پێنتاگۆن ڕەزامەندی لەسەر پێدانی مووشەکی تۆماهۆک بە ئۆکرانیا دەدات

بەگوێرەی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان، وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر ئەگەری پڕچەککردنی ئۆکرانیا بە مووشەکی کرووزی دوورمەودای جۆری تۆماهۆک، بەڵام بڕیاری کۆتایی لەم بارەیەوە لە دەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکادایە.

سەرەڕای ڕەتکردنەوەی سەرەتایی، ترەمپ بە تەواوی دەرگای دانەخستووە و ئامادەکاری کراوە بۆ گواستنەوەی خێرای مووشەکەکان ئەگەر فەرمانەکە دەربکات. بەڵام هەڵوێستی ترەمپ گۆڕانکاری بەسەردا هات، بەتایبەت دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا. پوتن هۆشداری دابوو کە مووشەکەکانی تۆماهۆک دەتوانن بگەنە شارە گەورەکانی ڕووسیا و ئەمەش پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات تێکدەدات.

لە لایەکی دیکەوە، ڤلادیمێر پوتین لە 23ـی تشرینی یەکەمدا بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند، ئەگەر خاکی ڕووسیا بە مووشەکی تۆماهۆک بکرێتە ئامانج، وەڵامدانەوەیان "زۆر توند دەبێت". دواتر دمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرملین، لێدوانەکەی پوتنی بە "ڕوون و هەمەلایەنە" وەسف کرد و گوتی هیچ پێویست بە ڕوونکردنەوەی زیاتر ناکات.

لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، ترەمپ ئاماژەی بەوەدا ڕاهێنانی هێزەکانی ئۆکرانیا لەسەر بەکارهێنانی ئەم سیستەمە مووشەکییە ئاڵۆزە کاتێکی زۆری دەوێت کە ڕەنگە شەش مانگ تا ساڵێک بخایەنێت.

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، لە چەندان بۆنەدا داوای ئەم چەکە ستراتیژییەی کردووە. لە کۆبوونەوەی 17ـی تشرینی یەکەمدا، زێلێنسکی هەوڵیدا ترەمپ ڕازی بکات بە پێدانی مووشەکەکان، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. ترەمپ لەو کاتەدا ڕایگەیاندبوو، ویلایەتە یەکگرتووەکان پێویستی بەو مووشەکانە هەیە بۆ پاراستنی خۆی و نایەوێت کۆگاکانی چۆڵ بکات.

مووشەکی تۆماهۆک چەکێکی پێشکەوتووی دروستکراوی ئەمەریکایە و بە وردی لە پێکانی ئامانج و مەودای دووری ناسراوە. ئەم مووشەکە دەتوانێت ئامانجەکانی لە دووریی نزیکەی 1600 کیلۆمەتر (1000میل) بپێکێت.مووشەکی تۆماهۆک لە قۆناغی یەکەمی هێرشەکاندا بەکاردێت بۆ لەناوبردنی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی دوژمن و بەهۆی توانای فڕینی لە بەرزیی نزمدا، دەتوانێت خۆی لە ڕادارەکان بشارێتەوە. ئەم چەکە لە چەندان جەنگی پێشوودا بەکار‌هاتووە، لەوانە جەنگی کەنداو و هێرشەکانی سەر سووریا.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment