گرۆسی داوای باشترکردنی هەماهەنگی ئێران دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2025، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند، لە دوای جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، تەنیا 10 پرۆسەی پشکنیمان لە ئێران ئەنجامداوە، لە کاتێکدا پێویستە ئێران هاوکاریی زیاتری تیمەکانمان بکات بۆ گەیشتن بە ناوەندە ئەتۆمییەکان، بەڵام تاوەکوو ئێستا ڕێگە بە تیمەکانمان نەدراوە سەردانی هەندێک لە بنکە ئەتۆمییەکان بکەن. 

ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە ڕۆژنامەی " فاینانشاڵ تامیز"ی، ڕاگەیاندووە، تیمەکانی پشکنینی وزەی ئەتۆمی، پشکنینیان بۆ 10 شوێنی جیاواز لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران کردووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرەنجە، حکوومەتی ئێران ڕێگری کردووە لە سەردانی تیمەکان بۆ چەند ناوچەیەکی دیاریکراو، بۆیە پێویستە ئێران هاوکاری زیاتری تیمەکان بکات، ئەمەش وادەکات گرژییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی ئەورووپا کەمتر ببێتەوە. 

گرۆسی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران، کە 12 ڕۆژی خایاند، تیمی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی گەڕاوەتەوە ئێران بۆ پشکنینی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە، بەڵام ڕێگری کردنی ئێران لە چوونە ناوەوەی هەندێک ناوچە و شوێنی مەبەست، پرۆسە و چالاکیی پشکنینەکانی زەحمەت کردووە، بە تایبەتی حکوومەتی ئێران ڕێگەی نەداوە تیمەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بچنە وێستگەی فۆردۆ، نەتنەز و ئەسفەهان، کە لە بەرە بەیانی 22ی حوزەیرانی ئەمساڵ، هێزی ئاسمانی ئەمەریکا بە فڕۆکەی بۆمبهاوێژی B-2 هەرسێ بنکە ئەتۆمییەکەی بۆمبباران کرد. 

سەرەڕای ئەوەی وا دەرناکەوێت ئێران بە شێوەیەکی چالاکانە یۆرانیۆم بپیتێنێت، بەڵام بەم دوایانە جموجووڵی نوێ لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتەدا بەدی کراوە و بەردەوامیش ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە، بەرنامە ئەتۆمییەکانی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆم نییە، بەڵکو بۆ پرۆژەی مەدەنی و ئاشتییە.

پێشتر، ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، باسی لەوەکردبوو، دوای هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران لە حوزەیرانی ئەمساڵ، ئێران هاوکارییەکانی بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سنووردار کردووە، بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بە تەواوی زیانیان پێ گەیشتووە، بەڵام توانا و شارەزاییەکانیان هێشتا پارێزراون. 

باسی لەوەش کردبوو، هێشتا ئێران 60%ی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ماوە، ئەگەر بیەوێت دەتوانێت نزیکەی 10 بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات.

بەگوێرەی زانیارییەکان، دوای هێرشەکان، ئێران هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕاگرت، بەڵام لە مانگی ئەیلوولدا، هەردوولا لە قاهیرە گەیشتنە ڕێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment