بەهۆی هێرشی سەر جووەکان ئوسترالیا سوپای پاسدارانی ئێرانی خستە لیستی تیرۆر
پەرلەمانی ئوسترالیا دەنگی بە پرۆژە یاسایەک دا کە ڕێگە بە حکوومەتی ئەو وڵاتە دەدات سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک گرووپێکی تیرۆریستی بناسێنێت.
پێنجشەممە، 6ـی تشرینی دووەم 2025، ئاژانسی هەواڵی 'ئیرنا' بڵاوی کردەوە "پەرلەمانی ئوسترالیا لە هەنگاوێکی دژە ئێرانی و لەسەر بنەمای تۆمەتی ناڕەوا، پرۆژە یاسایەکی تێپەڕاندووە کە ڕێگە بە حکوومەتی فیدراڵی ئوسترالیا دەدات، سوپای پاسداران لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکاندا تۆمار بکات."
پارتی کرێکارانی ئوسترالیا، هەمواری پرۆژە یاسای (پاراستنی وڵات لە تیرۆریزم)ی بۆ ساڵی 2025 پێشکەش بە پەرلەمانی وڵاتەکە کرد و ڕایگەیاندووە "ئەم یاسایە پاش بڵاوبوونەوەی زانیاریی پشتڕاستکراوە سەبارەت بە ڕۆڵی سوپای پاسداران لە دوو هێرشی دژە جوو، لە گەورەترین شارەکانی ئوسترالیا، پێشکەش بە پەرلەمان کراوە."
بە گوێرەی هەمواری پرۆژە یاساکە، لە کاتی بوونی بەڵگەی تەواودا، دامەزراوە دەوڵەتییە بیانییەکان، وەک پشتیوانانی تیرۆر دەناسرێن و هەر ئەمڕۆ، پێنجشەممە لە ئەنجوومەنی پیرانی ئوسترالیا بەبێ هیچ دەستکارییەک دەنگی لەسەر درا.
میشێل ڕۆلند، دادوەری گشتیی ئوسترالیا، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "کاری سەرەکیی دەوڵەتی ئێمە، پاراستن و ئاسایشی گشت دانیشتوانی ئوسترالیایە؛ هەر بۆیە لەسەر بنەمای بەڵگەی بێگومان، دەنگمان بەم پرۆژە یاسا گرنگە دا."
ئەو، هەروا گوتی: ئەم یاسایە، هۆشدارییەکە بۆ هەموو وڵاتان و ئەوانەی پشتیوانیی لە دروستکردنی دووبەرەکی، ترس، ئاژاوە و تێکدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی ئوسترالی دەدەن. ئەم یاسایە، ڕێگریی لەو هەنگاوە دوژمنکارییانە دەکات و وەڵامی قورستر و گرانتریان دەداتەوە.
مانگی ئابی ڕابردوو، حکوومەتی ئوسترالیا باڵیۆزی ئێران، ئەحمەد سادقی، لە وڵاتەکەی دەرکرد و هەنگاوی ناوە بۆ ناساندنی سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە دەزگای هەواڵگریی ئوسترالیا پەیوەندی لەنێوان تاران و هێرشە ئاگرتێبەردانەکانی سەر پەرستگایەکی جووەکان لە مێلبۆرن و چێشتخانەیەک لە سیدنی دۆزییەوە. هاوکات، ئەڵمانیاش باڵیۆزی ئێرانی بانگهێشت کردووە دوای دەستگیرکردنی گومانلێکراوێک بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بەسەر دامەزراوە جووەکانەوە لە بەرلین.
