دیار نییە
لەپارێزگای سەڵاحەددین، 500 ملیاردینار بۆ پڕۆژەکان خەرجکراون و هیچ پڕۆژەیەکیش تەواو نەکراوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای شارەکە دەڵێت هەزار پڕۆژەی بەجێماو و تەواونەکراومان هەیە، چالاکوانێکی شارەکەش دەڵێت، ئەو پارەی بۆ پارێزگاکە خەرجکراوە دەتوانرا دەوڵەتێکی پێ درووست بکرێت.
گەورەترین گەرەکی تکریتە و بچووکترین خزمەتگوزاری تێدا بەردەست نییە، كارەبا، ئاو و ئاوەڕۆ و ڕێگاوبان کە پێداویستی سەرەکین دەیان ساڵە هاووڵاتیانی ئێرە خەونی پێوە دەبینن.
کەریم مەحمود، هاووڵاتی تکریت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هیچ خزمەتگوزارییەکمان نییە، ئاو، کارەبا و ئاوەڕۆ هەمووی سفرە، پارەی ئەمشارە هەمووی دزەکان بردیان خوا ئاگادارە هیچمان نەبینی.
محەممەد خەڵەف، هاووڵاتی تکریت دەڵێت: حکوومەت بەس خەریکی قووتدان و ڕابواردن و دزییە، بووینەتەگاڵتەجاڕ، ئاخرئەوە ڕێگایە؟ شەقامەکان هەمووی چاڵن، بەزستان یەک ئۆتۆمبێل ناتوانێت تێپەڕێت، بەناچاری گەڕەکێکی دیکە دەبڕین ئینجا دەتوانین بچینە بازاڕ"
سەرمە دعیماد، هاووڵاتی تکریت دەڵێت: "ئەم شەقامە دووجار پارەکەی وەرگیراوە و تەواونەکراوە، جارێکیان لەساڵی2012 بوو وەبەرهێنەکە پارەکەی وەرگرتوو ڕایکرد، جارێکی دیکەش پارەی بۆتەرخانکرا و پارەکەیان خوارد، کارەبا دوو کاتژمێر هەیە شەش کاتژمێر نییە. ئاو، کارەبا و ئاوەڕۆ هیچی نییە، بەدرێژایی ئەم هاوینە ئاومان بە تەنکەرکڕیوە، تەنکەرێک ئاوگەیشتە 50 هەزاردینار، باشە ئێمە کرێکارین و کرێچین ئاویش بکڕین؟".