ئەمەریکا مووشەکێکی بالیستیی ستراتیجیی تاقیکردەوە

ساتی هەڵدانی مووشەکەکە، وێنە: ماڵپەڕی Air force
ساتی هەڵدانی مووشەکەکە، وێنە: ماڵپەڕی Air force

تیمێکی هاوبەش لە فەرماندەیی لێدانە جیهانییەکانی سەر بە هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا و پاسەوانانی بنکەی ئاسمانیی ڤاندنبێرگ لە کالیفۆرنیا، مووشەکێکی بالیستیی کیشوەربڕی بێکڵاوەی جەنگی (unarmed) لە جۆری "Minuteman III" هەڵدا، ئەمەش لە چوارچێوەی تاقیکردنەوەی یەکێک لە چەکە نوێیەکانی ئەمەریکادا بوو.

چوارشەممە، 5ـی تشرینی دووەم 2025، ماڵپەڕی 'Air Force' ڕایگەیاند، ئەم هەڵدانە تاقیکارییە، بەشێکە لە چالاکییە ڕۆتینی و خولییەکان بۆ سەلماندنی ئەوەی کە توانای ڕێگریی ئەتۆمیی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی سەدەی 21 هێشتا پارێزراو و جێی متمانە و کاریگەرە. 

جێری ئاشۆرس، وەزیری هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا بە وەکالەت، جەختی لەوە کردەوە "هەڵدانی تاقیکاریی مووشەکی "Minuteman III"ی ئەمڕۆ، تەنیا یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە وەزارەتی هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا ئاستی ئامادەیی و وردی و پیشەگەریی هێزە ئەتۆمییەکانی ئەمەریکا نیشان دەدات."

بەگوێرەی ئاشۆرس، دوای زیاتر لە 300 تاقیکردنەوەی هاوشێوە لە ڕابردوودا، ئەم تاقیکردنەوەیە بە تایبەتی بەشێکە لە پابەندبوونی بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە پاراستنی هێزێکی ڕێگریی جێی متمانە و وەڵامێک نییە بۆ ڕووداوە جیهانییەکانی ئێستا.

کێشی ئەم  مووشەکە 36 تۆنە و تیرەکەی 1.67 مەترە، دەتوانێت مەودای  9 هەزار و 660 کیلۆمەتر بە خێرایی 24 هەزار کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا ببڕێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment