لە عێراق کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لە داڕمانە

لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو لە پەرلەمانی عێراق، هۆشداری دا وڵات بە خراپترین قۆناغ تێدەپەڕێت لە ڕووی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوەوە، بەهۆی قەیرانی ئاو کە زیانی گەورەی بە کەرتی ئاژەڵداری و سامانی ماسی گەیاندووە.

ئیبتیسام هیلالی، ئەندامی لیژنەکە، ڕایگەیاند: "عێراق بە قۆناغێکی زۆر مەترسیداردا تێدەپەڕێت. ئەمساڵ ئاوی پێویست بۆ ئاودێری دابین نەکراوە و تا ئێستاش پلانی کشتوکاڵی ڕانەگەیەندراوە، ئەگەری هەیە کەمکردنەوەیەکی بەرچاوی ڕووبەرە چێندراوەکان لەخۆبگرێت."

بە گوتەی هیلالی، زیانەکان فرەلایەنن و کاریگەریی قووڵیان لەسەر ئاسایشی خۆراکی وڵات داناوە، چونکە کەرتی ئاژەڵداری بە ڕێژەی 70%پاشەکشەی کردووە، کە گەورەترین زیانە. ئەمساڵ بەهۆی بێ ئاوییەوە زۆربەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بە تەواوی لەناودەچێت. لەگەڵ ئەوەشدا زیانێکی بەرچاو بە سامانی ماسی کەوتووە و زۆنگاوەکان خەریکە بە تەواوی وشک دەبن، کە بووەتە هۆی مردنی ژمارەیەکی زۆر لەو باڵندە و ئاژەڵانەی پشتیان بەم ژینگە تایبەتە بەستبوو.

هیلالی جەختی کردەوە "ئەم قەیرانە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر ئاسایشی خۆراک و ژینگەی عێراق." قەیرانەکە تەنیا پەیوەست نییە بەمساڵەوە، بەڵکو دەرئەنجامی کەڵەکەبوونی چەندان ساڵە. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق یەکێکە لە پێنج وڵاتە هەرە زیانمەندەکەی جیهان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە.

لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، عێراق نزیکەی 30%ی زەوییە کشتوکاڵییە بەپیتەکانی لەدەستداوە.
ساڵانە 100هەزار دۆنم زەوی بەهۆی بیابانبوونەوە لەدەست دەچێت.
ڕووبەری سەوزایی لە عێراقدا لە نزیکەی 50% دابەزیوە بۆ تەنیا 17%.
ڕووبەری دارستانەکان تەنیا 2٪ی کۆی گشتیی ڕووبەری عێراق پێکدەهێنێت.

سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان چڕکردووەتەوە، بەڵام قەبارەی کارەساتەکە پێویستی بە کاری بەپەلەی حکوومەت و هاوکاریی هەرێمایەتی هەیە بۆ مسۆگەرکردنی پشکی ئاوی عێراق.

لە لایەکی دیکەوە، سەرەڕای نزمبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات، دەسەڵاتی گشتیی بۆ بەنداوەکان دڵنیایی دەدات "ئاوی خواردنەوە و بەکارهێنانە سەرەکییەکان بۆ ئەم وەرزە و وەرزی داهاتوو بە تەواوی مسۆگەر کراون."

شارەزایان پێیان وایە عێراق پێویستی بە چاندنی زیاتر لە 10ملیار نەمام هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت ڕووبەڕووی بیابانبوون ببێتەوە و بەشێک لە ژینگە لەدەستچووەکەی بگەڕێنێتەوە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment