ئیسرائیل جارێکی دیکە هەڕەشەی لەناوبردنی حەماس دەکاتەوە
ئەنجامی توێکاری تەرمێکی ڕادەستکراو بەرپرسانی ئیسرائیلی توڕە کردووە و بزووتنەوەی حەماس بە سەرپێچیی لە ڕادەستکردنەوەی تەرمی بارمتەکان تۆمەتبار دەکەن، هاوکات فشار لە ناتانیاهۆ دەکەن و هەڕەشەی لەناوبردنی یەکجارەکی حەماس دەکەن.
بتسلئیل سموتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل داوا لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی دەکات، کۆبوونەوەیەکی خێرای ئەنجوومەنی ئاسایش ڕێک بخات بۆ گفتوگۆ دەربارەی ئەو سەرپێچییەی حەماس لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ڕادەستکردنەوەی تەرمی بارمتە کوژراوەکان دەکات.
هەروەها ئیتمار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، داوا ناتانیاهۆ دەکات بەبێ دواکەوتن و دوودڵی، بڕیاری لەناوبردنی یەکجارەکی حەماس بدات.
کاردانەوەی هەردوو بەرپرسە ئیسرائیلییەکە، دوای ئەوە هات، کە پەیمانگەی پزیشکی دادی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەو تەرمەی حەماس دووشەممەی ڕابردوو لە ڕێگەی خاچی سوورەوە ڕادەستی ئیسرائیلی کردووەتەوە، تەرمی هیچ کام لەو 13 بارمتە ئیسرائیلییە نییە، کە لە کەرتی غەززە کوژراون.
کەناڵی 12ی تەلەڤزیۆنی ئیسرائیل، لە زاری بەرپرسانی باڵای ئیسرائیلەوە بڵاوی کردووەتەوە "ئیسرائیل ناتوانێت بەرانبەر بە سەرپێچییەکانی حەماس، لەوە زیاتر دان بە خۆیدا بگرێت."
هەندێک سەرچاوەی میدیایی دیکەش بڵاویان کردووەتەوە "ئەوەی حەماس ڕادەستی کردووە، چەند پارچەی تەرمی بارمتەیەکە، کە پێشتر ڕادەستی ئیسرائیلی کردووەتەوە."
ڕۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی، لە وتارێکدا، ئاماژەی بەوە داوە " بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایان وایە، حەماس زۆر چاک دەتوانێت سەرجەم تەرمەکان بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەوە ناکات؛ چونکە دەیەوێت بۆ سەپاندنی مەرجەکانی لە دانوستانەکاندا، سوود لە کات وەربگرێت."
