ئیسرائیل باری نائاسایی لە باشووری وڵاتەکەی هەڵگرت

دیمەنی گەڕان بەدوای تەرمی بارمتە ئیسرائیلییەکاندا
دیمەنی گەڕان بەدوای تەرمی بارمتە ئیسرائیلییەکاندا

لەسەر داخوازیی سوپا، حکوومەتی ئیسرائیل، باری نائاسایی لە شارۆچکە باشوورییەکانی نزیک لە کەرتی غەززە، هەڵگرت. 

ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا، بە ئاماژە بە ڕاگەیەنراوی نووسینگەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بڵاوی کردەوە "ئیسرائیل، باری نائاسایی لەو شارۆچکانەی باشووری وڵاتەکەی، کە نزیکن لە کەرتی غەززەوە، هەڵگرت. باری نائاسایی پاش هێرشەکەی حەماس لە 7 تشرینی یەکەمی 2023 لەو ناوچانە ڕاگەیەنرابوو."

نووسینگەی یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردووە "هەڵگرتنی باری نائاسایی لەو شارۆچکانەی نزیک سنووری غەززە، لەسەر داخوازیی سوپای ئیسرائیل بووە. ئەم بڕیارە، نیشاندەری دۆخی ئەمنیی ئێستای ئەو ناوچانەیە و ڕەنگدانەوەی کاریگەریی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئێسرائیلە لە کەرتی غەززە."

گەڕان بە دوای تەرمی بارمتەکاندا

لە غەززە، گەڕان بە دوای تەرمی بارمتە ئیسرائیلییەکان بەردەوامە. ئیسرائیل ڕایگەیاند "ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو تەرمی بارمتەیەکی دیکەی لە خاجی سووری نێودەوڵەتی وەرگرتووە."

لە لایەکی دیکەوە، حکوومەتی ئیسرائیل ڕەزامەندی دەربڕیووە لەوەی کارمەندان و فریاگوزارانی میسریی سەر بە خاجی سوور و ئەندامانی بزووتنەوەی حەماس، بەشداری لە گەڕان بەدوای تەرمی بارمتەکاندا بکەن؛ بەمەرجێک لەگەڵ سوپای ئیسرائیلدا هاوئاهەنگی بکەن بۆ دەستنیشانکردنی ئەو شوێنانەی گومانی بوونی تەرمەکانیان تێدا دەکرێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment