مەسرور بارزانی: لە چەند ساڵی ڕابردوودا 140 هەزار هەلی کارمان لە کەرتی تایبەت ڕەخساندووە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ گەنجان ئاماژەی بەوە دا، پێویستە گەنجەکانی ئێمە ئاسوودە بن و دڵنیا بن لەوەی ئەگەر حەزیان لە کارکردن بێت دەرفەتی یەکسانیان بۆ دەڕەخسێت بۆ ئەوەی کار بکەن.

دەشڵێت: دوو جۆرە کارکردن هەیە لە کوردستان، لە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت، لە ساڵی 2013ـەوە حکوومەتی عێراق ڕێگەی نەداوە خەڵک لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی هەمیشەیی لە کەرتی گشتی دابمەزرێت، ئەوەش ڕێگری بووە لەوەی خەڵک لە کەرتەدا کار بکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا لە کەرتی تایبەت دەکرێت دەرفەتی کار بۆ گەنجەکانمان فەراهەم بکرێت.

گوتیشی: تاوەکوو ئێستا 140 هەزار هەلی کار بۆ گەنجەکانمان لە کەرتی تایبەت ڕەخسێنراوە، پرۆژەی دیکەمان هەیە وەک پڕۆژەی گەشانەوە، کە هاوکاری گەنجانمان دەکات تا ببنە خاوەنی کاری خۆیان ئەو پرۆژەیە بەردەوامە، ئێمە هاوکاری گەنجەکانمان دەکەین بۆ ئەوەی کاری خۆیان فراوانتر بکەن.

هاوکات لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، دەبێت ژێرخانێکی دروستی ئابووریمان هەبێت، ئەگەر ئەو ژێرخانە دروست بوو ئەو کات هاووڵاتییان دەتوانن سوود لە خزمەتگوزارییەکانی بانک وەربگرن، ئەمەش بەشێکی گرنگە بۆ دروستکردنی هەلی کار بۆ گەنج.

زیاتر گوتی: لە لایەکی دیکەوە دروستکردنی هەلی کار دەگەڕێتەوە بۆ پرۆژەکانی حکوومەت، لە کوردستان نەمانویستووە تەنیا گرنگی بە نەوت و غاز بدەین، بەڵکوو گرنگیمان بە کەرتی کشتوکاڵ داوە، ئابووریمان فرەچەشن کردووە.

باسی لەوەش کرد، ئەو بەرنامەیەی کە دەستمان پێکردووە، بە تایبەت لە سێکتەری کشتوکاڵ وای لێ هات بەرهەمی جووتیارانمان لە ناوخۆ ساغ بکرێتەوە، بە تەنیا ئەوەش نا بەڵکو دەرگای هەناردەکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکانمان بۆ دەرەوەی کوردستان کردووە، ئەمەش وای کرد خەڵکێکی زۆر ڕوو لە کشتوکاڵ بکەن و پەرە بە بەرهەمەکانیان بدەن و دەرفەتی کاریش لەو کەرتە زیاتر بێت.

لە بارەی سێکتەری گەشتوگوزاریش کە هەلی کار زۆری دەڕەخسێنێت، مەسرور بارزانی گوتی: یارمەتی زۆری ئەو کەرتەمان داوە و هێشتا لە سەرەتاین بەرنامەی زۆر زیاترمان هەیە کە گرنگی بە هەموو کوردستان بدەین، چونکە هەموو شوێنێکی کوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە.

هەروەها جەختی لەوە کردەوە، لە کابینەی داهاتوودا گرنگییەکی زیاتر بە کەرتی پیشەسازی دەدەین، بۆ ئەوەی گەنجەکانمان کە شارەزاییان لەو کەرتە هەیە بتوانن کاری تێدا بکەن، لە لایەکی دیکەوە زانست و تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی وڵاتانی دیکە بێنینە کوردستان، ئەمەش بۆ دروستکردنی هەلی کارە و خەڵکی ئێمە دەتوانن سوودی لێ وەربگرن.

گوتیشی: لە بەرنامەمان دایە داوا لە کۆمپانیا جیهانییەکان بکەین بێنە کوردستان و هەم گەنجانمان زیاتر شارەزا بکەن، هەم دەرفەتی کاریش بۆیان بڕەخسێنن.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ئایا گەنج دەیەوێت کار بکات و گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە خۆی دەبیێت کار بکات و وڵاتەکەی ئاوەدان بکاتەوە؟، ئەگەر ئەم بڕوایەی لەلای گەنج دروست بوو، من پێم وایە ئەو کاتە لەسەر ڕێگەی ڕاستین و گەنجەکانمان ئەو کات دەتوانن سوود لەم سیاسەتە وەرگرن.

لە بارەی داهاتی هەرێمی کوردستانەوە، مەسرور بارزانی ئاشکرای کرد، "پێشتر داهاتێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان هەبوو، حکوومەتی فیدراڵ بەبێ کێشەی داهاتی هەرێمی دەنارد، بەڵام لە دوای ساڵی 2014ـەوە، سیاسەتیان بەرانبەر بە هەرێم گۆڕا، بودجەیان بڕین بە تایبەتی لە چوار ساڵەی کە شەڕی داعش هەبوو لە 2014 تا 2017 بودجە بۆ هەرێم نەدەهات، بۆیە حکوومەتی هەرێم ناچار بوون ئەو کۆمپانیایانەی کە نەوتییان لێ دەکڕین قەزریان لێ وەرگرێت کە ئەمەش بووە قەرز لەسەرمان تاوەکوو ئێستا ئەو پرسە چارە نەکراوە، دواتر حکوومەتی فیدراڵی فشاری زیاتری دروست کرد کە مووچە نەنێرێت یان بودجە بە شێوەیەکی گشتیی کەم بکاتەوە، شتێکیشیان داهێنا بە ناوی (ئینفاقی فیعلی) کەواتە تەنیا چەند خەرجی لە هەرێمی کوردستان هەیە لەسەر ئەو پێوەرە بودجە بۆ هەرێم بنێرێت، هەر چەندە لە یاسا بودجەدا بەشی هەرێمی کوردستان دیاریی کراوە، بە پێی ڕێژەی دانیشتووانیش بێت، دەبێت 14% داهاتی عێراق بۆ هەرێم بێت، بەڵام 5% بۆ هەرێم نەنێردراوە، ئەمەش کێشەیەکی گەورەی بۆمان دروست کرد".

مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی لەوەش کرد، تا ئێستا قەرزێکی زۆری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لای هاووڵاتییان ماوە، بەڵام نەمانویستووە فشار دروست بکەین، هەمیشە بارودۆخی هاووڵاتییانمان لەبەر چاو بووە.

لە بارەی مامەڵەی حکوومەتی فیدراڵی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم گوتی: حکوومەتی فیدراڵی مامەڵەیەکی هەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات، چونکە لە سیستەمی فیدراڵیدا شتێک نییە بە ناوی مووچە، دەبێت بودجەی هەرێم لە بودجەی گشتیی تەرخان بکرێت، ئەو کات حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان بەرپرس دەبن لە بەرانبەر چۆنیەتی بەکارهێنانی بودجە، بەڵام ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق دەستێوەردان لە هەموو کارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

گوتیشی: حکوومەتی فیدراڵ ناهێڵێت دامەزراندن لە هەرێمی کوردستان هەبێت، بودجە وەک خۆی نانێرێت، ئەوە بەشە مووچەیشمان بە کەموکوڕی بۆ دەنێرێت، ئەوان ئەو پارەیەی لە هەرێم وەریدەیگرن جارێکی دیکە بە کەموکوڕییەوە بە ناوی مووچە بۆمانی دەنێرنەوە.

