ترەمپ: سەرۆکی فەنزوێلا چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: نیکۆلاس مادورۆ سەرۆکی فەنزوێلا، هاوبەشی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکانە و ماددەی هۆشبەر هەناردەی ئەمەریکا و وڵاتانی ئەورووپای دەکەن، بەڵام بە دڵنیاییەوە مادورۆ چەند ڕۆژێکی کەمی لە دەسەڵات ماوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 3ی تشرینی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕیی هەوڵی" سی بی ئێس"، کە ئایا ئەمەریکا هێرش دەکاتە سەر فەنزوێلا؟، ترەمپ گوتی: گومانم هەیە ئەوە ڕووبدات، بەڵام لە بارەی مانەوەی سەرۆکی ئەو وڵاتە، دڵنیام چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە.
واشنتن، فەنزوێڵا بەوە تۆمەتبار دەکات بەوەی سەرچاوەی بازرگانی و بە قاچاخبردنی ماددەی هۆشبەرە بۆ ئەمەریکا، دەشڵێت: لە نێوان سەرۆک و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە و بارزگانەکانی ماددەی هۆشبەردا، هاوبەشی هەیە و حکوومەت ئاسانکاریی گواستەنەوەی ماددەکانیان بۆ دەکات، بە تایبەتی بۆ ئەمەریکا و لەوێشەوە بەرەو ئەورووپا.
هەینی ڕابردوو، ترەمپ ڕەتیکردەوە بڕیاری ئەوەی دابێت بۆردومانی فەنزوێلا بکات، بەڵکو ئامانجی ئەوان تەنیا لێدانە لەو گرووپە مافیا و بازرگانانەی کاری بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەکەن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"، نیکۆڵاس مادورۆ سەرۆکی فەنزوێلا، نامەیەکی ناردووە بۆ دەسەڵاتدارانی ڕووسیا، تێیدا داوای مووشەکی پێشکەوتوو و فڕۆکەی جەنگی کردووە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، فەنزوێلا داوای کردووە، ڕووسیا و چین، هێز ڕەوانەی ناوچەی کاریبی بکەن، بۆ ئەوەی لە بەرانبەر ئەمەریکا پشتیوانی وڵاتەکەی بکەن.
مادورۆ لەلای خۆیەوە ڕەتیدەکاتەوە، کە وڵاتەکەی بوبێت بە سەرچاوەی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان و دەڵێت: فەنزوێلا بێتاوانە، ئەوانەی لە بەرانبەر وڵاتەکەمان دەکرێت، تەنیا هەوڵێکە بۆ هەڵگیرسانی شەڕ لە فەنزوێلا و گۆڕینی دەسەڵاتی وڵات، بۆ ئەوەی بەو بیانووە سامانی نیشتمانی وڵاتەکەمان کە نەوتێکی زۆرە تاڵانی بکەن.
لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، ئەمەریکا چەندین هێرشی بۆ سەر ئەو بەلەمانە ئەنجامداوە کە لە کەناراوەکانی کاریبی بینراون، حکوومەتی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو بەلەمانە لە لایەن فەنزوێلاوە بۆ گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێندرێن، ئامانجیشیان گەیشتنە بە ئەمەریکا، هاوکات لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمەریکا تاوەکوو ئێستا دەیان کەس کوژراون.
