سیداد بارزانی: پێویستە هاووڵاتییان خۆیان بڕۆن بۆ دەنگدان نەک ئێمە داوایان لێبکەین
نوێنەری سەرۆک بارزانی، لە وتارێکیدا گوتی، داوا دەکەم بەراوردێک بکرێت لەنێوان ئاوەدانیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا، سەرەڕای ئەو بودجە زەبەلاحەی کە بۆ ئەوان تەرخان کراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە میانی ڕێوڕەسمێکی بانگەشەی هەڵبژاردن لە سۆران، سیداد بارزانی، نوێنەری سەرۆک بارزانی، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لەسەر گرنگی بەشداریی لە هەڵبژاردن و پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە. لە سەرەتای وتارەکەیدا، سوپاسی هاوپەیمانانی کرد بۆ پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە.
سیداد بارزانی ئاماژەی بەوەدا، نابێت سیاسەت لە عێراقدا بە زۆرینە بسەپێنرێت و گوتی: "ئەگەر کورد 100 کورسیش بەدەست بهێنێت، بەڵام ڕێککەوتنەکان جێبەجێ نەکرێن، ئەوا هەر بە کەمینە دەمێنینەوە. عێراق لەسەر ئەو بنەمایە دانەمەزراوە."
نوێنەری سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە، سندوقی دەنگدان پێوەرە و داوای لە ئامادەبووان کرد، بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان. گوتی: "پێویستە خۆتان بڕۆن بۆ دەنگدان، نەک ئێمە داواتان لێبکەین. ئێوە خاوەن مافن و دەبێت بەرگریی لە خاک و نیشتمانی خۆتان بکەن، هەروەک چۆن ڕێگەتان نەدا پلانەکانی ناحەزان جێبەجێ ببن."
ناوبراو ئاماژەی بە هەوڵەکان کرد بۆ بێبەشکردنی منداڵانی کورد لە خوێندن لە ڕێگەی بایکۆتەوە و ئەو هەست بە بەرپرسیارێتییەی بە تایبەتی ئاراستەی مامۆستایان و پەروەردەکاران کرد.
لە کۆتاییدا داوای کرد دەنگ بە لیستی ژمارە 275 بدرێت و گوتی: "دەنگدانی هەموومان بۆ لیستی 275، دەنگدانە بۆ بەهێزکردنی کوردستان."
سیداد بارزانی ڕەخنەی لەو لایەنانە گرت کە هەوڵیانداوە ڕێگری لە پێشکەوتنی کوردستان بکەن. داوای کرد بەراوردێک بکرێت لەنێوان ئاوەدانیی هەرێمی کوردستان لە کابینەی یەکەمەوە تا نۆیەم، لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا، سەرەڕای ئەو بودجە زەبەلاحەی کە بۆ ئەو پارێزگایانەی عێراق تەرخان کراوە.
