زیقار.. وشکەساڵی گامێشەکان و کشتوکاڵی لەناوبردووە
لە شارۆچکەی کەرمەی سنووری زیقار بەهۆی بێئاوی و وشکبوونی زۆنگاوەکانەوە، ژمارەی گامێش لە 33 هەزارە و بۆ تەنیا 18 هەزار دابەزیوە. ئاژەڵدارەکان دەلێن؛ گامێش سەرچاوەی داهاتییانە، گەر گامێش نەمێنێت ناچارن کۆچبکەن بۆ شارەکان.
زۆنگاوەکانی باشووری عێراق ڕووبەڕووی وشکەساڵییەکی بێوێنە بوونەتەوە، وشکەساڵی بووەتە هۆکاریی خراپی دۆخی ژیان و تەنانەت ژینگەی ناوچەکەش. ئەم گرفتە کە هەڕەشە لە ژینگە و مرۆڤ دەکات پشتگوێ خراوە، بێئاوی لە زۆنگاوەکان بووەتە هۆکاری لەناوچوونی گامێش و ماسییەکان، هەروەها بەرزبوونەوەی ڕێژەی کۆچی دانیشتوانە ڕەسەنەکەی.
ئاژەڵدارێک بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند، لەگەڵ نەمانی ئاو هەموو شت کەمبووەتەوە، ئەوەی پێشتر خاوەنی 40 سەر گامێش بوو، ئێستا 10 سەر زیاتری بۆ نەماوەتەوە، کاری کشتوکاڵیش کەمبووەتەوە، جووتیارەکانی ئەم ناوچەیە کۆچ بۆ شارەکان دەکەن.
ئاژەڵدارێکی دیکە دەڵێت: زیانێکی زۆرمان بەرکەوتووە بەهۆی بێئاوییەوە، هەمووان پێشتر خاوەنی 40 یاخود 50 سەر گامێش بوون، ئێستا گامێشەکانمان کەمبوونەتەوە بۆ 15 سەر یاخود تەنانەت کەمتریش، شیری گامێشیش کەمبووەتەوە، خەڵک لە ناچاریدا کۆچ دەکەن.
دەسەڵاتی خۆجێی شارۆچکەی کەرمە لە زیقار داوا لە بەرپرسانی فیدراڵی دەکەن ڕێکاری بەپەلە بگرنەبەر بۆ ڕزگارکردنی زۆنگاوەکان، هۆشداریش دەدەن لەوەی کارەساتی ژینگەیی و مرۆیی لە ئان و ساتداتە، داوادەکەن پشکی ئاویان زیاتر بەربدرێتەوە، هەروەها چارەسەری بەپەلە و بەردەوام بۆ دانیشتووانی ناوچەکانی باشوور بدۆزرێتەوە و لە هەرەسهێنانی تەواوەتی ڕزگار بکرێن.
زەکی مەنسور، قایمقامی قەزای کەرمە بۆ کوردستان24 گوتی: کەمبوونەوەیەکی مەترسیدار لە ژمارەی گامێشەکانی قەزای کەرمە بەرچاو دەکەوێت، دەتوانم بڵێم ژمارەی گامێشەکان لەم ناوچەیە لە 33 هەزارە و دابەزیووە بۆ 18 هەزار. بە بیابانبوون هەیە، سوێربوونی ئاوە لەم ناوچەیە گەیشتووەتە سێ هەزار مەتر چوارگۆشە، پێویستە هەنگاوی بەپەلە بنرێت بۆ ڕزگارکردنی گامێشەکان وەک کۆڵەکەی داهات لەم سنوورە.
ئەوەی ڕوودەدات هاواری زۆنگاوەکان و ململانێیانە لەپێناو مانەوە، پێویستی بە جوڵەی بەپەلە بۆ ئەوەی سروشتی خۆی بۆ بگەڕێتەوە و دانیشتووانەکەی بمێننەوە.
