لاڤرۆڤ: ئەورووپییەکان چاویان بە هەماهەنگیی ڕووسیا و ئەمەریکا هەڵنایەت
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دەڵێت: سەرکردە ئەورووپییەکان بە هەموو شێوەیەک دەیانەوێت دۆناڵد ترەمپ لە هەوڵ و هەڵوێستەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا سارد بکەنەوە.
لاڤرۆڤ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی یوتیووبی هەنگاری "Ultrahang" ڕایگەیاندووە، هەندێک لایەن هەژموونیان بەسەر سیاسەتی واشنتن دا سەپاندووە، هەوڵی شکست پێهێنانی هەوڵەکانی ترەمپ دەدەن و چەند جارێکی دیکەش سەرکەوتوو بوونە و هەوڵدەدەن ترەمپ لە ئامانجە سەرەکییەکەی لابدەن.
سێرگی لاڤرۆڤ گوتیشی: ترەمپ یەکەم سەرکردەیە، نەک تەنیا لە ڕۆژئاوا، بەڵکوو یەکەم سەرکردەیە لە جیهان هەر لە سەرەتای خۆ کاندیدکردنی و بەر لە دەستبەکاربوونی دژی دەستوەردانی ڕاستەوخۆی ناتۆ بووە لە جەنگی ئۆکرانیا.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، وەکوو بیرهێنانەوەیەک بۆ هەڵوێستەکانی ترەمپ لە پاڵپشتیکردنی ڕووسیا، چەند لێدوانێکی ترەمپی لەنێو چاوپێکەوتنەکەیدا خوێندەوە، کە لە نێویاندا، لێدوانەکانی ترەمپ دژ بە دەستوەردانی ڕاستەوخۆی ناتۆ لە ئۆکرانیا و پاڵپشتی ڕووسیا لە دژی هەبوونی هاوپەیمانیی لە سنووری ڕووسیادا.
لاڤرۆڤ ڕەخنەی لە هەڵوێستی ئەورووپا و ئۆکرانیا گرت، لە داواکردنی ئاگربەستی دەستبەجێ کات بەفێڕۆ دەدەن، ئەم بانگەوازانەشی تەنیا بە هەوڵێک بۆ کڕینی کات و دووبارە چەکدارکردنەوەی ئۆکرانیا وەسفکردووە، هاوشێوەی ئەوەی دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکانی مینسک لە ساڵی 2015 کە تا ئێستاش جێبەجێ نەکراوە.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕوونیشیکردەوە کە سەرکردەکانی ڕۆژئاوا لە نێوانیان ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاریی پێشووی ئەڵمانیا و فرانسوا ئۆلاند سەرۆکی پێشووی فەرەنسا، دواتر دانیان بەوەدانا کە ڕێککەوتنەکانی مینسک بەمەبەستی "کات پێدانی کیێڤ بووە بۆ بنیاتنانەوەی توانا سەربازییەکانی"، نەک بەدیهێنانی ئاشتی.
لاڤرۆڤ بەدەر لەو ڕەخنەیەی لە سەرکردە ئەورووپییەکان گرت، باسی لە هەڵوێستێکی بەریتانیا دەکات، کە لە نیسانی 2022دا، بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتە ڕێگر بووە لە واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی لەنێوان مۆسکۆ و کیێڤ؛ بە گوتەی ئەو، ئەو هەنگاوەی بەریتانیا کێشەکانی هێندەی دیکە قووڵتر کردەوە و هەڵوێستی ڕۆژئاوای لەدژی ڕووسیا تووندتر کرد.
لاڤرۆڤ لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، کە ڕووسیا هیچ سوودێک لە هیچ ڕێککەوتنێکی کاتی یان ئاگربەستێکی ناسکدا نابینێت، بەڵکو داوای ئاشتییەکی هەمەلایەنە و بەردەوام دەکات، کە ڕەگ و ڕیشەی قەیرانی ئاسایشی ئەورووپا بخاتە ڕوو و دەڵێت " بینیمان دوای ڕێککەوتنەکانی مینسک چی ڕوویدا، نامانەوێت هەمان ئەزموون دووبارە بکەینەوە؛ ئەمجارە دەبێت ئاشتییەکی ڕاستەقینە و بەردەوام و هاوسەنگ لە نێوان هەموو لایەنەکاندا هەبێت".
