مەسرور بارزانی: پرۆژەی فریاگوزاری گەیاندنی ئاوی هەولێر خزمەتێکی زۆری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە کاتی کردنەوەی قۆناخی دووەمی پرۆژەی فریاگوزاری گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر، ڕایگەیاند: کارەکانی پرۆژەی فریاگوزاری گەیاندنی ئاو بۆ ناو شاری هەولێر لە کاتێکی پێوانەیی تەواو کراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، قۆناخی دووەم وکۆتایی پرۆژەی فریاگوزاری گەیاندنی ئاوی بۆ ناو شاری هەولێر کردەوە.
دوای بەسەرکردنەوەی بەشەکانی پرۆژەکە، سەرۆکی حکوومەت سوپاسی کۆمپانیای جێبەجێکار (هێمن گرووپ) و خاوەنی کۆمپانیاکە خالید خۆشناوی کرد و گوتی، ئەم پرۆژەیە خزمەتێکی زۆری هەولێر و هەرێمی کوردستان دەکات و کارەکانی پرۆژەکە زۆر بە سەرکەوتوویی کراون، هەروەها توانییان لە کاتێکی پێوانەیی کارەکانی پرۆژەکە تەواو بکەن.
سەرۆکی حکوومەت هەروەها گوتی: هەموو ئەو کەسانەی سەردانی ئێرەیان کردووە، پێیان وابوو ئەم پرۆژەیە پێویستی بە سێ ساڵ هەیە تاوەکوو تەواو دەکرێت، بەڵام خۆشبەختانە توانرا لەم ماوە کەمەدا تەواو بکرێت کە جێگەی دەستخۆشییە تەواوی کارەکانی پرۆژەکە بە هێز و بازوویی ناوخۆیی کراوە، تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بەکارهاتووە بۆ دڵنیابوون لە جۆری ئاو.
تێچووی پرۆژەکە 480 ملیۆن دۆلارە و قۆناخی یەکەمی لە مانگی تەمموزی ئەمساڵ کرایەوە کە له ڕۆژێكدا، 480 ههزار مهتر سێجا ئاو دەپاڵێوێت.
