ئەنجوومەنی باڵای دادوەری: زیاتر لە 37 هەزار کەس بە لێبووردنی گشتیی ئازادکراون
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2025، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ئاماری نوێی لەبارەی جێبەجێکردنی هەمواری یاسای لیبووردنی گشتی بڵاوکردەوە لەگەڵ ئەو بڕە پارانەی کە بەپێی یاساکە وەرگیراونەتەوە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "کۆی گشتی ئەو کەسانەی لە زیندان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن کە بە پێی یاسای لێبووردنی گشتی ئازاد کراون، گەیشتووەتە 37 هەزار و 253 کەس، ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی ئەوانەی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، لەگەڵ ئەوانەی بە کەفالەت ئازاد کراون و ئەوانەشی بە غیاب سزادراون، گەیشتووەتە 150 هەزار و 471 کەس."
لە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری هاتووە، کۆی گشتیی ئەو بڕە پارانەی وەرگیراونەتەوە، گەیشتووەتە 40 ملیار و 901 ملیۆن و 459 هەزار و 869 دینار، ئەو پارانەشی بە دۆلار وەرگیراوەتەوە، 34 ملیۆن و 347 هەزار و 414 دۆلار و 44 سەنتە.
لە مانگی کانوونی دووەمی 2025، هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی ژمارە 27ـی ساڵی 2016، دەنگی لەسەردرا و پەسەند کرا، لە یاساکەدا ئەوکەسانەش دەگرێتەوە کە بەهۆی گەندەڵییەوە سزادراون.
