به‌غدا.. حكوومه‌ت هۆكاری شه‌ڕی نێوان خه‌ڵك و خاوه‌ن مۆلیده‌كانه
عێراقییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه و گرفت و دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان له كه‌رته جیاوازه‌كان و هه‌نگاونان بۆ پێشه‌وه، چاویان له به‌غدای پایته‌ختییانه، كه‌چی به‌غدا خۆی له به‌رانبه‌ر كێشه‌كان ده‌رده‌دار و بێده‌ره‌تان و بێچاره‌یه و وه‌كوو عه‌ره‌ب ده‌ڵێن "یعالج الناس وهو علیل"، له كوردیش گوتراوه "خه‌ڵك شێت بن ده‌چنه ئۆمه‌رمه‌ندان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئۆمه‌رمه‌ندان شێت بێت، ده‌چێته كوێ؟"
ئه‌مه ئه‌و ڕاستییه‌یه كه به‌غدای پایته‌ختی عێراق سه‌ره‌ڕای بوونی دامه‌زراوه باڵاكانی ده‌وڵه‌ت له‌و شاره و مێژوو و شارستانیه‌تیه‌ته كۆن و دێرینه‌كه‌ی، به‌ڵام به‌راورد به‌و پێگه‌یه‌ی هه‌یبووه و ئێستاش ناوه‌ندیی ده‌وڵه‌تداریی عێراقه، كه‌چی ماوه‌ی 22 ساڵه و له دوای ساڵی 2003ـوه، وه‌كوو خۆیان گوتوویانه "مَا أَشْبَهَ اللَّيْلَةَ بِالبَارِحَةِ"، "ئه‌مڕۆمان چه‌ند به دوێنێ ده‌چێت!"
له كاتێكدا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری داوه تاوه‌كوو ساڵی 2026 كاره‌بای هه‌موو كوردستان بكاته 24 كاتژمێری و ئیتر هه‌ر چی مۆلیده‌ی ئه‌هلی گه‌ڕه‌كه‌كان هه‌یه، بیانكوژێته‌وه و ژیان له كوردستان ڕووخسارێكی ته‌ندروستتر و پاكتر وه‌ربگرێت و له‌گه‌ڵ دنیا هه‌نگاوی پێشكه‌وتنه‌كانی بنێت، كه‌چی تازه به تازه له به‌غدای پایته‌ختی عێراق، هاووڵاتییان و خاوه‌ن مۆلیده‌كان كه‌وتوونه‌ته سه‌نگه‌ری دژایه‌تیی یه‌كتری و هۆكاره‌كه‌یشی حكوومه‌ته، كه وێڕای ده‌یان گرێبه‌ستی گه‌وره و زه‌به‌لاح له بواری كاره‌با به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ كۆمپانیا بیانییه‌كان، به‌ڵام نه‌یتوانیوه چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفته بكات و هه‌ندێك هه‌نگاوی پێشكه‌وتوو بنێت و كاره‌بایه‌كی شیاو بۆ هاووڵاتییان و دانیشتووانی پایته‌خته‌كه‌ی دابین بكات، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، تازه (بسم الله)، هاتووه، ئه‌پی "مۆلیده‌ی من"ـی وه‌كوو سیسته‌مێكی نوێ بۆ ڕێكخستن و كارپێكردنی مۆلیده‌كان بۆ هاووڵاتییان داناوه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌م ڕێگه‌یه نرخی كرێی مانگانه‌ی مۆلیده بزانن، به‌ڵام ئه‌مه‌ش هه‌ر زوو، عه‌یبه‌كانی ده‌ركه‌وت.
شه‌وی ڕابردوو له به‌غدا له‌سه‌ر بڕی نرخی مانگی 10 له چه‌ندین گه‌ڕە‌گ ده‌مه‌قاڵه و مشت‌ومڕ له نێوان هاووڵاتییان و خاوه‌ن مۆلیده‌كان دروست بوو، كه خاوه‌ن مۆلیده‌كان زیادكردنی نرخیان خستووه‌ته ئه‌ستۆی حكوومه‌ت و پاساویان ئه‌وه‌یه، كه ته‌نانه‌ت گازوایلی مانگانه‌شیان بۆ دابین نا‌كات، ئه‌مه‌ش ناچاری كردوون، نرخی كرێی مانگانه‌ی كاره‌باكانیان له‌سه‌ر هاووڵاتییان زیاد بكه‌ن.
له كاتێكدا 14 هه‌زار مۆلیده‌ی ئه‌هلی له به‌غدا هه‌یه، زیاتر له دوو هه‌زاریان سكاڵایان كردووه و ڕایانگه‌یاندووه، حكوومه‌ت بڕی گازوایلی مانگانه‌ی پێ نه‌داون، بۆیه ناچار بوون نرخ له‌سه‌ر هاووڵاتییان زیاد بكه‌ن. گوتووشیانه، حكوومه‌ت پێی ڕاگه‌یاندوون، بڕی نرخ دیاریی كراوه و ده‌بێت پابه‌ندی ئه‌و نرخه بن كه بۆیان دیاریی كراوه كه 10 هه‌زار دیناره بۆ ئه‌وانه‌ی گازوایلیان پێ دراوه و ئه‌وانه‌شی پێیان نه‌دراوه.
