مەسرور بارزانی: ستەم قبووڵ ناکەین و لە ژێر ستەمی هیچ کەسێکدا ناژین

جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كه‌رنه‌ڤاڵی سه‌رخستنی لیستی پارته‌كه‌ی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ڕایگه‌یاند، نەهێشتن و ڕێگریکردن لە پێکهێنانی حکوومەت بە هیچ شێوەیەک دەستکەوت نییە، بەڵام ئەوەی ڕاستی پارتی جەختی لەوە کردووەتە کە دەبێت حکوومەت حکوومەتێکی سەرتاسەری بێت؛ ده‌شڵێت، حوکمڕانی بە دز و گەندەڵ و مافیا ناکرێت.

یەکشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئاهەنگی بانگەشەی لیستی 275ـی پارتی لە شەقڵاوە، گوتی: سڵاوی سەرۆک بارزانیتان لیبێت و خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لە خزمەتتاندام، داوا دەکەم هەموومان بە یەکەوە بەخێرهاتنی گەرمی کاندیدەکانی پارتی بکەین.

پێویستە پارتی لە بەغدا بوونی هەبێت و بەهێز بێت بۆ ئەوەی کوردستان بەهێز بێت

جێگری سەرۆکی پارتی دیموكراتی كوردستان، پەیامێکی ئاراستەی لایەنگرانی حزبەکە کرد و ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی پشتیوانی ئێوە و هاوکاریی ئێوە و خزمەت، خەبات و کەسوکاری ئێوەیە، کە پارتی هەمیشە لە سەرکەوتندایە و ئەمجارەش بە پشتوانی ئێوە، بەرەو سەرکەوتنی گەورەتر هەنگاو دەنێت.

مەسرور بارزانی گوتیشی: "پێوستە ئەم جارە لەم هەڵبژاردنە هەموو بە یەوەکە بەشداریی بکەین، چونکە هەموومان بەیەکەوە لەسەر دووڕیانێک وەستاوین، یان ئەوەیە دەبێت ڕێگە بدەین ئاژاوە بەردەوام بێت، مافەکانی ئێمە پێشێل بکەن، خەڵکێکی شۆڤێنی عێراق بەرەو مەرکەزییەت و دیکتاتۆرییەت ببباتەوە، یان دەبێت ئێمە بە بەشداریبوونی کارای ئەندامانی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی خەڵک بکەین و چیدیکە ئەو مافانە پێشێل نەکرێت."

مەسرور بارزانی، هه‌روه‌ها دەڵێت: خوشک و برایان وەڵامی ئێوە، وەڵامی پارتییە، ئەو وەڵامەیە کە پارتی هەمیشە بۆی تێکۆشاوە، ئێمه‌ بەرەو ڕووناکی دەڕۆین و بەرەو پێشکەوتن هەنگاو دەنێین و بەرەو سەرکەوتن دەڕۆین.

مەسرور بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا دووپاتی کردەوە، "لە خوا بە زیاد بێت تا پارتی ئێوەی هەبێت، هەر سەرکەوتوو  و پێشکەوتووە و شانازیتان پێوە دەکەین. ئێوەی تێکۆشەر هەمیشە ڕووبەڕووی ناحەزان وەستاونەتەوە و نەتانهێشتووە پیلانی هیچ ناحەزێک بەرانبەر بە کوردستان سەرکەوێت، پارتی خاوەنی ئێوەیە."

 

 هەموو بەشەکانی دیکەی عێراق چاویان لەوەیە پارتی بەرگری لە مافەکانیان بکات

جێگری سەرۆکی پارتی سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، "پێویستە ئەمجارە لە بەغدا کارێکی جیددی بکەین بۆ ئەوەی خەڵکی دیکە لە جیاتی ئێمە بڕیار نەدا، پێشتر هەموو لایەک خۆی تاقی کردبووەوە و پرسیار ئەوەیە جگە لە نوێنەرانی پارتی، کام لایەن بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان کردووە، کەواتە پێویستە پارتی لە بەغدا بوونی هەبێت و بەهێز بێت بۆ ئەوەی کوردستان بەهێز بێت."

مەسرور بارزانی گوتیشی: "دەبێت کاندیدەکان سەرکەون بۆ ئەوەی لە بەغدا بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و هەموو پێکهاتەکان بکەن، بەرگری لە دیموکراسییەت و ئازادیی بکەن، وەک لایەنەکانی دیکە ڕێککەوتنی ژێربەژێر نەکەن، ببنە دەنگی ڕاستەقینەی هەموو تاکێکی ئەم وڵاته‌، هەموو بەشەکانی دیکەی عێراق چاویان لەوەیە پارتی بەرگری لە مافەکانیان بکات."

مەسرور بارزانی باسیشی لەوە کرد، زۆر گرنگە بەشداریی لەو هەڵبژاردنە بکەین، پارتی لەسەر ئاستی کوردستان هیچ ڕکابەرێکی نەماوە، دەبێت ئەم جارە بچینە بەغدا ڕکابەری بکەین، لایەنە ناحەزەکان هەمیشە هەوڵی وەستاندنی پارتییان داوە، هەوڵی ئەوەیان داوە پارتی سەرکەوتوو نەبێت و بە ئامانجەکانی نەگات، لێرە هەرچی پێیان کرا کردیان، بەڵام نەیانتوانی بمانوەستێنن، ئینجا پەنایان بردە بەر بەغدا، پەنایان بردە بەر دروستکردنی هاوپەیمانێتی له‌گه‌ڵ ئەو لایەنانەی کە بیرۆکەی شۆڤێنیەتیان لەسەردا ماوە، بۆ ئەوەی پارتی بشکێنن و ئامادەبوون کوردستان بشکێنن، ئەمجارەش دەبێت ئێمە بچین ڕێگرییان لێ بکەین و نەهێڵین هیچ هێزێک لە هیچ شوێنێکی ئەم وڵاتە بببێتە بەربەست و ڕێگر لە سەرکەوتنی پارتی.

 

پارتی خاوەنی هەموو کوردستانە

پارتی ڕێگە نادات حکوومەت بۆ بەرژەوەندیی کەسی بەکار بهێنرێت

جێگری سەرۆکی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر ئاستی ناوخۆ، زۆر لایەن ئیرەییان بە پارتی بردووە، زۆر هەوڵیان داوە چاو لە پارتی بکەن، بەڵام پێیان نەکراوە، ویستیان پارتی بشکێنن، چونکە پێیان وا بووە سەرکەوتنی پارتی نەمانی ئەوانی تێدایە، پارتی قەت بۆ خۆی کاری نەکردووە، پارتی ئامانج نەبووە، بەڵکوو ئامانج خەڵکی کوردستان و خاکی کوردستانە، پارتی هەمیشە ئامادە بووە خۆی لەپێناو سەرخستنی کوردستان بەخت بکات.

هەروەها گوتیشی: پارتی بە کردەوە پیشانی خەڵکی کوردستانی داوە کە دەتوانێت چی بکات، بەڵام لایەنەکانی دیکە جگە لە قسە هیچ دەستکەوتێکیان بۆ خەڵکی کوردستان نەبووە، ئەگەر جارێک شانازی بە دەستکەوتێک بکەن لە ژێر سێبەری ئاڵای پارتیدا بەشدار بوونە لەم دەستکەوتە.

مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند، ناچارم هەندێک ڕوونکردنەوە بدەم، زۆر دژی ئێمە قسە دەکرێت و بوختانمان پێ دەکرێت، گوایە پارتی جیاوازیی دەکات لەسەر ئاستی کوردستان، بەڵام پارتی خۆی بە خاوەنی هەموو کوردستان دەزانێت، بست بە بستی خاکی کوردستان خاکی پارتییه‌، بۆیە پارتی خۆی بە بێگانە نازانێت و با هیچ کەسێک وا بیر نەکاتەوە خاوەنی بەشێکی کوردستانە و پارتی بێگانەیە، بەڵکوو پارتی خاوەنی هەموو کوردستانە.

