مهسرور بارزانی: دەمانەوێت کوردستان ببێتە سەرچاوەی کارەبا بۆ هەموو عێراق
مەسرور بارزانی، نیازی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ هاوکاریی حکوومەتی فیدراڵ لە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری دەربڕی و گوتی: دەمانەوێت کوردستان ببێتە سەرچاوەی کارەبا بۆ هەموو عێراق. لە بارەی پرۆژەی ڕووناکییەوەش ڕایگەیاند: زیاتر لە چوار ملیۆن هاووڵاتی لە سەرانسەری هەرێم لە پرۆژەکە سوودمەند بوونە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، پرۆژەی ستراتیژیی گەیاندنی بۆریی گازی سروشتی (هەولێر-دهۆک)، لە شاری دهۆک کردەوە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێک وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، ئاماژەی بەوە دا، سوپاس بۆ خودا ئەو دەرفەتەی بە ئێمە دا ئەو پرۆژانە جێبەجێ بکەین و بیخەینە خزمەتی خەڵکی کوردستان.
باسی لەوەش کرد، خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەشی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین، حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانی زیاتری لە کەرتی گازدا کرد لەگەڵ کۆمپانیای دانا گاز و کۆمپانیای کار، ئێستا بەرهەمی گاز بووەتە دوو بەرانبەر، ئەمەش هاوکاریی زیاترمان دەکات لە دابینکردنی کارەبای زیاتر.
مەسرور بارزانی، هەر لە باسی سێکتەری کارەبادا گوتی: دەمانەوێت کوردستان بکەینە شوێنێک بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ هەموو عێراق و دەوروبەریش، ئەم پرۆژەیەی ئەمڕۆ زیاتر هاوکاریمان دەکات بۆ ژینگەیەکی پاکتر، چونکە گازوایل کاریگەریی هەبوو لەسەر پیسکردنی ژینگە.
لە بارەی جێبەجێکردنی پرۆژەی دیکە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، پرۆژەی دیکەمان هەیە كه بریتییه له ڕاکێشانی بۆریی گاز لە نێوان کۆرمۆر بۆ چەمچەماڵ و لە بەرنامەی حکوومەتدایە و هیوادارم لە کاتێکی نزیکدا جێبەجێ بکرێت.
لە درێژەری گوتارەکەیدا، مەسرور بارزانی باسی لە سامانە سروشتییەکان کرد و جەختی لەوە کردەوە، کوردستان بە سەرچاوەی سروشتی؛ نهوت، گاز و کانزا شوێنێکی دەوڵەمەندە، ئەم سامانە سروشتییە موڵکی هەموو خەڵکی کوردستانه و موڵکی هیچ حزب و کەسێک نییە.
لە بارەی پرۆژەی ڕووناکییهوه مەسرور بارزانی، ڕایگەیاند: زیاتر لە چوار ملیۆن هاووڵاتی لێ سوودمەند بوونە لە سەرانسەری کوردستان، ساڵی داهاتوو سەرجەم کوردستان دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری.
هاوکات گوتیشی: ئەو پرۆژەیەی ئەمڕۆ زۆر ستراتیژی و گرنگە و هاوکار دەبێت لە زیادکردنی بەرهەمی کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نیازی هەرێمی کوردستانی بۆ هاوکاریکردنی عێراق دەبڕی و ئاماژەی بەوە کرد، دەمانەوێت زیاتر لە سێکتەری کارەبا هاوکاری حکوومەتی فیدراڵیش بکەین، هەروەها دەمانەوێت کوردستان ببێتە سەرچاوەی کارەبا بۆ هەموو عێراق.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە دابینکردنی کارەبا لە ڕێگەی وزەی خۆر کرد و ڕوونی کردەوە، حکوومەت لە داهاتوودا بەرنامەی دیکەیشی هەیە بۆ ئەوەی سوود لە وزەی خۆر بۆ کارەبا وەربگرێت، دەمانەوێت لە ڕێگەی بانکەوە قەرز بدەینە هاووڵاتییان بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن بە ئاسانی ببنە خاوەنی ئەو سیستەمەی کە کارەبا لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە وەردەگرێت.
