کریستیانەکانی دهۆک پشتیوانیی خۆیان بۆ لیستی 275ـی پارتی دووپات کردەوە
لە گوندی بادەرەش لە سنووری ناحیەی سەرسەنگ، کریستیانەکانی پارێزگای دهۆک جەخت لەسەر پشتیوانیی خۆیان بۆ لیستی 275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەنەوە بۆ هەڵبژاردنەکان.
زیاد بادەرەشی، موختاری گوندی بادەرەش، بە کوردستان24ـی گوت: ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکی مێژوویی و قووڵ لەنێوان کریستیانەکان و پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەیە، گوتیشی: "لەسەرەتاوە تا ئێستا، ئێمە لەگەڵ پارتی بووین، چونکە پارتی هەمیشە خزمەتی ئێمەی کریستیانی کردووە، هاوکارمان بووە و پشتیوانیی لێکردووین."
هاووڵاتیانی کریستیانی دیکەی ناوچەکەش هەمان بۆچوونیان هەیە و دەڵێن کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە پارێزەری ماف و ئازادییەکانیان بووە و ژیانێکی ئارام و سەقامگیری بۆ دابین کردوون.
شەمسون خیبیاس شابە، یەکێک لە هاووڵاتیان، گوتی: "بوون و مانەوەی ئێمە لەم ناوچەیەدا پەیوەستە بە بوونی دراوسێ کوردەکانمانەوە، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ئێمە و کورد دەتوانین پێکەوە بژین و چارەنووسمان هاوبەشە."
سەهیرە مینا هەنا، هاووڵاتییەکی دیکەی کریستیان، باسی لەوە کرد، ڕێزێکی زۆریان لەلایەن کوردەوە لێ گیراوە و هیچ کێشەیەکی نەتەوەییان لەگەڵیاندا نەبووە. ئەو دەشڵێت: "باوکم پارتی بوو و باوەڕی بە کوردایەتی هەبوو، ئێمەش لەسەر هەمان ڕێچکە و ڕێباز بەردەوام دەبین."
زیاتر لە 50 هەزار کریستیان لە پارێزگای دهۆک نیشتەجێن و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نزیکەی 100 کەنیسە و شوێنی ئایینی بۆ دروستکردوون. کریستیانەکانی دهۆک دووپاتی دەکەنەوە کە لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بە لیستی 275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن، چونکە بە پارێزەری مافەکانی خۆیانی دەزانن لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق.