لە بارەی پرسی پێکنەهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکی پارتی ئاشکرای کرد، پرسیار ده‌كرێت بۆ چی تا ئێستا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كابینه‌ی ده‌یه‌م پێك نه‌هێنراوه‌، "ئەوان خۆیان دەڵێن کە ئێمە نەمانهێشووە حکوومەت پێک بهێنرێت. نەهێشتن و ڕێگریکردن لە پێکهێنانی حکوومەت بە هیچ شێوەیەک دەستکەوت نییە، بەڵام ئەوەی ڕاستییه‌، پارتی جەختی لەوە کردووەتە کە دەبێت حکوومەت حکوومەتێکی سەرتاسەری بێت، یەک حکوومەت، یەک کوردستان، یەک لەشکر، ئەوەش فەرمانی جەنابی سەرۆک بارزانییە کە سیاسەتی پارتییە، پارتی بە هیچ جۆرێک ئامادە نییە سازش لەسەر ئەوە بکات پێکهێنانی حکوومەت بۆ بەرژەوەندیی کەسیی بەکار بهێنرێت و پلە و پۆست ببن بە پێوەر بۆ پێکهێنانی حکوومەت."

 

هەر کاتێک پارتی هەست بکات لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانه‌ حکوومەت پێك بهێنرێت، دەتوانێت حکوومەت پێک بهێنێت

 حوکمڕانی بە دز و گەندەڵ و مافیا ناکرێت

مه‌سرور بارزانی هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ پارتی باڵاده‌ست بووه‌ زۆر جیاوازه‌ له‌و شوێنانه‌ی كه‌ پارتی تێیاندا باڵاده‌ست نه‌بووه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ ڕووی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، چونکە ئەوان ڕێگر بوون لەوەی پارتی ئەو ئاوەدانییەی کە لێرە دەستی پێکردووە و ئەو خزمەتگوزارییەی لێرە پێشکەشی کردووە، پێشكه‌شی هه‌موو شوێنێكی كوردستانی بكات. 

جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی دووپات کردەوە، ئەو لایەنانەی کە دەڵێن، ڕێگەمان گرت لە پێکهێنانی حکوومەت، ئەوانە بوون کە داوای پۆستیان کرد بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و نەیانهێشتووە حکوومەت پێک بهێنرێت. پارتی تا ئێستا پشووی درێژ بووە لەبەر ئەوەی بەرژەوەندیی باڵای خەڵکی کوردستانی لەبەرچاو بووە، هەر کاتێک پارتی هەست بکات بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانه‌ حکوومەت پێك بهێنرێت، دەتوانێت حکوومەت پێکبهێنێت

. جه‌ختیشی كرده‌وه‌: "ئێمە حکوومەتمان دەوێت بۆ خزمەتگوزاری، حکوومەتمان دەوێت بۆ ئەوه‌ی خزمەتی هاووڵاتییان بکەین، حکوومەتمان بۆ پلە و پۆست نەویستووە، هەرگیز نەمانویستووە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان بکەیەنە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی و حزبی، هەروەها حوکمڕانی بە دز و گەندەڵ و مافیا ناکرێت بەڵکو بە خەڵکی دڵسۆز دەکرێت.

 

ئازادی ئەوەی نییە، بە تۆپ و تانک بچیتە سەر هۆتێلێک

کەرکووك بەشێکە لە کوردستان و داگیر کراوە

مه‌سرور بارزانی له‌ به‌شێكی دیكه‌ی گوتاره‌كه‌یدا باسی له‌وه‌ كرد، ئازادیی ئەوەیە تۆ بۆ مافی نەتەوەیەک تێبکۆشی، ئازادیی ئەوەیە بۆ ئازادیی خاک تێبکۆشی، ئازادی ئەوەی نییە، بە تۆپ و تانک بچیتە سەر هۆتێلێک یان بچیتە سەر حزبی ئۆپۆزیسۆن.

جێگری سه‌رۆكی پارتی هه‌روه‌ها جه‌ختی كرده‌وه‌، حکومڕانی بە خەڵکی دیکە ناکرێت، به‌ڵكوو تەنیا بە پارتی دەکرێت، پارتی دڵسۆزی ڕاستەقینەی ئەم گەلەیه‌، بۆیە با هیچ لایەنێکی دیكه‌ بیر لەوە نەکاتەوە شان لە شانی پارتی بدات، چونکە پێیان ناکرێت، ئەوەی ئامادەبوو خاک بفرۆشێت، چۆن ئێستا دڵسۆزی خاکەکه‌ی دەبێت، پێی ناکرێت. تەنیا ئەو کەسە دڵسۆزی کوردستانە کە ئامادەیە خۆی لە پێناوی بەخت بکات، کە ئەمەش تەنیا بە جەماوەر و پێشمەرگەی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی دەکرێت.

مه‌سرور بارزانی دووپاتی كرده‌وه‌، بە پشتیوانیی خوا، پارتی هەر پێشڕەو دەبێت و هەر سەرکەوتوو دەبێت، پێش ماوەیەک لە هەڵمەتی هەڵبژاردن لەگەڵ خه‌ڵك و برا کەرکووكییەکانم کە لە خزمەتیاندا بووین، من گوتم: کەرکووك بەشێکە لە کوردستان و داگیر کراوە، بەڵام خەڵکێکی شۆڤێنی و بەکرێگیراوەکانی ئەو شۆڤێنییانە پەلاماری ئێمەیان داوە، کە چۆن دەڵێن کەرکووک کوردستانە. ئەگەر کەرکووک داگیر نەکراوە؟ ئەی بۆچی بە تۆپ و دەبابە پەلاماری درا؟ ئەگەر کەرکووك بە خیانەت نەفرۆشراوه‌، ئەی چۆن ئێستا شارەکە لە دەستی کورد دەرهێنراوە؟"

جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕاكێشا، کەرکووک نەک داگیر کراوە، بەڵکوو بە خیانەت داگیر کراوە، 10 جاری دیکە دەڵێم: کەرکووک کوردستانە و کەرکووک داگیر کراوە. پارتی هەرگیز نەیگووتەوە شەڕ دەکەین، پارتی نە شەڕخواز بووە و نە شەڕی ویستووە و هەرگیزییش په‌لاماری هیچ لایەنەکمان نەداوە، بەڵکوو هەمیشە ئامادە بووین بەرگری لە خۆمان بکەین، هەر کەسێک بیر لە پەلاماری کوردستان بکاتەوە، پێش هەموو لایەنێک پارتی ئامادەیە بەرگریی لەم وڵاتە بکات، ئێستاش ناڵێین، بە شەڕ، دەڵێن بە دەنگی خەڵک و بە دەستوور و جێبەجێکردنی ماددەی 140، بە هێز و توانای خوشک و براکانمان لە پەرلەمانی عێراق دەتوانین کەرکووک و هەموو ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکەی کوردستان بگەڕێنینەوە و ماددەی 140 وەک خۆی جێبەجێ بکەین.

 

 

ئێمە قەت پاشکۆ نابین و خاوەنی میللەتێکی سەربەرزین و هەر بە سەربەرزیش دەژین

پارتی ئەم جارە تەنیا بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان ناکات، بەڵکوو بەرگری لە مافی هەموو مافخوراوەکانی عێراق دەکات

گوتیشی: ئەوانەی کە نیگەران دەبن بەوه‌ی کە ئێمە هەمیشە دەڵێین کەرکووک کوردستانە، ئایا ئەوانە گومانیان هەیە لەوەی کە هەمیشە دەڵێن کوردستان بەشێکە لە عێراق، ئەگەر کوردستان بەشێک بێت لە عێراق، کەرکووک لە کوردستان بێت یان نا چ جیاوازییەکی هەیە؟ نازانم بۆ ئەوە کەسانە نیگەران دەبن لەوەی کەرکووک بەشێک بێت لە کوردستان؟

مه‌سرور بارزانی ده‌شڵێت: ئێمە ئامادەین لە عێراقێکی فیدراڵی و دیموکراسیدا بژین، بەڵام پێناسەی کوردستان و هەموو شارەکانی دەبێت بە پێی ماددەی 140 دیاریی بکرێت، دەبێت دیاریی بکرێت خاکی کوردستان کوێیە، ئەمەش مافێکی دەستووری هەموو خەڵکی کوردستانە، دەبێت هەموو لایەن و پێکهاتەکان لە مافدا یەکسان بن، هیچ لایەنێک خۆی لە لایەنەی دیکە بە مەزنتر نەزانێت و پێی وانەبێت ئێمە پاشکۆین، چونکە قەت پاشکۆ نابین و خاوەنی میللەتێکی سەربەرزین و هەر بە سەربەرزیش دەژین.

