پارتی و یەکێتی پێش ھەڵبژاردن داوای ئاساییكردنهوهی دۆخی كهركووك دهكەن
"له ژێر فشاری سهربازی و سیاسی ئهنجامی ههڵبژاردن ناڕهوایه"
K24 – ھەولێر:
پارتی و یەکێتی رایدەگەیەنن دەبێت پێش هەڵبژاردنی پێشوەختە دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە. بەو دۆخەی ئێستە هەڵبژاردن بکرێت کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەبێت. ئەوان پێشیان وایە هەنگاوەکانی ئاسایکردنەوەی دۆخی کەرکووک لە رووی ئیداری و سەربازیەوە دەستیان پێکردووە.
دوای یەکلایکردنەوەی بازنەکانی هەڵبژاردن لە کەرکووک ئێستا قسە لەسەر ئاسایکردنەوەی دۆخی ئەمنی و ئیداری و سیاسی کەرکووک دەکرێت بۆ ئەوەی پێش هەڵبژاردنەکان دۆخەکە بۆ هەڵبژاردن گونجاو بێت.
هاوار محەمەد، بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەوەی بەلای دەزگای هەڵبژاردنی پارتیەوە گرنگە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێ هیچ فشارێک جێبەجێکردنی ئەو ماددەی تايبەت به یاسای هەڵبژاردنەکانە کە دەبێـت کەشوهەوای هەڵبژاردنەکان ئارام بێت.
بەپيێ ئەو وادەیەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دیاری کردووە، دەبێت مانگی شەشی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بکرێت. کوردیش دەیەوێت پێش ئەوەی بچێتە ئەو قۆناخە دۆخی ناوچە کوردستانیەکان و کەرکووک بە تایبەتی ئاسايی بکرێتەوە.
ئازاد جۆڵا، کاديری باڵای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان گوتی: یەکێتی پیوایە لە ژێر فشاری سەربازی و سیاسی و ئیداری هەڵبژاردن بکرێت ئەنجامەکەی ناشەرعی دەبێت.
بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی سەربازی و ئیداری کەرکووك، هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە دوو ئاستدا لە گفتوگۆدایە. کورد دەیەوێت پێش وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دۆخی ئەمنی و ئیداری ئەو ناوچانە ئاسايی بکرێتەوه ئەگەر نا ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەو دۆخەی ئێستا، لای کورد ئەنجامەکەی شەرعی نابێت.