مەسرور بارزانی ئەوەی نەشاردەوە کە تووشی ئاستەنگی و ڕێگریی زۆر بوونە تا نەتوانن پرۆژەکان جێبەجێ بکەن، بەڵام وەک خۆی ئاماژەی پێ کرد، سەرەڕای ئاستەنگ و ڕێگرییەکان، سوپاس بۆ خوا توانیمان پرۆژەکان جێبەجێ بکەین و خەونی زۆر کەس بکەینە ڕاستی.
هیواشی خواست بتوانن لە ڕێگەی جێبەجێکردنی پرۆژەکانەوە خزمەتی زیاتری خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەن. مەسرور بارزانی داواشی لە هاووڵاتییان کرد ژینگە بپارێزن و کارەبا بە فیڕۆ نەدەن.
ئەمڕۆ، پڕۆژەیەکی ستراتیژیی دیکەمان کردەوە کە بە درێژی 198 کیلۆمەتر و بوجەی 600 ملیۆن دۆلار بۆریی غازی سروشتی لە پارێزگای هەولێرەوە دەگەیەنێت بە وێستگەی کارەبای هەزار مێگاواتی لە دهۆک.
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) October 28, 2025
ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان بەهێزە و ئامادەین هاوکاریی حکومەتی فیدراڵیش بکەین.
پرۆژەی ستراتیژیی گەیاندنی بۆریی گازی سروشتی (هەولێر-دهۆک)
ئامانجی سەرەکی ئەم پرۆژەیە گەیاندنی گازی سروشتییه بۆ وێستگەی کارەبای هەزار مێگاواتی کواشێ لە قەزای سێمێل و هەنگاوێکی گرنگە بۆ دابینکردنی وزەی جێگرەوە و خاوێن بۆ دەڤەرەکە، هاوکات گهیاندنی بۆریی بۆ وێستگهكه بە درێژایی 198 کیلۆمەتر بە بڕی 591 ملیۆن دۆلار لەلایەن کۆمپانیای کارەوە، جێبەجێ کراوە.
هەروەها وێستگەی کارەبای گازی کواشێی، پرۆژەیەکی گرنگی کەرتی بەرهەمهێنانی وزەیە لە هەرێمی کوردستان بە توانای بهرههمێنانی 1000 مێگاوات کارەبا، پرۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای "ماس گروپ هۆڵدینگ"، بە گرێبەست لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی سیستەمی (Build, Own, Operate) جێبەجێ دەکرێت.
دەقی گوتارەکەی مەسرور بارزانی:
بە ناوی خودای مەزن و میهرەبان
ئامادەبووانی هێژا:
گەلێك بەخێر بێن و سوپاس بۆ ئامادەبوونتان. پێش هەموو شتێك سوپاس بۆ خوا كە ئەم دەرفەتەی پێداین بتوانین ئەم پرۆژانە جێبەجێ بكەین و بیانخەینە خزمەتی خەڵكی كوردستان. جێی خۆیەتی من دەستخۆشی لەو وەبەرهێنەر و سەرمایەدار و بەڵێندەر و كەسایەتییە بەڕێزانە بكەم كە بەشدار بوون لە سەرخستنی ئەم پرۆژەیە.
پێش ئێستا وێستگەی كارەبا لێرە هەبوو كە بەڕێز كاك ئەحمەد ئیسماعیل ئەو وێستگەیەی دروست كردبوو، بەڵام بەداخەوە لەبەر نەبوونی گازوایل یان دیزڵ، وەك پێویست نەیانتوانیوە سوودی لێ وەربگرن. پاش ئەوە ئێمە داوامان كرد كە بە زیادكردنی گازی سروشتی، دەتوانین بۆریی گاز لە كۆرمۆرەوە بۆ هەولێر و تا دهۆک ڕابكێشین تاوەكوو ئێمە بتوانین ئەم وێستگەی كارەبایە بخەینە كار. من داخوازم لە برای بەڕێزم کاک شێخ باز كرد كە ئەم كارەمان بۆ بكەن لە كۆمپانیای كار، ئەوانیش بەڕاستی تەقسیرییان نەكرد، كاك شێخ باز رۆڵی خۆی گێڕا و لە ماوەی ساڵ و نیوێكدا ئەم ئەركەی بەجێ هێنا و ئەم بۆرییەی ڕاكێشا.