ڕوونیشی كرده‌وه‌، هەموومان دەزانین ئەو مامەڵەیەی کە بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات، مامەڵەیەکی نادروست و نادەستووری و نادادپەروەرانه‌یە، خەڵکێکی زۆری عێراق ئێستا هانایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە، داوا دەکەن خەڵکی کوردستان داوای مافەکانی ئەوانیش بکەن، پارتی تەنیا ئەم جارە بەرگری لە مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکات، بەڵکوو بەرگری لە مافی هەموو مافخوراوەکانی عێراق دەکات. ئێمە داوای چەسپاندنی دەستوور و فیدراڵییەت و دیموکراسییەتمان کردووە، ئەوە کەی تاوانە، بۆ خەڵکێک بەوە ناڕەحەتن، بە هیچ جۆرێک لە ژێر هیچ فشارێک ئامادە نین سازش لەسەر مافەکانی خۆمان بکەین.

هاوكات له‌ به‌شێكی دیكه‌ی گوتاره‌كه‌یدا مەسرور بارزانی گوتیشی: حکوومەتی هەرێمی کوردسستان و پارتی بە یەکچاو و بە شێوەیەکی دادپەروەرانه‌ سەیری هەموو بەشەکان و شار و شارۆچکەکانی کوردستانی کردووە، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت هەر ئەو لایەنانەی کە لەگەڵ بەغدا داوایان دەکرد بودجەی کودرستان دابەش بکرێت و  ڕاستەوخۆ بۆ پارێزگاکان بنێردرێت، خۆیان داوایان دەکرد کوردستان دابەش بکرێت، ئەوه‌ی ڕێگری کرد کوردستان دابەش بکرێت، پارتی بووە، ئێستاش پارتی نایەڵێت کوردستان دابەش بکرێت. "ئەو لایەنانەی کە داوایان دەکرد بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکان شۆڕ بکرێتەوە، لەسەر داوای خۆیان هەموو مەرجەکانمان قبووڵ کرد، لەو شوێنانەی کە پارتی باڵادەست بووە بودجە پارێزگاکان بۆ خەكی کوردستان بەکار هاتووە، لەو شوێنانه‌ی کە پارتی باڵادەست نەبووە، بودجەی خەڵکی کوردستان بۆ گیرفانی کەسی و بەرژەوەندیی حزبی بەکار هاتووە، بۆیە خزمەتگوزاریی پێشکەشی خەڵک نەکراوە.

 

هەندێک لایەن ئەوەندەی بیریان لە بەرژەوەندیی خۆیان کردووەتەوە، ئەوەندە بیریان لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان نەکردووەتەوە

ئامادە نین بە هیچ جۆرێک لە  ژێر فشار و ستەمی هیچ ستەمکارێکدا بژین

مه‌سرور بارزانی جه‌ختی كرده‌وه‌، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەرگیز فەرق و جیاوازیی نەکردووە، بودجە بە شێوەیەکی یەکسان بۆ هەموو پارێزگاکان خەرج کراوە، بەڵام ئەوەی کە ئەنجام نەدراوە، باڵادەستی حزبی و شەخسی بووە، هی ئەو لایەنە دەسەڵاتداره‌ بووە کە لەو شوێنانە نەیانهێشتووە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکرێت، ئەوەندەی بیریان لە بەرژەوەندیی خۆیان کردووەتەوە، بیریان لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان نەکردووەتەوە.

مه‌سرور بارزانی پەیامێکی دیکەی ئاراستەی خەڵکی کوردستان کرد و گوتی: ئەم جارە ئەگەر ده‌تانه‌وێت خزمەتگوزاریی پێشكه‌ش بکرێت و ئاشتی و سەقامگیری هەبێت، ئەگەر ده‌تانه‌وێت ئەم پرۆژە خزمەتگوزارییانەی کە لێرە کراوە لە پارێزگا و شارەکانی دیکەی کوردستان بکرێت، متمانەی خۆتان بدەن بە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان.

تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش، پارتی دەیەوێت هاوبەشی ڕاستەقینە بێت لەوەی کە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات و بەشدار بێت لە بڕیاردان لەسەر ئاستی حکوومەتی فیدراڵی، بڕیاردەر بێت لەوەی کە ئاییندەی ئەو وڵاتە بەرەو کوێ دەچێت. "ئێمە نەتەوەیەکین نە ستەممان قبووڵ کردووە و نە قبووڵی دەکەین، ئامادە نین بە هیچ جۆرێک لە  ژێر فشار و ستەمی هیچ ستەمکارێکدا بژین، ئێمە نەوتەوەیه‌كی ئازادیخوازین و بڕوامان بە پێکەوە ژیان هەیە."

 

پارتی سەربەزرە بەو دەستکەوتانەی کە بۆ خەڵک و هەرێمی کوردستانی بە دەست هێناوە

جێگری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ باره‌ی سه‌قامگیری و ئارامییەوە گوتی: ئێمە ئارامیمان دەوێت، چونکە پارتی هەمیشە لە کەشێکی ئارامیدا گەشەی کردووە، بۆیە ڕۆژ بە ڕۆژ و ساڵ بە ساڵ دەنگی پارتی زیاد دەبێت، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە پارتی ڕاستگۆیە لەگەڵ خوا و ویژدان و خەڵکی خۆی، خەڵکیش وەفادارن بەرانبەر پارتی، چونکە دەزانن حزبەکە تەنیا بەڵێن نادات ئەوەی کە دەیڵێت جێبەجێی دەکات. "ئەوەی هیچی پێ نەبێت و نەتوانێت خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات، دێت قسە دەکات، دەیانەوێت پارتی بۆ شەڕە قسە ڕاکێشن، چونکە هیچیان نییە پێشکەشی خەڵکی کوردستانی بکەن، یەک دەستکەوتیشیان نەبووە ئاماژەی پێ بدەن و بڵێن بۆ خەڵکمان کردووە، بەڵام پارتی سەربەزرە بەو دەستکەوتانەی کە بۆ خەڵک و هەرێمی کوردستانی  بە دەست هێناوە".

مه‌سرور بارزانی لە بارەی پرۆژەی ڕووناکی ڕایگه‌یاند: لە ماوەیەکی نزیکدا هەموو ناوچەکانی کوردستان دەگرێتەوە و کارەباکانیان دەبێتە 24 کاتژمێری و سوپاسی پشوودرێژی هاووڵاتییان دەکەین و ویستوومانە هەموو کوردستان ببنە خاوەنی کارەبای 24 كاتژمێری. ڕوونیشی كرده‌وه‌، زۆر پرۆژەی دیکەمان جێبەجێ کردووە و لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانەوە بگرە تا دەگاتە هەژماری من، کە دەبێته‌ ژێرخانێکی ئابووریی بۆ پشتیوانیکردن لە گەنج و بووژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان.

جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌و ڕاستییه‌شی دووپات كرده‌وه‌، ئەو پرۆژانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجیی کردوون، هەمووی پلانی پارتی بوون، حوكمڕانی پارتی وای کردووە پرۆژەکان یەک بە یەک سەرکەون و ئەنجامەکانی ئەمڕۆ ببینین، سەربەرزین دەتوانین بە هەموو خەڵک بڵێین متمانەمان پێ بکەن، چونکە ڕابردوومان گەواهیدەر و بەڵگەیە لەسەر ئەوەی بەڵێنەکانمان جێبەجێ دەکەین.

 

 

وەڵامی پارتی بۆ قسەی ناحەزان پرۆژەکانمانە

پارتی سەرقافڵەی شۆڕشی ئاوەدانیی کوردستانە

هاوکات گوتیشی: وەڵامی پارتی بۆ قسەی بێبنەمای ناحەزه‌کان، پرۆژەکان و کردەوەکانمانە، هەر کاتێکیش پێویست بووبێت لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریی بووینە و قوربانیمان داوە، ئێستاش پارتی سەرقافڵەی شۆڕشی ئاوەدانیی کوردستانە و بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی هەموو پرۆژەکان لەپێناو خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان.

جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، پارتی باسی بێهیواکردنی خەڵکی کوردستان ناکات، حزبێکە ڕووی لە ئاییندەیە و حزبی هیوا و ئومێد و گەنجە، پارتی ئەو حزبەیە کە دەتوانێت کوردستان بگەیەنێته‌ لووتکەی سەرکەوتن، پارتی ئامانجیه‌تی هەموو گەنجێک بیر لە چارەنووس و داهاتووی ژیانێکی بەختەوەر بۆ خۆی بکاتەوە، بەرنامەشمان زۆرە و هیوادارم پشتیوان و یارمەتیدەرمان بن بۆ ئەوەی هەموو بەرنامەکانمان جێبەجێ بکەین و بیکەین بە ڕاستی، چۆن ئەوە شتانەی خەڵک پێی وابوو خەونە، کردمان بە ڕاستی ئەمەی ماوەش بە پشتیوانی خەڵک دەکەین بە ڕاستی.

مه‌سرور بارزانی له‌ باره‌ی ڕه‌خساندنی هه‌لی كار بۆ كوردستانیان گوتی: دەمانەوێت هەلی کاری یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتییان هەبێت، لە ساڵی 2013ـەوە حکوومەتی فیدراڵ نەیهێشتووە یەک کەس لە هەرێم دابمەزرێت، ئێمەش نەوەستاوین و پەرەمان بە که‌رتی تایبەت داوە، تا ئێستا 140 هەزار هەلی کار لە کەرتی تایبەت بۆ خەڵکی ڕەخسێنراوە، هەلی کاری زیاتریش بۆ هاووڵاتییان دەڕەخسێنین و ئەو یاریگەیەش کە بانگەشەی تێیدا دەکەین و نۆژەنی دەکەینەوە.

 

 

وادەی دەستپێکردن و کۆتاییهاتنی بانگەشەی هەڵبژاردن

چوارشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، کاتژمێر 12ـی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەست پێدەکات.ئاماژەی بەوەش دابوو، ڕۆژی شەممە، 08ـی تشرینی دووەمی 2025، ماوەی بانگەشەکردن بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت.

 

ژمارەی دەنگدەران

له‌ هه‌موو عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌، 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە، کە 20 ملیۆن و 63 هەزار و 773 کەسیان بەشداریی دەنگدانی گشتی دەکەن و 1 ملیۆن و 313 هەزار و 980 هاووڵاتی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت دەکەن.

له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا، 38 پارتی سیاسی، 31 هاوپه‌یمانی و 75 لیستی تاكه‌كه‌سی به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن، حەفت هەزار و 768 کەسیش لە هەردوو ڕەگەز، پێنج هەزار و 520 پیاو و دوو هەزار و 248 ئافرەتیش خۆیان کاندید کردووە.

بڕیارە هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوە بچێت.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

دەقی گوتارەکەی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی لیستی 275ـی پارتی لە شەقڵاوە:

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان

خوشك و برایانی بەڕێز و خۆشەویست

جەماوەری قارەمانی دەڤەری شەقڵاوە و هەریر و پیرمام

دڵسۆزانی رێبازی بارزانی

تێكۆشەرانی وڵاتپارێز

سڵاوی خواتان لەسەر بێت، سڵاوی جەنابی سەرۆك بارزانیتان پێ ڕادەگەیەنم. زۆر خۆشحاڵ و بەختەوەرم ئەمڕۆ لە خزمەت ئێوەی بەڕێز و خۆشەویستم بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستی ٢٧٥، لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق. داوا دەكەم ئێمە هەموومان بە یەكەوە بەخێرهاتنێكی گەرمی كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەین كە لێرە ئامادەن، بەخێر بێن. 

 

خوشك و برایانی بەڕێز و خۆشەویست:

سوپاسی ماندووبوونتان دەكەم، دەزانم هەمووتان هەمیشە پشت و پەنای پارتی بوون و بەهۆی پشتیوانیی و هاوكاریی ئێوە و ئەو خزمەت و خەباتەی ئێوە و كەسوكارەكانی ئێوەیە كە پارتی هەمیشە لە سەركەوتندایە و ئەمجارەش بە پشتیوانیی ئێوە، پارتی بەرەو سەركەوتنی گەورەتر هەنگاو دەنێت. 

ئێمە پێویستە ئەمجارە لەم هەڵبژاردنەدا ، بە شێوەیەكی كارا هەموو بەیەكەوە بەشداریی بكەین، چونكە بەڕاستی ئێستا ئێمە لەسەر دووڕیانێك وەستاوین، یان ئەوەیە دەبێ رێگە بدەین ئاژاوە بەردەوام بێت، مافەكانی ئێمە پێشێل بكرێن و خەڵكێكی شۆڤێنی، عێراق بەرەو دیكتاتۆریەت و مەركەزیەت بباتەوە، یان دەبێ ئێمە بە بەشداربوونێكی كارای ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بەرگریی لە مافەكانمان بكەین، بەرگریی لە مافە دەستوورییەكانمان بكەین، بەرگریی لە مافی خەڵكی كوردستان بكەین كە ئەمجارە لە بەغدا چیتر مافەكانی خەڵكی كوردستان پێشێل نەكرێت. 

ئێمە ئەو دووڕیانەمان لەپێشە، ئایا دەمانەوێت ئاژاوە بەردەوام بێت یانیش دەمانەوێت ئاوەدانی هەبێت. وەڵامی ئێوە وەڵامی پارتییە، وەڵامی ئێوە ئەو وەڵامەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە بۆی تێكۆشاوە، ئێمە بەرەو ڕووناكی دەڕۆین، ئێمە بەرەو ئاوەدانی دەڕۆین، ئێمە بەرەو پێشكەوتن هەنگاو دەنێین، ئێمە بەرەو سەركەوتن دەڕۆین. لە خوا بەزیاد بێت تا پارتی ئێوەی هەبێت هەر سەركەوتووە و هەر پێشكەوتووە، شانازیتان پێوە دەكەین، شانازیی دەكەین كە بەشێكین لە ئێوە، بەشێكین لەو جەماوەرە تێكۆشەرە كە هەمیشە رووبەڕووی ناحەزان وەستاوەتەوە. ئێوە ئەو جەماوەرە تێكۆشەرەن كە هەمیشە بەرامبەر بە پیلانی ناحەزان وەستاونەتەوە، نەتانهێشتووە هیچ جارێك پیلانی هیچ ناحەزێك بەرامبەر بە كوردستان سەربكەوێت، چونكە پارتی خاوەنی ئێوەیە، چونكە ئێوە نەتانهێشتووە پیلانەكان سەربكەون.

 

خوشك و برایان:

پێویستە ئەمجارە ئێمە لە بەغدا كارێكی جددی بكەین بۆ ئەوەی خەڵكی تر لە جیاتی ئێمە بڕیار نەدات، پێشتر هەموو لایەك خۆی تاقی كردووەتەوە، هەموو لایەك وەكوو نوێنەری هەرێمی كوردستان خۆی ناساندووە، بەڵام پرسیار ئەوەیە جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، كام لایەن بەرگریی لە مافەكانی خەڵكی كوردستان كردووە؟ كەواتە پێویستە پارتی دیموكراتی كوردستان بوونی هەبێت، بەهێز بێت، بۆ ئەوەی كوردستان بەهێز بێت. دەبێت كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان سەربكەون بۆ ئەوەی لەوێ بەرگریی لە مافەكانی خەڵكی كوردستان و هەموو پێكهاتەكان بكەن، بەرگریی لە دیموكراسیەت و فیدرالیەت بكەن، بەرگریی لە ئازادی بكەن، وەكوو لایەنەكانی تر رێككەوتنی ژێربەژێر نەكەن، ئەوانە دەچنە ئەوێ ببن بە دەنگی راستەقینەی خەڵكی هەموو كوردستان، بە دەنگی راستەقینەی هەموو مەزهەب و ئایینەكان، ببنە دەنگی راستەقینەی هەموو تاكێكی ئەم وڵاتە، چ لە كوردستان بێت، یانیش ئەمجارە لە هەموو بەشەكانی تری عێراقیش چاویان لە پارتییە تا پارتی بەرگریی لە مافەكانیان بكات. 

مێژووی پارتی دیارە، شاخی سەفین شاهێدی داستانەكانی پارتی و قارەمانەكانی پارتیی و شەهیدەكانی پارتییە، سەفین و شاخەكانی كوردستانمان لەپشت بێت، ئێمە هەمیشە بەردەوام دەبین لە بەرگریكردن لە مافەكانی خەڵكی كوردستان و هیچ هێزێكیش ناتوانێت بمانچەمێنێت.

ئەم شارە شاری پێكەوەژیانە، بیروباوەڕی ئایینیی جیاوازی تێدایە، بەڵام شانازی دەكەین كە كوردستان وڵاتی پێكەوەژیانە، ئەم ناوچەیە ناوچەی پێكەوەژیانە. رێزگرتن لە هەموو ئایین و نەتەوەكان بۆ ئێمە جێی شانازییە و هەقە ئێوەش شانازیی بەو رەوشتە بەرزەی خۆتان بكەن.

 

بەڕێزان:

بۆ دەبێ ئێمە بەشداریی لەم هەڵبژاردنە بكەین. با پێتان بڵێم، راستە ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنی عێراقە، بەڵام گرنگە، گرنگە چونكە ئێستا لەسەر ئاستی كوردستان پارتی هیچ مونافس و ركەبەرێكی نەماوە، ئەمجارە دەبێ لە بەغدا ئێمە بچین مونافەسە بكەین، لایەنەكانی ناحەز كە هەمیشە هەوڵی وەستاندنی پارتییان داوە، هەمیشە هەوڵی ئەوەیان داوە كە پارتی سەرنەكەوێت، خەڵكی كوردستان بە ئامانجەكانی خۆیان نەگەن، لێرە هەرچی پێیان كرا كردیان، بەڵام نەیانتوانی بمانوەستێنن، ئنجا پەنایان بردە بەر بەغدا، پەنایان بردە بەر دروستكردنی هاوپەیمانێتی كە لەوێ بتوانن لەگەڵ ئەو لایەنانەی كە بیرۆكەی شۆڤێنیەتیان لەسەردا ماوە، ئەو لایەنانەی كە بەرەو مەركەزیەت دەڕۆن، ئەو لایەنانەی كە بڕوایان بە دیموكراسیەت و فیدرالیەت نییە، لەوێ هاوپەیمانێتی پێك بهێنن و بۆ ئەوەی پارتی بشكێنن، ئامادەبوون كوردستان بشكێنن، ئەمجارە پێویستە ئێمە بچین لەوێش رێگرییان لێ بكەین و نەهێڵین هیچ هێزێك لە هیچ شوێنێكی ئەم وڵاتە ببێ بە بەربەست، ببێ بە ڕێگر بۆ پێشكەوتن و سەركەوتنی پارتی. 

لەسەر ئاستی ناوخۆ، حەسادەتێكی زۆر بەرامبەر بە پارتی هەبووە. زۆر لایەن هەوڵیان داوە چاو لە پارتی بكەن و پێیان نەكراوە، ئنجا ویستیان پارتی بشكێنن، چونكە پێیانوابوو سەركەوتنی پارتی نەمانی ئەوانی تێدایە، بەڵام ئەوەی راستی بێت پارتی قەت بۆ خۆی كاری نەكردووە، پارتی ئامانج نەبووە، پارتی وەسیلە و ئامراز بووە، بۆ ئێمە ئامانج خەڵكی كوردستانە، بۆ ئێمە ئامانج خاكی كوردستانە، لەبەر ئەوە پارتی هەمیشە ئامادەبووە خۆی بەخت بكات لەپێناو سەرخستنی كوردستان و ئامانجە بەرزەكانی خەڵكی كوردستان. پارتی بە كردەوە چ لە رابردوو بە قوربانیدان، چ ئێستا بە ئاوەدانی، پێشانی خەڵكی كوردستانی داوە كە پارتی دەتوانێ چی بكات. بەڵام لایەنەكانی تر جگە لە قسە هیچ شتێكی تریان پێ نەبووە، جگە لە قسە هیچ دەستكەوتێكیان بۆ خەڵكی كوردستان نەبووە. ئەگەر جارێك شانازیش بە دەستكەوتێك بكەن، لەژێر سێبەری ئاڵای پارتی بەشدار بوون لەو دەستكەوتانە.

 

خوشك و برایان:

تكاتان لێ دەكەم، من ناچارم هەندێك روونكردنەوە بدەم، زۆر زۆر دژی ئێمە قسە دەكرێ، بوختان رووبەڕووی پارتی دەكرێتەوە كە گوایە پارتی فەرق و جیاوازی دەكا لەسەر ئاستی كوردستان، ئەوەی ڕاستی بێ، پارتی خۆی بە خاوەنی هەموو كوردستان دەزانێت، بست بە بستی ئەم خاكەی كوردستان خاكی پارتییە، پارتی خۆی بە بێگانە نازانێت لە هیچ شوێنێكی كوردستان، بۆیە با هیچ كەسێك وا بیر نەكاتەوە كە خاوەنی بەشێكە لە كوردستان و پارتی بێگانەیە، پارتی خاوەنی هەموو كوردستانە، بەڵام ئایا پارتی ئەو دەستەڵاتەی لەو شوێنانەی كە زۆرینەی دەنگدەری پارتی لەگەڵە، وەكوو یەك توانیویەتی خزمەت بكات لەگەڵ ئەو شوێنانەی كە خەڵكی تریان هەڵبژاردووە؟ بێگومان نەخێر، چونكە ئەوان رێگر بوون لەوەی كە پارتی ئەو ئاوەدانییەی لێرە دەستی پێكردووە و ئەو خزمەتگوزارییەی لێرە پێشكەشی خەڵكی كوردستانی كردووە، ڕێگەیان نەداوە پارتی دەستی ئاوەدانی بۆ هەموو شوێنێك لە كوردستان ببات. 

ئنجا قسە دەكەن و قسە دەكرێ لەسەر ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پێك نەهاتووە، ئێمە نەمانویستووە قسە بكەین لەسەر ئەوەی كە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان پێك نەهاتووە، بەڵام شكور بۆ خوا، خۆیان دەڵێن كە ئێمە نەمانهێشتووە كە حكومەت پێك بێت، ئایا نەهێشتن و رێگریكردن لە پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستكەوتە؟ بە هیچ جۆرێك دەستكەوت نییە. بەڵام ئەوەی راستی بێت پارتی جەختی لەوە كردووەتەوە كە حكومەت دەبێ حكومەتێكی سەرانسەری بێت، لەشكری كوردستان لەشكری هەموو كوردستان بێت، پەرلەمان پەرلەمانی هەموو كوردستان بێت، ئەمری جەنابی سەرۆكە (یەك كوردستان، یەك لەشكر، یەك پەرلەمان)، ئەمە سیاسەتی پارتییە و پارتی بە هیچ جۆرێك ئامادە نییە سازش لەسەر ئەوە بكات پێكهێنانی حكومەت بۆ بەرژەوەندیی شەخسی بەكار بێت، پلە و پۆست ببن بە پێوەر بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەو لایەنانەی كە دەڵێن ڕێگەمان گرت لە پێكهێنانی حكومەت، ئەوانە بوون كە داوای پۆست دەكەن و بۆ ئیمتیازی شەخسی نەیانهێشتووە حكومەت پێك بێت، پارتی پشووی درێژ بووە تا ئێستا لەبەر ئەوەی بەرژەوەندیی باڵای خەڵكی كوردستانی لەبەرچاو بووە، بەڵام هەر كاتێك كە پارتی هەست بكات كە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان لەوەدایە حكومەت پێك بێت، پارتی دەتوانێت حكومەت پێك بێنێت. 

ئێمە حكومەتمان دەوێ بۆ خزمەتگوزاری، حكومەتمان دەوێ بۆ ئەوەی خزمەتی هاووڵاتیان بكەین، حكومەتمان دەوێ بۆ ئەوەی ئاشتەوایی هەبێت، بۆ ئەوەی سەقامگیری هەبێت، حكومەتمان بۆ پلە و پۆست نەویستووە، قەتیش ئامادە نین بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان بكەینە قوربانیی بەرژەوەندیی شەخسی یان حزبی. بە لای ئێمەوە حكوومڕانی بەرپرسیارێتییە، ئاوەدانییە. 

