خەڵكی شنگال بە ئومێدی ئاوەدانکردنەوە چاویان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقە
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، بانگەشەی هەڵبژاردن لە قەزای شنگال گەرموگوڕیی بەخۆیەوە بینیوە و پارتە سیاسییەکان و کاندیدەکانیان لە هەوڵی بەدەستهێنانی متمانەی دەنگدەرانی ناوچەکەدان.
هاووڵاتییانی شنگال، بە ئومێدەوە دەڕواننە ئەم هەڵبژاردنە و داوای ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکەیان دەکەن.
لەم هەڵبژاردنەدا نزیکەی 60 کاندید کێبڕکێ لەسەر دەنگی زیاتر لە 100 هەزار دەنگدەری شنگال دەکەن. کاندیدەکان لە میانەی بانگەشەکانیاندا سەردانی گوند و ناوچە جیاجیاکانی شنگال دەکەن، لە نزیکەوە گوێ لە داواکاری و گلەیی هاووڵاتییان دەگرن و بەرنامەی کاری خۆیانیان بۆ باس دەکەن.
جەختکردنەوە لەسەر ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی وێرانبووی قەزاکە، باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، دابینکردنی هەلی کار و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان، تەوەرە سەرەکییەکانی بانگەشەی زۆرێک لە کاندیدەکان پێکدەهێنن.
هاووڵاتییانی ناوچەکەش بە گرنگییەوە لەم هەڵبژاردنە دەڕوانن و بە دەرفەتێکی دەزانن بۆ گۆڕانکاری و باشترکردنی ڕەوشی ژیانیان. یەکێک لە هاووڵاتییەکان بەناوی "ئاڤدال مجک" ڕایگەیاند: "ئەم هەڵبژاردنانە زۆر گرنگن و پێویستە هەموومان بچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان. دەبێت دەنگ بەو کەسانە بدەین کە بەرگری لە مافەکانمان دەکەن و کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال دەکەن."
پارتی دیموکراتی کوردستان، کە خاوەنی 9 کاندیدە لە بازنەی نەینەوا، بە شێوەیەکی بەرچاو لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا چالاکە. کاندیدەکانی پارتی، لەوانە ڤیان دەخیل، جەخت لەوە دەکەنەوە، ئامانجی سەرەکییان ئاوەدانکردنەوەی شنگال، گەڕاندنەوەی ئاوارەکان، و دابینکردنی ئارامی و سەقامگیرییە. ئەو، لە لێدوانێکیدا گوتی: "من لێرەم بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵکی خۆم بکەم. ئەو متمانەیەی خەڵک پێیان بەخشیوم، بە هەموو توانامەوە هەوڵ دەدەم لەپێناویدا کار بکەم و هیچ کاتێک کەمتەرخەمییان بەرامبەر ناکەم."
دوای زیاتر لە 11 ساڵ بەسەر کارەساتی جینۆسایدی شنگالدا، هێشتا بەشێکی زۆری ناوچەکە وێرانە و خەڵکەکەی لە دۆخێکی سەختدا دەژین. بۆیە هاووڵاتییانی شنگال ئومێدێکی زۆریان بەم هەڵبژاردنە هەیە و چاوەڕێ دەکەن ئەو نوێنەرانەی هەڵیدەبژێرن، ببنە دەنگی ڕاستەقینەیان لە پەرلەمانی عێراق و کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و ئاوەدانکردنەوەی زێدی خۆیان بکەن.