ئەمە هەمووی بەشێکن لە بەرنامەكانی چاكسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تاوەكوو ئێمە بتوانین زیاتر سوود لە سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان وەربگرین و خزمەتگوزارییەكی زیاتر پێشكەش بە خەڵكی هەرێمی كوردستان بكەین.
پاش ئەوەی حكوومەتی هەرێم وەبەرهێنانێكی زیاتری لە بەرهەمهێانی گاز كرد و پشتیوانییەكی زیاتری كرد لەگەڵ كۆمپانیای داناگاز و كۆمپانیای دیكەش، تەنانەت كۆمپانیای كار كە بەرهەمی گاز لە كوردستان زیاتر بكەن، ئێستا وەك بەڕێز كاك كەمالیش (وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت) باسی كرد، بەرهەمی گاز ئێستا گەیشتووەتە دوو بەرانبەر جاران، ئەمەش هاوكارییەكی ئێجگار زیاد دەكات هەم لە لایەنی دابینكردنی كارەبا بۆ هەرێمی كوردستان و بگرە پاش ئەوە ئێمە دەتوانین كوردستان بكەینە جێیەك بۆ دابینكردنی كارەبا بۆ هەموو عێراق و ناوچەكانی دەوروبەریش. ئێمە پێمان خۆشە كە كوردستان جگە لەوەی دەتوانێت كارەبای 24 كاتژمێری بۆ خۆی دابین بكات، بتوانین ئەو كارەبایە بدەینە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان و بەشەكانی دیكەی عێراق و ناوچەكەش. لە لایەكی دیكەوە ئەم پرۆژەیە زیاتر هاریكار دەبێت بۆ ژینگەیەكی پاقژتر، چونكە پێش ئێستا دیزڵ و گازوایل كاریگەرییان هەبوو لەسەر پیسكردنی كەشوهەوا، بەڵام گازی سروشتی بێگومان تا ئاستێكی زیاتر پیسبوونی هەواش چارەسەر دەكات. لە ڕووی دەرامەتی ئەم بابەتەش یانیش ئەو دەرخستەیەی كە بەكار دەهێندرێت بۆ گەیاندنی گاز، زۆر كەمتریش دەبێت، واتە تەنانەت تێچووی لەسەر هاووڵاتیانیش كەمتر دەبێت.
ئێمە پرۆژەی دیكەشمان زۆر هەیە، بۆ ئەوەی ئێمە زیاتر بتوانین گاز لە هەرێمی كوردستان زیاتر بەرهەم بهێنین، ئەویش بۆ نموونە ڕاكێشانی بۆریی گاز لە نێوان كۆرمۆر بۆ چەمچەماڵ ئەویش یەكێكی دیكەیە لە بەرنامەكانی حكوومەتی هەرێم، هیوادارم ئەویش لە كاتێكی زوودا بە ئەنجام بگات.
بە شێوەیەكی گشتیی دەڤەرەكانی هەرێمی كوردستان لە ڕووی سەرچاوە سروشتییەكانەوە دەوڵەمەندن، هەم گاز، هەم نەوت و كانزاکان لە هەرێمی كوردستان زۆرن، ئەو سامانە سروشتییەش، سامانی هەموو خەڵكی كوردستانە، موڵكی هیچ كەسێك و هیچ حزب و لایەنێكی سیاسیی نییە، پێویستە ئێمە بە باشترین شێوە بتوانین سوود لەو سامانە سروشتیانە وەربگرین و بیخەینە خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستان، چۆن نەوت لێرە بەكار دەهێندرێت بۆ هەموو بەشەكانی هەرێمی كوردستان، هەموو شار و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، هەر جێیەكیش گازی لێبێت، بێگومان بۆ هەموو هەرێمی كوردستان بێ جیاوازیی بەكار دەهێندرێت.
پڕۆژەی ڕووناكی كە پرۆژەی 24 كاتژمێریی كارەبایە بۆ هەموو هەرێمی كوردستان، هەتا ئاستێكی زۆر كەوتووەتە كار، ئێستا زیاتر لە چوار ملیۆن كەس لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان سوودی لێ وەردەگرن، گەلێك شار و سەنتەری شارە مەزنەكانمان بووەتە كارەبای 24 كاتژمێری و هەتا ساڵی داهاتوو، ئینشائەڵا هەموو كوردستان دەبێتە كارەبای 24 كاتژمێری. بێگومان ئەم پرۆژەیە كە پرۆژەیەكی زۆر ستراتیژی و گرنگە، هاریكار دەبێت لە زیادكردنی بەرهەمهێنانی كارەبا تاوەكوو دیسان بۆ ئاسانكردنی سەرخستنی پرۆژەی كارەبای 24 كاتژمێری ئەویش دیسان بكەوێتە كار.
ئێمە پێمان خۆش بوو بتوانین زیاتر لەوەش هاریكاریی حكومەتی فیدراڵ بكەین، بەڵام ئێمە پێمان باشە حكوومەتی فیدراڵیش زیاتر هاریكاریی ئێمە بكات تا ئێمە دەستی هاریكاری بگەینینە هەم ئەو جێیانەی كە بڕاون لە هەرێمی كوردستان و شارەكانی دیكەش كە لە ئێمە نزیكن و لە داهاتوو بەڵكوو بتوانین زیاتر هاریكاریی حكوومەتی فیدراڵیش بكەین.
حكوومەت بەرنامەی دیكەشی هەیە، لە پاشەڕۆژدا سوود لە وزەی خۆر وەربگرێت، وەزارەتی كارەبا بەرنامەی هەبووە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان خۆیان بتوانن وزەی خۆر بەكار بهێنن و لە ڕێگەی بانكەكانەوە قەرز بدەینە هاووڵاتیان، پاشان لەگەڵ حكوومەت بگەنە ڕێككەوتن و میكانیزمێك بەكار بهێنن بۆ ئەوەی ئەویش بكەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان.
هەرچەندە پێش ئێستاش زەحمەتییەكی زۆر، ئاستەنگی زۆر، ڕێگرییەكی زۆر بۆ ئێمە هاتووەتە پێش تاوەكوو نەهێڵن ئەم پرۆژانە سەربكەون، بەڵام سوپاس بۆ خوا و بە ماندووبوونی ئێوە هەمووان، ئێمە توانیمان ئەم پرۆژانە جێبەجێ بكەین و ئەو خەونەی كە زۆر هەیانە، بكەینە ڕاستی. لێرە جێی خۆیەتی من سوپاسی وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و جەنابی وەزیر و هەموو ستافی وەزارەت بكەم كە بەڕاستی ئەوانیش زەحمەتییەكی زۆریان كێشا بۆ ئەوەی ئەم پرۆژەیەیان كرد بەڕاستی. سوپاسی تیمی ڕووناكیش بكەم كە ئەوانیش بەردەوام بوون بۆ سەرخستنی پرۆژەی ڕووناكی.
ئەم پرۆژانە بەردەوام دەبن، هیوای من ئەوەیە كە ئێمە بتوانین زیاتر خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەین، جارێكی دیكە دەستخۆشیی لە كاك شێخ باز، كاك ئەحمەد ئیسماعیل، كاك كەمال و هەموو برادەران، هەموو خوشكان و هەموو ئەو بەڵێندەرانەی كە بەردەوام بوون و بەشدار بوون لە سەرخستنی ئەم پرۆژانە بكەم، هیوادارم هەر سەركەوتوو بن و تەندروست بن. داخوازیی من لە هاووڵاتیان جارێكی دیكەش ئەوەیە كە ژینگەی خۆیان بپارێزن، ئەم پرۆژەیە بەشێكە لە پاككردنەوەی هەوای كوردستان، بەڵام ئێوە دەتوانن گەلێك زیاتریش هاریكاریی ئێمەش بكەن لە چەندین ڕووەوە، كارەبا بێ هۆكار بەفیڕۆ مەدەن و ژینگە بە هەر جۆرێك كە دەتوانن بپارێزن، ئێمەش دەتوانین زیاتر خزمەتی ئێوە بكەین.
جارێكی تر هیوای تەندروستییەكی باش بۆ ئێوە و هەمووان دەخوازم، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان دەبێت.



