توێژەرە ئیسرائیلییەکە وردهكاریی ڕفاندنی لە لایەن چەکدارە عێراقییەکانەوە ئاشکرا دەکات
ئهلیزابێس چۆرکۆڤ، توێژەری ڕووسی-ئیسرائیلی، بۆ یەکەمجار لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "نیۆیۆرک تایمز"، پەردە لەسەر چیرۆکی ڕفاندن و ئەشکەنجەدانی بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ و نیو لەلایەن میلیشیای کەتائیبی "حزبوڵڵای عێراقی"ـیەوە هەڵدەداتەوە.
چۆرکۆڤ، کە لە 21ی ئاداری 2023، لە بەغدا ڕفێندرا و لە 9ـی ئەیلوولی 2024 ئازادکرا، وردەکاریی ئەو مامەڵە دڕندانەیەی ئاشکرا کرد کە لەماوەی بە بارمتەبوونیدا ڕووبەڕووی بووەتەوە.
وردەکارییەکانی ڕفاندن و ئەشکەنجهدان
بەگوێرەی گێڕانەوەکەی چۆرکۆڤ، ئەو لە ڕێگەی ژوانێکی ساختەوە لە 21ی ئازاری 2023 لە ناوەڕاستی بەغدا هەڵخەڵەتێندراوە و دواتر بە زۆر خراوەتە ناو ئۆتۆمبێلێکی ڕەشەوە و دواتر، ڕووبەڕووی لێدان و دەستدرێژی سێکسی بووەتەوە.
چۆرکۆڤ ئاماژەی بەوە دا، بۆ ماوەی 903 ڕۆژ لە ژوورێکی بێپەنجەرەدا بەند کراوە و لەو ماوەیەدا هەرگیز تیشکی خۆری نەبینیوە.
ئەو، شێوازە جۆراوجۆرەکانی ئەشکەنجەدانەکەی خستەڕوو، لەوانە:
هەڵواسین: بە بنمیچەوە هەڵواسراوە و وەک توورەکەی مشتەکۆڵە لێیان داوە.
تەزووی کارەبا: بە تەزووی کارەبا ئازار دراوە.
لێدانی توند: بەهۆی لێدانی دڕندانەوە یەکێک لە ددانەکانی لەدەست داوە.
ڕاپۆرتە پزیشکییەکان دوای ئازادبوونی، زیانی هەمیشەیی دەماری و برینی جەستەیی مەترسیداریان پشتڕاست کردووەتەوە. چۆرکۆڤ دەڵێت دڕندانەترین ئەشکەنجەدان لە چوار مانگی یەکەمدا بووە، هاوکات لەگەڵ پێدانی خۆراکی خراپ و زیندانی تاکەکەسی.
گۆڕینی شوێن و باشتربوونی مامەڵە
چۆرکۆڤ پێی وایە شوێنی سەرەکیی دەستبەسەرکردنی لە ناوچەیەکی دەرەوەی کۆنترۆڵی حکوومەت لەسەر سنووری ئێران بووە، تەنانەت لەکاتی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هەستی بە لەرزینەوەی ئەو باڵەخانەیە کردووە کە تێیدا زیندانی کرابوو.
دوای مانگی تەمموزی 2023، گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە و مامەڵەی ڕفێنەرەکانی لەگەڵیدا تا ڕادەیەک باشتر بووە. چیتر ئەشکەنجە نەدراوە و کتێب، تەلەڤزیۆن و خواردنی باشتریان بۆ دابین کردووە، بەڵام هەر لە زیندانێکی تاکەکەسی و لەژێر ئازاری بەردەوامدا ماوەتەوە.
هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی
ئازادکردنی چۆرکۆڤ لە 9ی ئەیلوولی 2024 دوای گوشارە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا هات. بەگوێرەی چۆرکۆڤ، ئیدارەی ترەمپ لە ڕێگەی کەسایەتییەکانی وەک مارک ساڤایا و ئادەم بۆهلەرەوە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان گێڕاوە، کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو بارەوە گفتوگۆیان کردووە.
چۆرکۆڤ جەخت دەکاتەوە و دەڵێت: من بەڕاستی بڕوام وایە دەمردم ئەگەر ئەوان [بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ] بەو شێوە بەردەوامە و بەو سووربوونە باوەڕپێنەکراوەوە هەوڵیان نەدابا.
ئەو، بڕیاری داوە چیرۆکەکەی بڵاو بکاتەوە بۆ ئەوەی دەنگی ئەو عێراقیانەش بگات کە لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانەوە ڕووبەڕووی ڕفاندن و ئەشکەنجە دەبنەوە. چۆرکۆڤ، ئێستا لەژێر چارەسەری جەستەیی و دەروونیدایە، کە بە گوتەی پزیشکەکان، ماوەیەکی زۆری پێویستە بۆ چاکبوونەوەی.
