ئیسرائیل ئۆتۆمبێلی چینی لەبەر مەترسی سیخوڕی قەدەغە دەکات
بەرپرسانی ئیسرائیلی هۆشداری لەو تەکنەلۆژیا زیرەکانە دەدەن کە لە هەندێک ئۆتۆمبێلی دروستکراوی چیندا هەن و دەڵێن ڕەنگە مەترسی دزەکردنی زانیاری یان سیخوڕییان هەبێتث سوپای ئیسرائیلیش بۆ ڕێگری لەم حاڵەتە دەستی کردووە بە کۆکردنەوەی ئۆتۆمبێلە چینییەکانی ئەفسەرانی سوپا.
ڕۆژنامەی ئیسرائیل هیۆم لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژهی بهوه كردووه، هەڵسەنگاندنەکانی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل دەریدەخەن کە سیستەمی ناوخۆی هەندێک لەو ئۆتۆمبێلانەی دروستکراوی چینن دەتوانن زەمینەی دزەکردنی زانیارییە هەستیارەکان و تەنانەت سیخوڕیش بڕەخسێنن.
رۆژنامەکە باسی لهوهش كردووه: ئەم بڕیارە نائاساییە و لە چوارچێوەی سیاسەتێکی فراوانتردایە بۆ زیاتر سنووردارکردنی ئۆتۆمبێلی چینی، چونکە پێشتریش هاتنی ئۆتۆمبێلی چینی بۆ بنکە سەربازییەکانی سوپای ئیسرائیل قەدەغە کرابوو.
ڕۆژنامەی ئیسرائیل هیۆم هەروەها لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلیەوە ڕایگەیاند: هەندێک ئۆتۆمبێلی دروستکراوی چین سیستەمەکەیان کامێرا، مایک، هەستەوەر و تەکنەلۆژیای پەیوەندی وا لە خۆدەگرێت کە هەندێک جار داتاکان بەبێ ئاگاداری بەکاربەر بۆ سێرڤەرە دەرەکییەکان دەگوازنەوە.
لەمبارەیەوە (ئێنبیسی) نیووز لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: چین بە یارمەتی سێ کۆمپانیای تایبەت یەکێک لە فراوانترین پرۆسەکانی هاکی لە جیهان ئەنجام داوە و دەستی گەیشتووە بە ناوەڕۆکی کورتەنامە و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ملیۆنان کەس، لەوانەش پەیوەندییەکانی کەمپینی هەڵبژاردنیی کامالا هاریس و دۆناڵد ترامپ. بۆیە پێشتریش ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا نیگەرانیان لە ئەگەری چالاکی سیخوڕیی چین دەربڕیوە.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم بڕیارەی سوپای ئیسرائیل بەشێکە لە پڕۆسەیەکی جیهانی، جگە لە ئیسرائیل، هەریەکە لە ئەمریکا و بەریتانیا بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی چینیان لە ناوچە ئەمنییە هەستیارەکاندا قەدەغە کردووە.
ئیسرائیل هیۆم زانیویەتی: ئەم بڕیارە بە شیوەیەکی لەسەر خۆ کەوتوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە قۆناغی یەکەمدا ئۆتۆمبێلی ئەو ئەفسەرانە کۆدەکرێنەوە کە لە پۆستە ئەمنییە نهێنییەکاندان یاخود دەستیان بە زانیاری ئەمنی هەستیار دەگات.
هەر بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، تا کۆتایی چارەکی یەکەمی ساڵی 2026 ئەم پلانە هەموو ئەفسەرانی سوپای ئیسرائیل دەگرێتەوە کە بە پێی هەڵسەنگاندنەکانی سوپای نزیکەی 700 ئۆتۆمبێل دەگیرێن کە زۆربەیان لە جۆری “چێری”ن و جێگای حهوت سەر نشینیان هەیە، ئەم ئۆتۆمبێلانە پێشتر لەلایەن سوپاوە بەخشراوە بەو ئەفسەرانەی کە ژمارەی ئەندامانی خێزانیان زۆرە.
