بڕیارێکی نوێی دەستگیرکردن بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەرکرا
بە تۆمەتی سیخوڕی سیاسی دادگا بڕیارێکی نوێی دەستگیرکردنی بۆ هەریەک لە ئیمامئۆغڵو، ئۆزکان و یانارداغ دەرکرد.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵو، ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە نووسراوێکی دادوەریدا هاتووە، بڕیارێکی دیکەی نوێی دەستگیرکردن بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و نەجاتی ئۆزکان و مەردان یانارداغ بە تۆمەتی سیخوڕی سیاسی دەرکرا، ئاماژە بەوەشکراوە، دەرکەوتووە گومانلێکراوان بەیەکەوە کاری سیخوڕییان کردووە.
دوای ئەوەی ئیمامئۆغڵو بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا و لە پۆستی سەرۆکایەتی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ دوورخرایەوە، سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی لە ئیستانبوڵ بە تۆمەتی سیخوڕی سیاسیی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، نەجاتی ئۆزکان، مەردان یانارداغ و مەلیح گەچەک دەستپێکردووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا، لێپرسینەوە لە ئیمامئۆغڵو، ئۆزکان و یانارداغ تەواو کراوە.
بە تۆمەتی سیخوڕی سیاسی، دادگا بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ هەریەک لە ئیمامئۆغڵو، ئۆزکان و یانارداغ دەرکردووە.
ڕۆژی هەینی 24ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئەنادۆڵو ڕایگەیاند، دۆسیەی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ بە تۆمەتی سیخوڕی سیاسی بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی شارەوانی ئیستەنبوڵ کراوەتەوە کە لە مانگی ئادارەوە بە تۆمەتی گەندەڵی زیندانیکراوە و ئەویش ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.
دەستپێکردنی ئەم لێکۆڵینەوە نوێیە لەگەڵ ئیمامئۆغڵو، کە دیارترین ڕکابەری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بوو، لە کاتێکدایە کە دادگایەکی ئەنقەرە ڕۆژی هەینی سکاڵایەکی گەندەڵیی لەسەر پارتی گەلی کۆماری، گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا کە ئیمامئۆغڵو سەر بەو پارتەیە، ڕەت کردەوە بەهۆی "نەبوونی بنەمای یاسایی".
کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی تەممووز، کاتێک بازرگانێکی تورکی بە تۆمەتی سیخوڕی کردن بۆ وڵاتانی بیانی دەستگیر کرا.
بەپێی داواکاری گشتی، بازرگانەکە و ئۆزکان لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی 2019دا، زانیاری هەڵبژاردنی نهێنییان لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی بیانی ئاڵوگۆڕ کردووە.
