سەرۆک بارزانی: زاخۆ دڵ و ڕووحی ئێمەیە
سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە، زاخۆ دڵ و ڕووحی ئێمەیە و ئەم شارە قوربانییەكی زۆری بۆ ئازادی كوردستان و لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش داوە، بۆیە خۆمان بە قەرزاری دەزانین و لەسەرمان پێویستە خزمەتی زاخۆ و هەموو كوردستان بەبێ جیاوازی بكەین.
لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ دەڤەری بادینان، دوای نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی 31ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەرۆك مەسعود بارزانی لە شاری زاخۆ، لەگەڵ چین، توێژ و كەسایەتییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ كۆبووەوە.
لەو كۆبوونەوەدا سەرۆك بارزانی گوتارێكی پێشكەش بە ئامادەبووان كرد و دووپاتی كردەوە، كە زاخۆ دڵ و ڕووحی ئێمەیە و ئەم شارە قوربانییەكی زۆری بۆ ئازادی كوردستان و لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش داوە، بۆیە خۆمان بە قەرزاری دەزانین و لەسەرمان پێویستە خزمەتی زاخۆ و هەموو كوردستان بەبێ جیاوازی بكەین.
سەرۆک بارزانی دەڵێت: بۆ زاخۆ ئەوەی كراوە جێگەی دڵخۆشییە، بەڵام دەبێت هێشتا پتر خزمەت بكرێت، ئەو گۆڕانەی بەسەر زاخۆدا هاتووە، لەگەڵ دووساڵ لەمەوبەر زۆر بە جوانی دەبینرێت.
سەرۆك بارزانی لە بە شێکی دیکەی گوتارەکەیدا باسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد و ئاماژەی بەوە دا، ئێمە وەك پارتی باوەڕێكی مكوڕمان بە هەڵبژاردن هەیە و دەمانەوێت میللەت خۆی بریاڕ لە چارەنووسی خۆی بدات، لە هەموو هەڵبژاردنەكانیش پارتی هەر یەكەم بووە و ئەمجارەش دەمانەوێت لەم هەڵبژاردنە هێزی پارتی نیشانی هەموو لایەک بدەین.
هەروەها سەرۆك بارزانی گوتی: دەمەوێ هەموو لایەک بزانن، كە پیلانگێڕی لەسەر كوردستان بەردەوامە، ئەگەر جاران بە ڕێگەی سەربازی و شەڕ بوو، ئێستا لە ڕێگەی ماددەی هۆشبەر و بێ ئومێدكردنی خەڵك و لاوازكردنی ئینتیما و بڕینی مووچە و هەوڵدان بۆ برسیكردنە، ئەركی هەموولایەكمانە كە ڕێگە لەم جۆرە پیلانانە بگرین و ڕێگە نەدەین كۆمەڵگەی كوردستان بە ماددەی هۆشبەر تووشی هەڵتەكان و نائومێدی بكرێت.
لە بارەی دۆخی سیاسیی و ئیداریی عێراقیشەوە، سەرۆکی بارزانی ڕایگەیاند: كاتی خۆی هەموولایەكمان لە ساڵی 2002، لە لە کۆنگرەی ئۆپۆزیسیۆن لە لەندەن لەسەر سێ مەبدەئی زۆر گرنگ ڕێككەوتین، كە دەبێ عێراق بە هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بەڕێوە بچێت، بەڵام بەداخەوە ئەوە نەكرا، دوای هەوڵێكی زۆر دەستووری هەمیشەیی عێراق ئامادەكرا و خەڵكی عێراق دەنگی لەسەردا، بە داخەوە دەستووریش وەك پێویست ئیلتیزامی پێنەكرا، بۆیە عێراق تووشی ئەو هەموو كێشەیە بووەتەوە، ئێستاش و داهاتووش ئەگەر دەوڵەتی عێراق لەسەر ئەو سێ مەبدەئە بەڕێوە نەچێت، كێشەكانی قەت چارە نابن، چونكە مێژوو ئیسپاتی كردووە كە یەك لایەن ناتوانێت حوكمی عێراق بكات.

سەرۆک بارزانی لە درێژەی گوتارەکەیدا جەختی کردەوە، كە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان، ئیلتیزاممان بەرامبەر میللەتی خۆمان و، بەرامبەر خوێنی شەهیدەكانمان، و بەرامبەر فرمێسكی دایكی شەهیدەكانمان و بەرامبەر خەبات و قوربانیدان پێشمەرگەكانمان هەیە.
دەشڵێت: پارتی كار بۆ ئێستا و ئاییندەی ئەم میللەتە دەكات، جگە لە بەرەڤانیی مەیدانی و سیاسی، بە جیددی لە بواری ئاوەدانكردنەوە و بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری و پێشخستنی كەرتەكانی تەندروستی و پەروەردە، ڕێگە و بان، ئاو، كارەبا، كشتوكاڵ و ئاودێری، كار دەكەین.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە کولتووری دەوڵەمەندی پێکەوەژیان دا و ڕایگەیاند: كوردستان موڵكی هەموو پێكهاتەكانە و دەبێ ئەو فەرهەنگە دەوڵەمەندە بپارێزرێ.
هەر پەیوەست بە بابەتی پێکەوەژیان و چارەنووسی هاوبەش، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە نموونەیەکی مێژوویی لەکاتی ئەنفالی بارزانییەکان دا، کە چەند کەسێکی گوندێکی بێدیال کە گوندێکی کریستیانی ئاشوورییەکانە لەگەڵ ڕەشبگیرییەکەی ئەنفال لە دەڤەری بارزان دەستگیر کرابوون، بەرپرسی ئەمنیی ئەو ڕەشبگیرییە بەوانی ڕاگەیاندبوو کە ئێوە کریستیانن و بڕۆن ئازادن، بەڵام ئەوان گوتبوویان ئێمەش بارزانین و چارەنووسمان لەگەڵ بارزانییەکان یەکە، ئەوە بوو ئەوانیش لەگەڵ بارزانییەکان ئەنفال کران.
هەرەوەها سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە، كە ئومێدمان زۆرە بە پشتیوانی میللەتی خۆمان بەردەوام دەبین و دەبێت كوردستان یەك هەرێم و یەك پەرلەمان و یەك حكوومەت و یەك هێزی پێشمەرگەی هەبێت.

