نێردەی پوتن: لە چارەسەری دیپلۆماسیی جەنگی ئۆکرانیا نزیکین
کیریل دیمتریێڤ، نێردەی تایبەتیی ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری وەبەرهێنان و هاوکاریی ئابووری، دەڵێت: ڕووسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە چارەسەرێکی دیپلۆماسی و کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا نزیکن.
دیمتریێڤ، پاش گەیشتنی بە واشتن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکیدا، بە کەناڵی 'سی ئێن ئێن'ـی ڕاگەیاند "کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا هەڵنەوەشاوەتەوە و ئەوان لە داهاتوویەکی نزیکدا یەکتر دەبیننن."
نێردەی تایبەتیی پوتن، گوتیشی: کە سەرۆک زێلینسکی دان بە سنوورەکانی ئێستای جەنگەکەدا دەنێت، هەنگاوێکی گرنگە. وەک دەزانن ئەو پێشتر داوای کشانەوەی تەواوی ڕووسیای دەکرد.. بۆیە لاموایە ئێمە لە چارەسەرێکی گونجاوی دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، نزیکین.
ئەم سەردانەی دیمتریێڤ بۆ ئەمەریکا و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا، پێش ئەو سزایانە پلانی بۆ دانرابوو کە ئەمەریکا بەسەر کەرتی نەوتی ڕووسیا بە مەبەستی فشار خستنە سەر پوتن، سەپاندوونی.
دیمتریێڤ، ڕایگەیاند "سەرباری ئەم هەنگاوەی ئەمەریکا، گفتوگۆی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا بەردەوام دەبێت. بەڵام ئەگەر بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا لەبەرچاو نەگیرێت، ئەوا هیچ سوودێکی نابێت."
نێردەی تایبەتیی پوتن، سزاکانی ئەمەریکای زۆر بە کاریگەر نەزانی و گوتی: ئەو سزایانە دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە ئەمەریکا.