 

بەڕێزان:

حكوومڕانی بە دز و گەندەڵ و مافیا ناكرێت، حكوومڕانی بە خەڵكی دڵسۆز دەكرێت، ئازادی ئەوەیە تۆ بۆ مافی نەتەوەیەك تێبكۆشیت، ئازادیی ئەوەیە بۆ بۆ ئازادیی خاك تێبكۆشیت، ئازادیی ئەوە نییە بە تۆپ و تانك بچیتە سەر هۆتێلێك یان بچیتە سەر ئۆپۆزسیۆنی خۆت. ئەوانەی باسی ئازادی دەكەن، دەبێ خۆشیان ئازاد بن، ئەوانەی كە باسی ئازادی دەكەن، دەبێ خاوەن قسە بن، ئەوانەی كە باسی ئازادی دەكا دەبێ بەكرێگیراو نەبن، تەنیا ئەوانە دەتوانن باسی ئازادی بكەن. 

 

بەڕێزان:

كورت و موختەسەر، حكوومڕانی بە خەڵكی تر ناكرێت، تەنیا بە پارتی دەكرێت. دڵسۆزی راستەقینەی ئەم گەلە، هی ئەم خاكە پارتییە، بۆیە با هیچ لایەنێكی تر بیر لەوە نەكاتەوە كە مل لە ملی پارتی بدات، پێیان ناكرێت. ئەوەی ئامادە بووە خاك بفرۆشێت، چۆن ئێستا دڵسۆزی خاكەكەی دەبێت؟ پێی ناكرێ. تەنیا ئەو كەسە دڵسۆزی كوردستانە كە ئامادەیە خۆی لەپێناوی كوردستان بەخت بكات و ئەوانەش تەنیا ئێوەن، جەماوەری پارتییە، پێشمەرگەكانی پارتین، رێبازی پیرۆزی بارزانییە. 

 

بەڕێزان:

بە پشتیوانیی خوا، پارتی هەر پێشڕەو دەبێت، ئێوە هەر پێشڕەو دەبن، ئێوە هەر سەركەوتوو دەبن. پێش ماوەیەك هەر لە هەڵمەتی هەڵبژاردن لەگەڵ خوشك و براكانمان لە كەركووك كە هاتبوون لە خزمەتیان دابووین، من گوتم كەركووك بەشێكە لە كوردستان و كەركووك داگیركراوە، خەڵكێكی شۆڤێنی و بەكرێگیراوەكانی ئەو شۆڤێنییانە پەلاماری ئێمەیان داوە كە چۆن دەڵێین كەركووك كوردستانە. با من وەڵامتان بدەمەوە كە چۆن دەڵێین كەركووك داگیركراوە. ئەگەر كەركووك داگیر نەكراوە، ئەی چۆن بە تۆپ و دەبابە پەلاماری كەركووكیان داوە؟ ئەگەر كەركووك بە خیانەت نەفرۆشراوە، چۆن ئێستا كەركووك لە دەستی كورد دەرهێندراوە. كەركووك نەك داگیركراوە، كەركووك بە خیانەت داگیركراوە. جارێكی تریش دەیڵێمەوە، دە جاری تریش دەیڵێمەوە، كەركووك كوردستانە و كەركووك داگیر كراوە. بەڵام پارتی قەت نەیگوتووە شەڕ دەكەین، پارتی قەت نە شەڕخواز بووە و نە شەڕی ویستووە، قەتیش پەلاماری هیچ لایەنێكمان نەداوە، بەڵام هەمیشە ئامادەبووین بەرگریی لە خۆمان بكەین، هەر كەسێك بیر لە پەلاماردانی كوردستان بكاتەوە، پێش هەموو لایەنێك پارتی ئامادەیە بەرگریی لەم وڵاتە بكات. ئێستاش ئێمە ناڵێین بە شەڕ، ئێمە دەڵێین بە دەنگی ئێوە، ئێمە دەڵێین بە دەستوور، ئێمە دەڵێین بە جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠، ئێمە دەڵێین بە هێز و توانای خوشك و براكانی ئێوە لە پەرلەمانی داهاتووی عێراق، ئێمە دەتوانین كەركووك و هەموو ناوچە دابڕێندراوەكانی تری كوردستان بگەڕێنینەوە و ماددەی ١٤٠ وەكوو خۆی جێبەجێ بكرێت. بەڵام لێرەدا پرسیارێك هەیە، ئەوانەی كە ناڕەحەت و نیگەران دەبن بەوەی كە ئێمە دەڵێین كەركووك كوردستانە، باشە ئەوانە گومانیان هەیە و هەمیشە دەڵێن كوردستان بەشێكە لە عێراق، پرسیاری ئێمە ئەوەیە، ئەگەر كوردستان بەشێك بێت لە عێراق، كەركووك لە كوردستان بێت یان نا چ فەرقی هەیە بۆ ئێوە؟ بۆ نیگەرانن لەوەی كە كەركووك بەشێك بێت لە كوردستان مادام پێتانوایە كوردستان بەشێكە لە عێراق؟ ئەم پرسیارە دەبێ وەڵام بدەنەوە. بۆ بەوە نیگەرانن كە داوای مافە دەستوورییەكانی خۆمان دەكەین؟ بۆ بەوە نیگەرانن كە داوای جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ دەكەین؟ بۆ بەوە نیگەرانن كە دەڵێین ئێمە ئامادەین لە عێراقێكی فیدرالی، دیموكراسیدا بژین بەڵام پێناسەی كوردستان، پێناسەی هەموو شارەكانی كوردستان بەپێی ماددەی ١٤٠ دەبێ دیاری بكرێت، دەبێ دیاری بكرێت كە خاكی كوردستان كوێیە؟ ئەمە مافێكی دەستووریی هەموو خەڵكی كوردستانە، مافێكی دەستووریی هەموو پێكهاتەكانە، دەبێ هەر كەسێك بەپێی دەستوور، یەكسان و بە شێوەیەكی دادپەروەرانە مافەكانی خۆی وەربگرێت و بەبێ فەرق و جیاوازی، دەبێ هەموو تاكێكی ئەم وڵاتە، كورد بێت، توركمان بێت، عەرەب بێت، كریستیان بێت، ئێزدی بێت، هەر پێكهاتەیەك، دەبێ بەپێی یاسا یەكسان بێت و هیچ لایەنێك خۆی لە لایەنێكی تر بە زلتر و گەورەتر نەزانێت، خۆی بە ساحێبی ئەو وڵاتە نەزانێت و پێیوابێت ئێمە پاشكۆین، ئێمە قەت پاشكۆ نەبووین و قەتیش پاشكۆ نابین، میللەتێكی سەربەرزین و بە سەربەرزیش دەژین. 

 

خوشك و برایان:

جگە لەوانەی كە لە بەغدا بەم جۆرە قسە دەكەن، من باسی هەموویان ناكەم، خەڵكێكی زۆر بە ویژدان هەن و خۆشیان دەزانن كە ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ كوردستان دەكرێت مامەڵەیەكی ناتەندروستە، مامەڵەیەكی نادەستوورییە، نادادپەروەرانەیە، خۆشیان خەڵكێكی زۆری عێراق ئێستا هەیە پەنایان هێناوەتە بەر كوردستان و داوا دەكەن كوردەكان یان خەڵكی كوردستان تەنیا بەرگریی لە مافەكانی خۆیان نەكەن، داوا دەكەن بەرگریی لە مافە خوراوەكانی ئەوانیش بكەن، ئنجا بۆیە باری ئێمە ئەمجارە قورسترە، پارتی ئەمجارە تەنیا بەرگریی لە مافەكانی كوردستان ناكات، بەرگریی لە مافی هەموو مافخووراوێكی عێراق دەكات. 

ئێمە داوای دیموكراسیەتمان كردووە، داوای فیدرالیەتمان كردووە، داوای چەسپاندنی دەستوورمان كردووە، ئەمە كەی گوناحە؟ بۆ خەڵكێك ناڕەحەتە و ناڕازییە لەوەی كە ئێمە داوای مافە دەستوورییەكانی خۆمان دەكەین؟ ئەگەر پێیانوابێت ئێمە واز دەهێنین لەژێر فشار، بە هیچ جۆرێك لەژێر هیچ فشارێك، ئێمە ئامادە نین سازش لەسەر مافەكانی خۆمان بكەین.

