سوپای پاسداران: ئیسماعیل هەنییە بە مووشەکێک "تیرۆرکراوە"
                        سوپای پاسدارانی ئێران وردەکاریی نوێی لەبارەی چۆنیەتیی تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس، ئاشکرا کرد و ڕەتیکردەوە ڕووداوەکە لە ئەنجامی بۆمبێکی پێشوەختە لە ژوورەکەیدا بووبێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سوپای پاسداران، هێرشەکە لە ڕێگەی مووشەکێکەوە ئەنجامدراوە لە دوورییەکی دیاریکراوەوە ئاراستە کراوە. مووشەکەکە سەرەتا بە وردی بەر پەنجەرەی ژوورەکە کەوتووە و دواتر بەر جەستەی هەنییە کەوتووە.
سوپای پاسداران ڕوونیشیکردەوە لە کاتی هێرشەکەدا، هەنییە بە تەلەفۆن قسەی کردووە و ڕووی لەو ئاراستەیە بووە کە مووشەکەکەی لێوە هاتووە، ئەمەش "نیشانەی ئەو وردبینییە بووە، ئۆپەراسیۆنەکەی پێ ئەنجامدراوە."
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەشدا دوای ڕووداوەکە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کۆبووەتەوە و بە کۆی دەنگ بڕیاری تۆڵەسەندنەوەی داوە، بەڵام کات و شێوازی وەڵامدانەوەکەی بۆ هێزە چەکدارەکان جێهێشتووە.
ئیسماعیل هەنییە لە کۆتایی مانگی تەممووزی ئەمساڵدا، لە کاتی سەردانێکیدا بۆ تاران و دوای بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری نوێی ئێران، لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیدا تیرۆرکرا.
پێشتر یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، دانی بەوەدا نابوو وڵاتەکەی لە پشت تیرۆرکردنی هەنییەوەیە. لە بەرامبەردا، بزووتنەوەی حەماس ئەو بانگەشەی ئیسرائیلی ڕەتکردبووەوە کە گوایە هێرشەکە لە ڕێگەی بۆمبێکی پێشوەختە چێندراوەوە لە ژوورەکەیدا ئەنجامدراوە.
بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، 31ـی تەممووزی2024، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا. هەنییە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران لە تاران بوو.
