ترەمپ بۆ پێنتاگۆن: بە زووترین کات دەست بە تاقیکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکان بکەن
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند "فەرمانم داوە بە دەستپێکردنەوەی خێرای تاقیکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا."
پێنجشەممە، 30ـی تشرینی یەکەم 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ڕایگەیاند، سەرۆکی ئەمەریکا، بەیانیی ئەمڕۆ، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس، نووسیویەتی "لەسەر بنەمای بەرانبەریی هێز لەگەڵ ڕووسیا و چین، فەرمانم بە پێنتاگۆن داوە خێرا و بەبێ دواکەوتن تاقیکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکان دەست پێ بکەنەوە."
ترەمپ، ئەم هەنگاوەی بە پێویستییەک بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی جیهانیی ناو بردووە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ساڵی 1992، بە شێوەیەکی خۆبەخشانە، تاقیکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکانی ڕاگرت.
سەرۆکی ئەمەریکا، لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەر وڵاتێکی دیکەی جیهان، زیاتر چەکی ئەتۆمیی هەیە. ئەم دەستکەوتە، کە نوژەنکردنەوە و بەهێزکردنی چەکە ئەتۆمییەکان دەگرێتەوە، بەرهەمی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی منە."
دۆناڵد ترەمپ، لە درێژەی پەیامەکەیدا نووسیویەتی "من لە چەکی ئەتۆمی بێزارم، بەڵام چارەیەکی دیکەم نەبوو. چونکە لەم بوارەدا ڕووسیا دووەمە و چین سێیەم. ئەوان بەردەوام سەرقاڵی پەرەپێدانی چەکە ئەتۆمییەکانی خۆیانن، نامەوێت ئەمەریکا لەم بوارەدا پاش ئەوان بکەوێت."
سەرۆکی ئەمەریکا، دووشەممەی ڕابردوو، لە ناو فڕۆکەی ‘Air force one’، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، گاڵتە لەگەڵ پوتن ناکات.
ترەمپ، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێکدا، دەربارەی مووشەکە نوێیەکەی ڕووسیا کە توانای بڕینی مەودای 12 هەزار و 874 کیلۆمەتری هەیە، گوتی: دەزانم، بەڵام ئێمە باشترین ژێردەریایی ئەتۆمیمان لە جیهاندا هەیە و ئێستا لە نزیک کەناراوەکانی ڕووسیادایە؛ مەبەستم ئەوەیە ئێمە پێویستمان بەو مەودا زۆرە نییە. بێگومان ڕووسەکان گاڵتەمان لەگەڵ ناکەن، ئێمەش هەروا گاڵتەیان لەگەڵ ناکەین.
یەکشەممەی ڕابردوو، وەزارتی بەرگریی ڕووسیا، ڕایگەیاند، مووشەکێکی ستراتیجیی نوێیان بە سەرکەوتوویی تاقی کردووەتەوە کە بە سووتەمەنی ئەتۆمی کار دەکات و توانای بڕینی مەودای 12 هەزار و 874 کیلۆمەتری هەیە.
