عێراق و تورکیا ڕێککەوتنێکیان بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان واژۆ کرد
ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ـی تشرینی دووەمی 2025، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بەسەردانێکی فەرمی لەگەڵ شاندی یاوەری گەشتنە بەغدا و لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لێکرا.
دوای دیداری نێوانیان، فوئاد حوسێن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا گوتی: "پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا مێژووییە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ بەغدا، بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر پرسی ئاو، کە بایەخی هاوبەشی هەیە بۆ هەردوو وڵات."
فوئاد حوسێن، گوتیشی: "پرسی ئاومان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا تاوتوێ کرد"، دەشڵێت: "26 یاداشتی لێکگەیشتن لە نێوان عێراق و تورکیا لە بوارە جیاجیاکاندا هەیە".
وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەشکرد، "ڕێککەوتنامەیەکمان سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئاو لەگەڵ تورکیا واژۆ کرد"، ڕوونیشیکردەوە "عێراق پاڵپشتی گفتوگۆکانی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات 'پەکەکە' دەکات، هیوادارین بگەنە چارەسەرێک کە هەموو لایەک ڕازی بکات."
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: "لەگەڵ بەغدا باسمان لە کاری هاوبەش لە بوارەکانی ئاو و بازرگانی کرد"، جەختیشی کردەوە، "ئەو ڕێککەوتنەی کە ئەمڕۆ لەگەڵ عێراق دەربارەی پرسی ئاو واژۆ دەکەین، یەکەمین ڕێککەوتنە لە جۆری خۆیدا."
هاکان فیدان ڕاشیگەیاند،"وڵاتەکەم پاڵپشتی تەواوی عێراق دەکات لە بوارەکانی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە، ئێمەش ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق کاردەکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" گوتیشی: "کۆمەڵێک ڕێککەوتن هەیە کە ئەمڕۆ واژۆ دەکەین، کە ڕێگە بۆ چاککردنەوەی ژێرخانی ئاو خۆشدەکات."
باسی لەوەشکرد، " هاریکاریی بەرهەمدارمان لەگەڵ عێراق هەیە دەربارەی وزە هەیە"، دەشڵێت: "پڕۆژەی تورکیای بێ تیرۆر ئاسایش بۆ ناوچەکە دەستەبەر دەکات."