 

بەڕێزان:

من جارێكی تر با بێمەوە سەر بەكرێگیراوانی ئەو شۆڤێنییانە كە ئەوانیش قسە دەكەن، ئەوانیش باس دەكەن دەڵێن ئێمە باسی كەركووكمان كردووە و گوتوومانە كەركووك كوردستانییە و دەگەڕێتەوە، یان زۆرجار گلەیی ئەوەمان لێ دەكەن دەڵێن كە فەرق و جیاوازی كراوە و خزمەتگوزاری بە هەموو شوێنەكانی كوردستان نەگەیشتووە، دەڵێن بەشداریی لە حكومەتێك ناكەین چونكە دەمانەوێ خزمەتگوزاری بە شێوەیەكی یەكسان لە هەموو كوردستاندا بكرێ. من دەمەوێ ئەو راستییانە بۆ هەموو خەڵكی كوردستان باس بكەم، حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارتی بە یەكچاو، بە یەكسان سەیری هەموو بەشەكان و هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستانی كردووە. بەڵام ئەوەی راستی بێت، هەر ئەو لایەنانە بوون كە لەگەڵ بەغدا داوایان دەكرد بودجەی كوردستان دابەش بكرێ، بودجەی كوردستان راستەوخۆ بۆ پارێزگاكان بنێردرێ، واژۆیان لەسەر نامە كردووە و بۆ دادگایان ناردووە، خۆیان داوایان دەكرد دەبێ كوردستان دابەش بكرێ، ئەوەی رێگری كرد لە دابەشكردنی كوردستان، پارتی بوو، ئێستاش پارتی نایەڵێت كوردستان دابەش ببێت. ئەوان داوایان دەكرد بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان شۆڕ ببێتەوە بۆ ئاستی پارێزگاكان، لەسەر داوای خۆیان هەموو مەرجەكانمان قەبووڵ كرد و بودجەی پارێزگاكان بۆ پارێزگاكان شۆڕكرایەوە. لەو شوێنانەی كە پارتی باڵادەست بووە، بودجەی پارێزگاكان بۆ خەڵكی كوردستان بەكار هاتووە و خەرج كراوە، لەو شوێنانەی كە پارتی باڵادەست نەبووە، بودجەی خەڵكی كوردستان بۆ گیرفانی تایبەت و بەرژەوەندیی حزبی و شەخسی بەكار هاتووە، بۆیە خزمەتگوزاری پێشكەشی خەڵك نەكراوە.

 

بەڕێزان:

من نامەوێ بكەوینە وەڵام و وەڵامدانەوە، چونكە ئەمانە تەنیا ڕوونكردنەوەن، حەزم دەكرد هەندێك روونكردنەوە بۆ خەڵكی كوردستان هەبێت چونكە لەوانەیە خەڵكانێك لە ڕاستییەكان تێنەگەیشتبن. حكومەتی هەرێمی كوردستان فەرق و جیاوازی نەكردووە، بودجە بە شێوەیەكی یەكسان بۆ هەموو پارێزگاكان خەرج كراوە، بەڵام ئەوەی كە ئەنجام نەدراوە باڵادەستیی حزبی بووە، شەخسی بووە، هی ئەو لایەنە دەسەڵاتدارە بووە كە لەو شوێنانە نەیانهێشتووە خزمەتی خەڵكی كوردستان بكرێ، ئەوەندەی بیریان لە بەرژەوەندیی شەخسی و حزبیی خۆیان كردووەتەوە، وەكوو ئێرە بیریان لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان نەكردووەتەوە.

 

بەڕێزان:

ئەم پەیامەم بۆ هەموو خەڵكی كوردستانە لە هەموو پارێزگاكانی كوردستان، ئەمجارە ئەگەر دەتانەوێ خزمەتگوزاری بكرێ، ئەگەر دەتانەوێ ئاشتی هەبێت، ئەگەر دەتانەوێ سەقامگیری هەبێت، ئەگەر دەتانەوێ ئەم شتانەی لێرە كراوە لە سنوورەكانی تریش و لە پارێزگاكانی تریش بكرێ، متمانەی خۆتان بدەن بە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، با پارتی سەربكەوێت، تاكوو ئێوەش هەمووتان بەشدار بن و سوودمەند بن لەو كارە خزمەتگوزارییانەی كە پارتی دەیكات. 

پارتی داوا دەكات و دروشمی پارتی دیارە، هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان، پارتی دەیەوێ هاوبەشی راستەقینە بێت لەوەی كە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، بەشدار بێت لە بڕیاردان لەسەر ئاستی حكومەتی فیدرالی، بڕیاردەر بێت لەوەی كە ئاییندەی ئەم وڵاتە بەرەو كوێ دەچێت؟ ئێمە ئامادە نین خەڵكێك خۆی بە خاوەنی وڵاتەكە بزانێت و پێیوابێت هەرچی بڕیارە لەسەر ئێمە دەسەپێنێت، ئێمە نەتەوەیەك نین نە ستەممان قەبووڵ كردووە و نە قەبووڵیشی دەكەین، ئامادە نین بە هیچ جۆرێك لەژێر فشار و ستەمی هیچ ستەمكارێكدا بژین. ئێمە نەتەوەیەكی ئازادیخوازین، بڕوامان بە پێكەوەژیانە، بڕوامان بەوە هەیە كە دەتوانین لە كەشێكی دیموكراسییانەدا، لە هەلومەرجی گونجاودا ئێمە بتوانین گەشە بكەین، ئێمە ئارامیمان دەوێ، چونكە پارتی هەمیشە لە ئارامیدا گەشەی كردووە، فەرموو تەماشا بكەن، رۆژ بە رۆژ ساڵ بە ساڵ دەنگەكانی پارتی زیاتر دەبێت، هۆكارەكەی ئەوەیە چونكە پارتی راستگۆیە لەگەڵ خوای خۆی، لەگەڵ ویژدانی خۆی، لەگەڵ خەڵكی خۆی. خەڵكی پارتیش وەفادارە بەرامبەر بە پارتی، كە دەبینێت پارتی تەنیا قسە ناكات، پارتی تەنیا بەڵێن نادات، بەڵام پارتی ئەوەی دەیڵێت جێبەجێی دەكات، خەڵكی پارتیش وەفادارە و بەردەوامە لەوەی كە متمانەی خۆی بۆ پارتی دووبارە بكاتەوە، ئەمجارەش داواتان لێ دەكەین متمانە بە پارتی بكەنەوە بۆ ئەوەی لە خزمەتی هەموو خەڵكی كوردستاندا بێت. 

ئەگەر لایەن هەبێت حەزی لە ئاژاوە بێت چونكە وەكوو مێشوولە لە زەلكاودا گەشە دەكات، پارتی دەیەوێ ئارامی هەبێت، سەقامگیری هەبێت، ئاسایش هەبێت، چونكە پارتی لەبەر رووناكی و بەرەو رووناكی هەنگاو دەنێت. 

 

خوشك و برایانی بەڕیز و خۆشەویستم

جەماوەری تێكۆشەر

هەڤاڵانی بەڕێز

 

با من بێم باسی هەندێك لە كردەوەكانی خۆمان بكەم، تەنیا قسە نەكەین، ئەوەی كە هیچی پێ نەبێت، ئەوەی نەتوانێت خزمەتی خەڵكی كوردستان بكات، دێ قسە دەكات و دەیانەوێ بۆ شەڕەقسە رامانبكێشن، چونكە هیچیان نییە پێشكەشی خەڵكی كوردستان بكەن، یەك دەستكەوتیشیان نەبووە ئاماژەی پێ بدەن و بڵێن ئەمەمان بۆ كردوون. بەڵام پارتی سەربەرزە بەوەی كە بڵێ لەو حكومەتانەی كە پارتی حكوومڕانی تێدا كردووە، بڵێ ئەمە دەستكەوتەكانی پارتییە. ئەو دەستكەوتانەی كە پارتی هەیەتی بۆ خەڵكی كوردستان دیارن، پارتی دەتوانێ لە بەیانی تاكوو ئێوارە هەموو دەستكەوتەكانتان بۆ بخاتە ڕوو و پێتان بڵێ كە چی كردووە و چیشی لە هەگبەدایە بۆ ئەوەی لە داهاتوو بۆ خەڵكی كوردستان ئەنجامی بدات. ئەوەی پارتی ئەنجامی داوە لە پرۆژەی رووناكی كە لە كاتێكی نێزیك ئینشائەڵا هەموو ناوچەكانی كوردستان دەگرێتەوە و سوپاسی پشوودرێژیی ئێوەش دەكەین، چونكە ئێمە خەڵكی ئەم ناوچەیەین، شەقڵاوەیە، پیرمامە، هەریرە، ویستوومانە هەموو كوردستان ببێ بە خاوەنی كارەبای ٢٤ كاتژمێریی، ئینجا ئێمەش ببینە خاوەنی كارەبای ٢٤ كاتژمێریی. 