لە درێژەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی ئەوەشی ڕاگەیاند: کێشەی گەورەی ئێمە ئەوەیە داهاتمان سنووردارە، کاتێک هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان وەستا، بەشێکی گەورەی داهاتی هەرێمی کوردستان وەستا، حکوومەتی عێراق مووچەشی نەدەنارد، مووچە نەبێت داهات نابێت، ئەو کاتە جوڵەی بازرگانیش نامێنێت، ئەمەش وا دەکات داهاتی ناوخۆ کەمبێتەوە، ئەمانەش هەمووی بوونە فشار لەسەر حکوومەتی هەرێم، هەر چەندە بەشێک لە لایەنەکان و ئۆپۆزیسیۆنەکان ویستیان وێنای ئەم ڕاستییە بکەن کە بڵێن حکوومەتی هەرێم مووچە نادات کە ئەمەش بە هیچ شێوەیەک ڕاست نییە.

هاوکات دووپاتی کردەوە، کاتی خۆی مووچەش دەدرا، بەڵام لایەنە سیاسییەکانی خودی هەرێمی کوردستان بوون داوایان لە بەغدا کرد کە ڕاستەوخۆ مووچە بنێرێت و دەستێوەردان بکات لە کاروباری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، ئەمەش ڕێگەی بۆیان خۆش کرد کە بودجە و مووچە وەک خۆی نەنێرن.

مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە، لە بودجەی ساڵی 2026ـدا بە هیچ جۆرێک بەم شێوەیە قبوڵ ناکەین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بکەوینە گفتوگۆ.

ڕاشیگەیاند: ئەم جارە جەخت لەسەر دابینکردنی بودجە دەکەین بۆ هەرێمی کوردستان، ئەگەر ئەمە جێبەجێ بوو  بە دڵنیاییەوە دەتوانین ئەو کاتە شتەکان وەک پێویست بەڕێوە بەرین و کێشەمان نابێت، بەڵام دەبێت بەغداش پابەند بێت، بە داخەوە عێراق وەک وڵاتێکی فیدراڵی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکات.

مەسرور بارزانی گوتی: ئەرکی سەرۆک وەزیران ئاسان نییە بۆ هەر کەسێک بێت ئەمانەتە، هەر کەسێک لەم ئەرکە دابێت، دەبێت لەگەڵ خودا و خۆی و خەڵکەکەی ڕاستگۆبێت، ئەوەی گرنگە چەندد لە توانادایە، چونکە ڕەنگە نەتوانی هەموو کارێک بکەیت، بەڵام ئەوەی جێی داخە خەڵکانێک ڕاستیەکە دەزانن، بەڵام بۆ مەرامی سیاسی خۆیان، ڕاستییەکان دەشێوێنن و خەڵک چەواشە دەکەن، بەجۆرێکی دیکە چیڕۆکەکە دەگێڕنەوە، بەداخەوە حەسادەتی سیاستی بگاتە ئاستێک هەموو ڕاستییەکان بشێوێنن، بەڵام من لەو باوەڕەدام خەڵکی ئێمە چاو کراوەیە و ڕاستییەکان دەبینێت، بۆیە بە ئەمانەتەوە کاربکەی خودا و خەڵکیشت لەگەڵ دەبێت.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا، سۆشیال میدیا ڕێگەیەکی ئاسانە بۆ گەیاندنی پەیام و تێکەڵبوونی کۆمەڵگە بە هەموو شێوەیەک، هەرچەندە پێشتر ئاسان نەبوو، چونکە دەبوو لە ڕێگەی تەلەفزیۆن یان ڕادیۆ یاخود چاپەمەنی پەیامەکان بگەینی یان لە ڕێگەی دیداری ڕاستەوخۆوە، بەڵام ئێستا کات بۆ سۆشیال میدیا گرنگ نییە، چونکە دەتوانی هەموو کاتێک پەیامەکانت بگەینی، بەڵام چۆنیەتی بەکارهێنانی سۆشیال میدیا گرنگە، هەندێکجار بۆ لایەنی باشە بەکاردێت، بەداخەوە هەندێک جاریش بۆ هەڕەشەکردن یان بۆ مەرامێکی نا تەندروست بەکاردێت، ئەمەش کاریگەریەکی خراپ بەسەر هاووڵاتییان دروست دەکات، هەرچەندە پێش هاتنی سۆشیال میدیا ئەمانەی نەبوو، بۆیە هیوادارم بەکارهێنەرانی بۆ لایەنی باشە و سوود گەیاندن بەکاریبهێنن.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: تاوەکوو ئێستا نەگەیشتووینەتە ئەو قۆناغەی کە دەبێت مووچەی فەرمانبەر لە کەرتی تایبەت کە پێویستە چەند بێت، چونکە دەبێت بە گوێرەی یاسا ڕێکبخرێت، بەڵام بۆ ئەوەی حکوومەت بتوانێت کۆنترۆڵی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی تایبەت بکات، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو پرۆژەی داماناوە ئەویش بە ڕێگەی دیجتاڵی و هەژماری من، چونکە ئەوکات هەموو دەگەڕێتەوە لای حکوومەت و بەشێوەیەک ڕوون دەبێت، هەروەها هیچ خاوەنکارێک ناتوانێت بڵێت، ئەوندە مووچەت پێدەدەم، چونکە بە گوێرەی یاسا هەمووی ڕێکدەخرێتەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا نەگەیشتووینەتە ئەو قۆناغە، هەروەک چۆن پرۆژەکانی دیکە خەون بوون، بەڵام بەدیهاتن، خودا پشتیوان بێت ئەمەش جێبەجێ دەکەین، هەروەها دەمانەوێت یاسای خانەنشینی لە کەرتی تایبەت جێبەجێ بکەین و بەمەش کارئاسانییەکی زۆری حکوومەت دەکرێت و بەجیددی کاری لەسەر دەکەین، هەر بۆیە کەرتی تایبەت دەبێتە باشترین شوێن بۆ کارکردنی گەنجان.

