ئەمەریکا: ئەگەر حەماس چەک دانەنێت بە زەبری هێز پێیدادەنێین
                        ڕاپۆرتێکی نوێی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەکات، ئەمەریکا ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی بۆ چەند ئەندامێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ناردووە و تێیدا داوای دامەزراندنی هێزێکی سەقامگیری نێودەوڵەتی لە غەززە بۆ ماوەی لانیکەم دوو ساڵ کردووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوون کراوەتەوە، لەسەر پێشنیازی ئەمەریکادا هاتووە هێزی سەقامگیری ئاسایشی سنووری غەززە لەگەڵ میسر بپارێزێت.
هەروەها ئاشکرای کردووە، مەبەستی ئەو هێزە بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیری کەرتی غەززە دەبێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، پێشنیازی ئەمەریکا بریتییە لە پاراستنی ڕێڕەوی مرۆیی لە غەززە و ڕاهێنانی پۆلیسی فەڵەستین و داماڵینی چەک لە حەماس ئەگەر خۆبەخشانە چەکەکانی خۆی ڕادەست نەکات.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە "بەهێزە ".
پێشتر لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لە کەناڵی 'سی بی ئێس' پەخشکرا، ترەمپ ڕایگەیاند، "دەکرێت دەستبەجێ حەماس لەناو ببرێت، ئەگەر بە باشی ڕەفتار نەکەن، ئەوانیش ئەوە دەزانن".
هەروەها ئاماژەی بەوەدا "دەتوانێت زۆر بە خێرایی حەماس لە چەک داماڵێت ئەگەر بیەوێت".
