ئەنبار.. مهینهتی قوتابیان بهردهوامه
سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندان ساڵ بەسەر کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، لە ساڵی 2025ـدا هێشتا لە پارێزگای ئەنبار دەیان قوتابخانە لەناو کابینە (کەرەڤانە)ـدان. هەزاران قوتابی لە بارودۆخێکی نالەبار و دوور لە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی خوێندن، لە پۆلی بچووک و ناتەندروستدا وانەکانیان دەخوێنن، کە هیچ گونجاو نییە لەگەڵ ژینگەی پەروەردە و فێربووندا.
کەسوکاری قوتابیان داوا دەکەن کۆتایی بەم دۆخە بهێنرێت و قوتابخانەی مۆدێرن و شایستە بۆ منداڵەکانیان دروست بکرێت.
ئەیاد عەبدەلی، سەرپەرشتیاری یەکێک لە قوتابییەکان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "لە پارێزگای ئەنبار هێشتا قوتابخانەی کەرەڤانەمان هەیە و دوو دەوامیشی تێدا دەکرێت. ئەم کابینانە منداڵەکانمان لە سەرما و گەرما و نەخۆشی ناپارێزن. داوا دەکەین پەلە بکرێت لە دروستکردنی قوتابخانەی نوێ و نۆژەنکردنەوەی ئەوانەی ڕووخاون، تا قوتابی لە پۆلێکی نموونەییدا بخوێنێت."
لە بەرامبەردا، بەرپرسانی پەروەردە بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکە دەدەن، بەڵام تا ئێستا بە کردەیی جێبەجێ نەکراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ئەنبار ئاماژە بەوە دەکات، پلانیان هەیە بۆ کردنەوەی ژمارەیەک قوتابخانەی نوێ لە ساڵی داهاتوودا، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە دیاردەی فرەدەوامی و قوتابخانەی ناو کەرەڤانەکان.
لای خۆیەوە، د. ئەحمەد ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی ئەنبار، دەڵێت: "قوتابخانەی ناو کابینەکان چارەسەرێکی کاتی بوون بۆ ئەو کاتەی خەڵک لە ئاوارەیی گەڕایەوە و قوتابخانەکان وێران ببوون. ئەو پڕۆژانەی وەزارەت ڕایگەیاندوون بۆ دروستکردن و نۆژەنکردنەوە، لە داهاتوویەکی نزیکدا و تا کۆتایی ئەمساڵ، کۆتایی بەم کێشەیە دەهێنن."
سەرەڕای بەڵێنە دووبارەکان و پلانە ڕاگەیەنراوەکان، ڕاستی حاڵی قوتابیانی ئەنبار جیاوازە. ئەوان هێشتا لەناو پۆلگەلێکدان کە نە بەرگەی گەرمای هاوین دەگرن و نە سارد و سۆڵەی زستان، ئەمەش دیمەنێکی ئازاربەخشی نێوان بەڵێنی بەرپرسان و ژیانی ڕاستەقینەی خەڵک نیشان دەدات.