هەروەها دەربارەی پرۆژەی ڕووناکی، سەرۆک وەزیران گوتی: کارەبای 24 کاتژمێری خەونێک بوو، زۆرێک پێیان وابوو بەدی نایێت، عێراق دوای 200 ملیار دۆلار تاوەکوو ئێستا نەیتوانیوە کارەبای 24کاتژمێری دابین بکات، هەروەها ئێمە نەهاتووین موعجیزە دروست بکەین، بەڵکوو ڕیفۆرمان کردووە لە ساڵی 2023 بڕیارمان دا جێبەجێ بکەین و لە ساڵی 2024 کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە کۆتایی ساڵی 2026 هەموو کوردستان دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری، بەڵام بەشی زۆری ئەو پارەی لە کارەبای نیشتیمانی خەرج دەکرا بۆ حکوومەت نەدەگەڕاوە، حکوومەت هەموو ساڵێک دوو ملیار و نیوی خەرج دەکرد، کەچی خاوەنی کارەبای 24کاتژمێری نەبووین، ئەو پارەی هاووڵاتییان پێشتر بۆ کارەبایان خەرج دەکرێت، ئێستا زۆر کەمتر دەکات، هیچ کەسێک لە کارەبای 24کاتژمێری زەرەر ناکات، تانەنەت خاوەن مۆلیدەکانیش زەرەرمەند نابن، ئەگەر حکوومەتی عێراقی بیانەوێت دەتوانین ئەزموونی کارەبای 24کاتژمێری بۆ عێراق بگوازینەوە.

سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند: بە دیجیتاڵکردنی تەواوی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی حکوومەت کارێکی ئاسان نییە، سەرەتا داتا سەنتەرێکمان دروستکرد کە لەسەر ئاستی جیهانیش هەر بەمشێوەیە، پێشتر ئەگەر هاووڵاتییەک سەردانی نەخۆشخانەیەکی کردبا شوێنی دنیشتوون و پشوودانی نەبوو، بەڵام لە یەکەم قۆناغ کارئاسانیمان بۆ هاووڵاتییان کرد، بەڵام کارکردن لەسەر سیستەمی دیجیتاڵی کارکردنی زیاتری دەوێت، سەرەڕای ئەوەی کارکردن تێیدا بەردەوامە بۆ بەستنەوە تەواوی وەزارەت و فەرمانگەکان ، ئەمەش هەمووی لە چوارچێوەی ئەو دیدگایە کە ناومان ناوە یەک پەنجەرەیی، نەوەکوو بۆ ڕاپەڕاندنی کارێکی سەردانی ژمارەیەک فەرمانگە بکات، ئەمەش بەدیدێت بەڵام کاتی زۆری پێویستە و بەردەوام دەبێت ڕاهێنان بە کارمەندەکان بکەی، هەربۆیە پێویستە زۆر بەخێرایی خۆمان ڕابهێنین، چونکە تەکنەلۆژیا زۆر بەخێرایی لە گۆڕان دایە.

