پۆ‌مپێیۆ و خامنه‌یی له تویته‌ر رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه
خامنه‌یی ره‌خنه له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ریكا ده‌گرێت و پۆمپێیۆش وه‌ڵامێكی توندی ده‌داته‌وه
K24- هه‌ولێر:
مایك پۆ‌مپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ره‌خنه‌ی توندی ئاراسته‌ی عه‌لی خامنه‌یی، رێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران كرد، دوای ئه‌وه‌ی خامنه‌یی ره‌خنه‌ی له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا گرت.
له تویتێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی تویته‌ر، پۆ‌مپێیۆ رووی قسه‌كانی له خامنه‌یی كرد و نووسیویه‌تی، "خودی خۆت به ملیۆنان دۆلارت له گه‌لی خۆت دزیوه. هه‌ڵبژاردنی ئێوه ته‌نیا گاڵته‌یه‌كه، كه به سه‌دان كاندید له ركابه‌ری دوور خرانه‌وه".
پۆ‌مپێیۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌مڕۆ گه‌له‌كه‌ت به‌ده‌ست برسیه‌تییه‌وه ده‌ناڵێنێت، چونكه تۆ له‌پێناو پارێزگاریكردن له ده‌سه‌ڵاتی دزه‌كان به ملیاره‌ها له جه‌نگه به‌وه‌كاله‌ته‌كان خه‌رج ده‌كه‌یت".
.@khamenei_ir - You’ve personally stolen hundreds of millions of dollars from your people. Your elections are a joke, with hundreds of candidates disqualified from even running. Today, your people starve because you spend billions on proxy wars to protect your kleptocracy. pic.twitter.com/4pCD6ilguC
— Secretary Pompeo (@SecPompeo) November 7, 2020
ئه‌م گوتانه‌ی پۆ‌مپێیۆ له وه‌ڵامی تویتێكی خامنه‌ییدا هاتوون، كه هه‌ژماره تایبه‌ته‌كه‌ی له تۆڕی تویته‌ر بڵاوكرایه‌وه و به زمانی ئینگلیزی ره‌خنه‌ی له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ریكا گرت و نووسیبووی: "دۆخی ناوخۆی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كه خۆیان له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانیان باسی لێوه ده‌كه‌ن، ته‌نیا شانۆگه‌رییه‌كه! ئه‌مه نموونه‌یه‌كه له‌سه‌ر روخسارێكی ناشیرنی دیموكراتیه‌تی لیبراڵی له ئه‌مه‌ریكا".
خامنه‌یی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دابوو، "به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌نجامه‌كان، ته‌نیا شتێكی روون و ئاشكرا هه‌یه، ئه‌ویش نیشاندانی رووخسارێكی نوێی سیاسی، مه‌ده‌نی و ئه‌خلاقی راسته‌قینه‌ی "رژێمی" ئه‌مه‌ریكایه".
سه‌رچاوه: تویته‌ر
H.B