لێدوانی مەسرور بارزانی بۆ کوردستان24: هیوادارم لە 10 ساڵی داهاتوو هەرێمی کوردستان بچێتە قۆناغێکی نوێوە
لە کاتی بەسەرکردنەوەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، کار و پرۆژەکانی حکوومەت دەگەینین بە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە وەڵامی پرسیاری شەیما بایز، پەیامنێری کوردستان24، ڕایگەیاند : سوپاسی خالید خۆشناو و کۆمپانیای جێبەجێکار دەکەم، کە ئەمە دوا قۆناغی گەیاندنی ئاوە بۆ شاری هەولێر، ئەم پرۆژەیە خزمەتێکی زۆری هەولێر و هەرێمی کوردستان دەکات و کارەکانی پرۆژەکە زۆر بە سەرکەوتوویی کراون، هەروەها توانییان لە کاتێکی پێوانەیی کارەکانی پرۆژەکە تەواو بکەن.
مەسرور بارزانی گوتی: هەموو ئەو کەسانەی سەردانی ئێرەیان کردووە، پێیان وابوو ئەم پرۆژەیە پێویستی بە سێ ساڵ هەیە تاوەکوو تەواو دەکرێت، بەڵام خۆشبەختانە توانرا لەم ماوەیە کەمە دا تەواو بکرێت.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، جێگای دەستخۆشییە تەواوی کارەکانی پرۆژەکە بە هێز و بازوویی ناوخۆیی کراوە، هەروەها تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بەکارهاتووە بۆ دڵنیابوون لە جۆری ئاو، هەموو ئەو پرۆژانەی جێبەجێ دەکرێن ئامانج لێی خزمەتکردنی هاووڵاتییانە.
سەرۆک وەزیران، گوتیشی: هیوادارین هەرێمی کوردستان لە هەموو سێکتەرەکان پێشکەوتنی باش بەخۆیەوە ببینێت، بەشێک لەو کارانەی سەرەتا کراون، وەک ژێرخان پێویستبووە، بۆ ئەوەی ئەو ژێرخانە سەرکەوتووبێت پێویستە کار و پرۆژەکان خێراتربکرێن، هەموو ئەو پرۆژانەی لە ڕابردوو کراون، ئەنجامی باشیان هەبووە، لە داهاتوو کاری زۆر باشتر دەکرێن.
هەروەها ڕایگەیاند: سوپاسی کۆمپانیای هێمن گرووپ دەکەین بۆ کارەکانی و بۆ ئەو متمانەی بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان هەیە، ئەو پەیوەندییە تەندروستییەی لە نێوان کۆمپانیاکان و حکوومەت هەیە، هۆکاری سەرکەوتنی ئەم پرۆژەیە، هیوادارین لە سلێمانی ئەم کارانە بکرێن و ئەو کۆمپانیانەی دەستنیشان دەکرێن بۆ جێبەجێکردنی کارەکانیان لە کاتێک نزیک کارەکانیان تەواو بکەن.
مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد، هیوادارین خودای گەورە هاوکارمان بێت بۆ هەموو ئەو پرۆژانەی لە خەیاڵمانن جێبەجێیان بکەین، بەڵام تواناکانی ئێمەش وەک حکوومەت سنووردارن، بەتایبەتی لەم ماوەیە دا زۆر دژایەتی ئێمە کرا بۆ سنووردارکردنی کار و پرۆژەکانمان، بەڵام بەگوێرەی توانا ئابوورییەکانی حکوومەت دەمانەوێت کار و پرۆژەکان بگەینینە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان.
مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: نامانەوێت وەڵامی هیچ کەس و لایەنێک بدەینەوە، ئەوەی لای ئێمە گرنگە ئاسودەبوون و سوودمەندبوونی هاووڵاتییانە، ئێمە خزمەتی هاووڵاتییان دەکەین، گرنگ نییە کەسێک خۆفرۆشبێت یان خاکفرۆشبێت یان تیرۆریستبێت یاخود بەکرێگیراوبێت، چۆن بیردەکاتەوە ئەمە کێشەی خۆیەتی، ئەوەی لای من گرنگە دایکی شەهید و خانەوادەی پێشمەرگە و هاووڵاتییەکی ئاسایی چۆن بیردەکاتەوە.
سەرۆکی حکوومەت گوتی: ئەوەی کردوومانە بە ئەرکمان زانیوە و هیوادرم سوودی لێببینن، بەڵام زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاو و هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشیان دەکرێت نەکەن، هەروەها داوا لە هەموو هاووڵاتییان دەکەم لەگەڵ ئێمە بەشداربن بۆ باشترکردن و جوانترکردنی وڵاتەکەمان و ژینگە بپارێزن و هاوکاری حکوومەت بن