هەروەها باسی لەوە کرد، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو هەوای هەولێر زۆر گۆڕاوە و پاکبووەتەوە، بەشێک لەو کارەیە کارەبای 24 کاتژمێر و هەڵگرتنەوەی مۆلیدەکان بووە، پرۆژەی سەوزایی یەکێکی دیکەیە لەو پرۆژانەی دەمانەوێت هەوا و ژینگەی هەولێر پاکببێتەوە، لە هەموو شارەکانی کوردستان گرنگی بە زیادکردنی ڕێژەیی سەوزایی دەدرێت، بەتایبەتی پشتێنەی سەوزایی لە هەولێر، کاریگەری ئەرێنی و باشی دەبێت، بەڵام بەشێکی سەرەکی پێویستی بەوەیە کولتووری ژینگەپارێزی دەبێت پەرەی پێبدرێت، هەر لە قوتابخانەوە دەبێت منداڵ و قوتابی پەروەردە بکرێت ژینگەکەی پاک ڕابگرێت، جەخت لەوە دەکاتەوە زۆر دڵگران دەبم کاتێک کەسێک ژینگە پیس دەکات، جونکە هەستەکەم بێڕێزی بە وڵاتەکەی دەکات، ئەمە بەرپرسیارەتیێکی هاوبەشە لەسەر ئەرکی هەموومان.

سەرۆک وەزیران باسی لەوەش کرد، بە هیچ شێوەیەک واز لە ماددەی 140 ناهێنین، دەبێت جێبەجێبکرێت، بەڵام لەسەر ئەوە دەمێنیتەوە تاوەکوو چەند دەگەینە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەی لە عێراق حکوومڕانی دەکات، چونکە بەداخەوە تاوەکوو ئێستا بیرۆکەی ناوەندی بەسەر دەسەڵاتدارانی عێراق زاڵە، باوەڕیان بە فیدراڵییەت نییە، ناوەچەکانی ماددەی 140 ناوچەی دابڕێندراون، لە کاتی جیاوازدا هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو شوێنانە دراوە، ئێمە خۆمان بە خاوەنی ئەم خاکە دەزانین و وازیش ناهێنین

لە وەڵامی پرسیاری هونەر کاریگەری لەسەر سەرۆک وەزیران هەیە، مەسرور بارزانی ، بە پێکینینەوە ڕایگەیاند: ئەمە پرسیارێکی زەحمەتە، چونکە خۆم حەزم بە هونەرە و بەگوێرەی کات سەیری فیلم دەکەم و کتێبیش دەخوێنمەوە، بەڵام هیچ بابەتێکی دیاریکراو نییە، چونکە هەموو هونەرێک چێژێکی تایبەتی خۆی هەیە.

مەسرور بارزانی لە وەڵامی پرسیاری بەشداربووان ڕایگەیاند: دەمانەوێت یارمەتیی هەموو گەنجێک و هاووڵاتییەک بدەین، هەر کەسێک بیەوێت بەرهەمەکەی بخاتەڕوو حکوومەتی هەرێم پشتیوانی دەکات، دەکرێت پێشانگەی زیاتری هونەری بکرێتەوە، هەروەها داوا لە هەموو سەرمایەدارەکان دەکەم بەرهەمی هونەری ناوخۆیی بکڕن و لێرەوە بەرهەمی هەر یەکێکتان دەکڕم، حکوومەتی هەرێم هەموو کارئاسانییەک بۆ هونەرمەندان دەکات بۆ ئەوەی بەشداربن لە پێشانگە و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان و ئەوەی لە توانای ئێمە دا بێت درێغی ناکەین.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment