کرێملن: هیچ پلانێک بۆ دیداری پوتن و ترەمپ نییە
گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا ڕایگەیاند: تا ئێستا هیچ پلانێک بۆ مەبەستی بەڕێوەچوونی دیداری نێوان هەردوو سەرۆکی ڕووسیا و ئەمەریکا لە ئارادا نییە.
چوارشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2025، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن)، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: واشنتن، مۆسکۆی لە تاقیکردنەوەی هەڵدانی مووشەکی بالیستیکی کیشوەربڕ ئاگادار کردووەتەوە.
هاوکات هیوای خواست، ئەو لێدوانانەی کە لە بارەی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان دەدرێن، کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتن نەبێت.
پیسکۆڤ، لە بارەی دیداری پوتن و ترەمپ، ئاشکرای کرد، تا ئێستا هیچ پلانێک لە ئارادا نییە بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا دیداری ئەو دوو سەرۆکە بەڕێوە بچێت.
پێنجشەممە 16ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس نووسیبووی: لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوو، لەگەڵ پوتن لە بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا دیداری دەبێت، ئەو لێدوانەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە بە تەلەفۆن لەگەڵ پوتن قسەی کرد.
چوارشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکە بڵاوی کردبووەوە، کۆشکی سپی ئامادەکارییەکانی بۆ دووەم دیداری لوتکەی نێوان ترەمپ و پوتن ڕاگرتووە.
هەروەها لە ڕۆژی پێنجشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2025 ترەمپ ڕایگەیاندبوو، دیدارەکەی لەگەڵ پوتن لە بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا هەڵوەشاندووەتەوە.
