ڕووسیا ڤاکسینی شێرپەنجەی پێست بەرهەم دەهێنێت

لە کۆتایی ساڵی 2024 دا ڤڵادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی پەرەی بە ڤاکسینێکی شێرپەنجە داوە و لە ساڵی 2025 بۆ تووشبوان دەستەبەر دەکرێت. لە ناوەندە زانستییەکانی ڕووسیا بەدواداچون بۆ ئەم بابەتە دەکەین. 

جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا دەڵێت، کارکردن لەسەر ڤاکسینەکە بەردەوامە، بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانی گەمالییاش ئەوەی خستووەتەروو، کە بەڵگەنامەی پێویست پێشکەش بە وەزارەتی تەندرووستی وڵاتەکە کراوە، بۆ ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر  ڤاکسینی شێرپەنجە بدرێت بۆ بەرهەم هێنان.

 ڤلادیمێر میتکێڤیچ، ئەندامی ئەکادیمیای زانستی ڕووسی بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، ماوەیەکە بەشێوەیەکی بەرفراوان کار لەسەر وەبەرهێنانی ڤاکسینی دژە شێرپەنجە دەکرێت لە دامەزراوەی گەمالییا و ناوەندی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی، هەندێ فۆرمی ڤاکسین دژی هەندێک جۆری شێرپەنجە وەبەرهێنراوە، لە ماوەی یەک دوو ساڵی داهاتوودا ئەم ڤاکسینانە دەبێت بگەنە ناو کلینیک و نەخۆشخانەکان و بەکاربهێندرێن. گوتیشی: بێگومان ئەم هەنگاوانە ژیان و باری قورسی ئەو نەخۆشانە سووک دەکات کە بەدەست نەخۆشی شێرپەنجەوە دەناڵێنن، بەوپێیەی ڤاکسین دژی ئەو جۆرانەی شێرپەنجە بەرهەم دێن کە بە خێرایی و خۆسەپێنانە بڵاودەبنەوە و تەشەنە دەستێنن لەڕێگەی نوژدارییەوە چارەسەریان بەدینایەت، مەگەر تەنها لەڕێگەی ڤاکسینەوە بەریان پێبگیرێت و بنەبڕ بکرێن.

ئەم ڤاکسینەی وابڕیارە بەم نزیکانە بەردەست بێت، بە چوار قۆناغ بۆ توشبووانی شێڕپەنجەی پێست بەکاردەهێنرێت، لە قۆناغی یەکەمدا پزیشكەکان زانیاری کەسی لە توشبووەکە وەردەگرن و لەقۆناغی دووەمدا پرۆسێسکردنی ئەم زانیارییە بۆماوەییە بە شێوەیەکی بیرکارییانە، بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد، لە ئەنجامدا پزیشکان دیزاینێکی ڤاکسین دروست دەکەن، تەنیا بۆ ئەو توشبووە کاریگەرە، لە قۆناغی سێیەمدا دروستکردنی ڤاکسینی mRNA و کۆگاکردنی لە نانۆ پێکهاتەی چەوریدا بۆ گەیاندنی بە ناو خانەکانی نەخۆشەکە. لە قۆناغی چوارەمیشدا ڤاکسینەکە بە توشبووەکە دەدرێت و چاودێری کاریگەرییەکانی دەکرێت.

 سڤێتلانا سائەکیان، ئەندامی ئەکادیمیای زانستی ڕووسیا ڕایگەیاند، وەبەرهێنانی ڤاکسین دەستکەوتێکی گەورەیە و دەتوانێت بەر بە تەشەنەسەندنی نەخۆشی بگرێت، ئەو ڤاکسینە بێگومان دژی شێرپەنجەی پێست کاریگەریی بنچینەیی دەبێت. هیواخوازین کارکردن بەم ئاراستەیە بەردەوام بێت و دژی جۆرەکانی تری شێرپەنجە بەرهەم بێت، لەنێویاندا شێرپەنجەی بینین و چاو بێ چارەسەر نەمێنێتەوە. وەبەرهێنانی ڤاکسین کارێکی زۆر دژوار و دوور و درێژە، بۆیە هیواخوازم لە 10 بۆ 15 ساڵی داهاتوودا زانست ئەو ڤاکسینە پێویستانە بەرهەم بهێنێت. هەرچی تایبەتە بەم ڤاکسینە دژی شێرپەنجەی پێست بۆخۆی هەنگاوێکی مەزن و سەرکەوتنێکی گەورەیە.

ڕووسیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کاری لەسەر دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی ڤاکسینێکی دژە شێرپەنجە کردووە، ئەلیکساندەر گێنتسبورگ سەرۆکی ناوەندی نیشتمانی گەمالیا دەڵێت، ڤاکسینەکە لەسەر ئاژەڵان تاقیکراوەتەوە و بەڕێژەی لە 100% سەرکەوتنی بەدەست هێناوە و ئەنجامەکان دڵخۆشکەربوون  و واش بڕیارە بەم نزیکانە لەسەر مرۆڤ تاقیبکرێتەوە.

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment