دۆناڵد ترەمپ: کۆتاییمان بە هەشتەم جەنگ هێنا
ئەمرۆ یەکشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە کوالالامپوری پایتەختی مالیزیا واژۆی لەسەر ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان تایلاند و کەمبۆدیا کرد.
دۆناڵد ترەمپ، لە چوارچێوەی گەشتەکەی بۆ ئاسیا و دوای گەیشتنی بە مالیزیا، واژۆی لەسەر ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان هەردوو وڵات کرد و ڕایگەیاند، "لەماوەی ئیدارەکەمدا، کۆتاییمان بە هەشتەمین جەنگ هێنا".
سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی "سەرکەوتوو بووین لە کۆتاییهێنان بە ململانێی نێوان تایلاند و کەمبۆدیا، پیرۆزبایی لە سەرکردەکانی هەردوو وڵات دەکەم بە بۆنەی ڕێککەوتنی ئاشتی."
ترەمپ ڕوونیشی کردەوە، ئامانجمان وەستاندنی جەنگەکان و بەهێزکردنی ڕێگای ئاشتی و خۆشگوزەرانییە.
ڕێککەوتنەکە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی تایلاند ئانوتین چارنڤیراکویل و سەرۆک وەزیرانی کەمبۆدیا هون مانیت واژۆ کراوە.
ترەمپ بۆ ڕازیبوونی هەردوو وڵات بە ڕێککەوتنی ئاشتی و ڕاگرتنی جەنگ، کە بووەتە هۆی کوژرانی دەیان کەس و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس. هەڕەشەی زیادکردنی باجی لێکردوون.