ئەو پرۆژانەی تر، لە دروستكردنی ڕێگەوبانەكانە، لە پرۆژە خزمەتگوزارییەكانە، لە (هەژماری من)ە كە دەبێتە ژێرخانێكی ئابووری بۆ پشتیوانیكردن لە گەنج بۆ هەلی كار، بۆ بووژانەوەی ئابووریی كوردستان. ئەو پرۆژانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستی پێكردووە و ئەنجامی داون، هەموو ئەو پلانانە بوون كە پارتی داڕێژەری ئەو پلانانە بووە، حكوومڕانیی پارتی لە حكومەت وایكردووە ئەو پرۆژانە یەك بە یەك سەربكەون و ئێمە سەربەرزین دەتوانین بە هەموو خەڵك بڵێین متمانەمان پێ بكەن، ئەمەتان بۆ دەكەین، چونكە رابردوومان گەواهیدەرە، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی بەڵێنەكانمان جێبەجێ دەكەین، ئەوەی دەتوانین بیكەین كردوومانە، بۆیە لە داهاتووش دەتوانین زیاترتان بۆ ئەنجام بدەین و زیاتر خزمەتگوزاریتان پێشكەش بكەین. 

وەڵامی پارتی بۆ قسەی بێ بنەمای ناحەزەكان، پرۆژەكانمانە، كردەوەكانمانە، چ لە كاتی پێویست بێ قوربانی بدەین ئێمە لە سەنگەری پێشەوە بووین و قوربانیمان داوە، چ ئێستا كە كوردستان شۆڕشی ئاوەدانی تێیدا دەستی پێكردووە، پارتی سەرقافڵەی ئەم شۆڕشەیە و بەردەوام دەبێت لە بەجێگەیاندنی هەموو ئەو پرۆژانەی كە پێویستە بكەونە خزمەتی خەڵكی كوردستان. 

پارتی باسی شەڕ و ئاژاوە ناكات، پارتی باسی بێهیواكردنی خەڵكی كوردستان ناكات، پارتی هەمیشە رووی لە ئاییندەیە، پارتی حزبی هیوایە، حزبی ئومێدە، حزبی گەنجە، حزبی داهاتووە، پارتی ئەو حزبەیە كە هەمووتان ئومێدتان پێیەتی، پارتی ئەو حزبەیە كە دەتوانێ كوردستان بگەیەنێتە لووتكەی سەركەوتن.

پارتی ئامانجیەتی ئێوە بەختەوەر بن و ژیانێكی باشتر هەبێت، پارتی ئامانجیەتی هەموو گەنجێك بیر لە چارەنووسی خۆی بكاتەوە، بیر لە داهاتووی خۆی بكاتەوە، بیر لە ژیانێكی باش و بەختەوەر بۆ خۆی بكاتەوە، بەرنامەشمان هەیە، بەرنامەمان هەیە یارمەتیمان بدەن، ئێوە پشتیوانمان بن، متمانەمان پێ بكەن بۆ ئەوەی هەموو ئەو بەرنامانە بكەین بە ڕاستی، چۆن ئەو شتانەی خەڵك پێیوابوو خەونە كردمان بەڕاستی، ئەوانەی ماویشن ئەوانەش بە پشتیوانیی ئێوە بكەین بە ڕاستی. 

ئێمە دەمانەوێ هەلی كاری یەكسان بۆ هەموو هاووڵاتیان هەبێت، چ ئەوانەی بیانەوێ دابمەزرێن لە حكومەت. بەڕێزان لە ساڵی ٢٠١٣ەوە حكومەتی فیدرالی نەیهێشتووە یەك كەس لە هەرێمی كوردستان دابمەزرێت، بەڵام ئێمە پەكمان نەكەوتووە، ئێمە پەرەمان بە كەرتی تایبەت داوە بۆ دروستكردنی هەلی كار، تا ئێستا زیاتر لە ١٤٠ هەزار هەلی كار لە كەرتی تایبەت دروست كراوە، بەرنامەمان زیاترە بۆ ئەوەی گرنگیی بە كەرتی تایبەت بدەین و هەلی كاری زیاتر بۆ گەنجەكان دروست بكرێ. ئەو بەرنامانەی كە هەمانە لە ئاستی كوردستان بەردەوام دەبن، ئەوانەی كە پێویستە یاسایان بۆ هەموار بكرێتەوە، پێویستە دەستوور جێبەجێ بكرێ، ئەمە ئەركی خوشك و براكانی ئێوەیە، دەنگیان پێ بدەن بۆ ئەوەی بچن لە بەغدا ئەو مافانەشتان بۆ دەستەبەر بكەن. 

ئێمە لەسەر دوو ئاست كار دەكەین، هەم لە كوردستان ئێمە قەت چاوەڕێی ئەوە نابین كە خەڵكێك بێ بڕیار لە چارەنووسی ئێمە بدات، خۆمان بڕیار لە چارەنووسی خۆمان دەدەین، بڕیارمان داوە كوردستان ئاوەدان بكەینەوە، كوردستان ئاوەدان دەكەین ئینشائەڵا. بەڵام بۆ هەموو ئەوانەی كە لە بەغداش بە تەمان پیلانگێڕی بكەن یان رێگریی بكەن، یان نەهێڵن مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان وەكوو خۆی جێبەجێ بكرێ، پێویستە ئێمە ئەمجارە بچینە سەر سندووقی دەنگدان، بە دەنگێكی بەرز هەموو سندووقەكان پڕ بكەین لە لیستی زەرد، لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە لیستی ٢٧٥، بۆ ئەوەی پارتی بەهێزێكی زۆرەوە لە بەغدا بەرگریی لە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بكات. 

من نامەوێ زیاتر لەوە كاتی ئێوە بگرم، بەڵام لە ئەنجامدا دەمەوێ شتێكی تریشتان پێ بڵێم، دەزانم كە ئەم یاریگایە پێویستیی بە نۆژەنكردنەوەیە، ئەوەشتان بۆ دەكەین و ئینشائەڵا نۆژەنی دەكەینەوە. دەزانم داواكاریتان زۆرە، دەزانم هیواتان زۆرە، بەڵام ئێمەش ئەوەمان دەوێ، نامانەوێ ئێوە قەناعەتتان بە دەستكەوتەكانی ئێستا بێت، دەمانەوێ زۆر زۆر زیاتر لەوە داوا بكەن، چونكە هەروەكوو پێشتریش گوتم ئێمە ڕێگەیەكی ئاسانمان هەڵنەبژاردووە، ڕێگەیەكی سەختمان هەڵبژاردووە، چونكە پارتی بەرەو لووتكە دەڕوات، بەرەو لووتكە رۆیشتنیش ئاسان نییە و سەختە، بەڵام بەیەكەوە دەتوانین بگەین بە لووتكە. 

من داوای لێبووردن دەكەم زۆر لە كاتی ئێوەم كوشت، هیوادارم هەمیشە سەركەوتوو بن، جارێكی تریش داوا لە هەمووتان دەكەم خوشك و برایانی بەڕێز، هەموو بە یەكەوە ١١ی ١١، بەرەو سندووقەكانی دەنگدان، دەنگ بە لیستی ٢٧٥ بدەین بۆ سەرخستنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەوەی پێشانی هەموو دونیای بدەین كە پارتی گەورەترین و سەركەوتووترین لیستە لە هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراقدا. هەر سەركەوتوو بن، هەر بژین.

بژی پارتی دیموكراتی كوردستان، بژی كوردستان، زۆر زۆر بەخێر بێن، سەرسەر و سەرچاوان

Fly Erbil Advertisment