فازڵ میرانی: ژمارەیەک تێبینی و سەرنجمان لەسەر کارەکانی کۆمیسیۆن هەیە

فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی
فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، جەختی لەوە کردەوە، پارتی بڕوای بە شێوازی کارکردنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق نییە. دەشڵێت: هەڵبژاردن لە عێراق یەکلاکەرەوە نییە.

فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، شەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی حەدەس، گوتی: پێویستە هەموو لایەنەکانی عێراق پێکەوە کار بکەن بۆ چارەکردنی کێشەکان.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، "نە دۆخی سوننەکان لە عێراق لە دۆخی کورد باشترە، نە دۆخی شیعەکانیش لە هی کورد باشترە، بۆیە دەبێت هەموومان پێکەوە کار بکەین بۆ باشترکردنی دۆخەکە".

لە بارەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە، میرانی دەڵێت: دۆخی هەرێمی کوردستان سەقامگیرە و هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن بە هێمنی بەڕێوە دەچن. 

دەشڵێت: دۆخی ئەمنیی هەرێمی کوردستان سەقامگیرە و سوپاس بۆ خوا تا ئێستا هیچ کردەوەیەکی تیرۆیستی تێیدا ڕووی نەداوە.

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، نەک تەنیا گرنگی بە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەدەن، بەڵکو گرنگی بە سەقامگیریی تەواوی عێراقیش دەدەن.

سەبارەت بە شێوازی کاکردنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، فازڵ میرانی ئاشکرای کرد، وەک  پارتی بڕوایان بە شێوازی کارکردنی کۆمیسیۆن نییە و کۆمەڵێک تێبینی و سەرنجی یاساییان لەسەری هەیە.

میرانی باسی لە سیستەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد و گوتی: ئێمە سیستەمی هەڵبژاردنی یەک بازنەییمان پێ باشتر بوو نەک فرە بازنەیی، چونکە ئێستا هەر کاندیدێکی کورد بۆ چوونە پەرلەمانی عێراق پێویستی بە زیاتر لە 20 هەزار دەنگە.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، ڕاستە پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق گرنگە، بەڵام یەکلاکەرەوە نییە.

فازڵ میرانی، گوتیشی: دڵنیاین کە پارتی لەم هەڵبژاردنە دەتوانێت یەک ملیۆن دەنگ بە دەست بهێنێت. سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، هەنگاوی گرنگیش لە دوای پرۆسەی هەڵبژاردنەوە دەست پێدەکات.

لە کۆتاییدا، میرانی پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی هەرێم و عێراق کرد و ئاماژەی بەوە دا، "پەیامی ئێمە بۆ هەرێم و عێراق ئەوەیە کە ئێمە لەگەڵ گەڕاندنەوەی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازانین. ئێمە کار دەکەین بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیریی وڵات و دەمانەوێت عێراق ببێتە وڵاتێکی خاوەن سەروەری.

 

وادەی دەستپێکردن و کۆتاییهاتنی بانگەشەی هەڵبژاردن

چوارشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، کاتژمێر 12ـی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەست پێدەکات.ئاماژەی بەوەش دابوو، ڕۆژی شەممە، 08ـی تشرینی دووەمی 2025، ماوەی بانگەشەکردن بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت.

 

ژمارەی دەنگدەران

له‌ هه‌موو عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌، 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە، کە 20 ملیۆن و 63 هەزار و 773 کەسیان بەشداریی دەنگدانی گشتی دەکەن و 1 ملیۆن و 313 هەزار و 980 هاووڵاتی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت دەکەن.

له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا، 38 پارتی سیاسی، 31 هاوپه‌یمانی و 75 لیستی تاكه‌كه‌سی به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن، حەفت هەزار و 768 کەسیش لە هەردوو ڕەگەز، پێنج هەزار و 520 پیاو و دوو هەزار و 248 ئافرەتیش خۆیان کاندید کردووە.

بڕیارە هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوە بچێت.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment