ئەنجوومەنی ئاسایش سزای سەر سەرکردە نوێیەکانی سووریای هەڵگرت
بڕیاری هەڵگرتنی سزاکانی سەر سەرکردە نوێیەکانی سووریا لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ پشتیوانی لە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی نوێی دیمەشق وەسف دەکرێت.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی دا بە لابردنی ناوی ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا، و ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە، لە لیستی سزاکان کە زیاتر لە 10 ساڵە بەسەر کەسایەتییە سووریاییەکاندا سەپێنراوە.
بەگوێرەی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان، بڕیارەکە بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کراوە و دوای ڕاوێژێکی درێژخایەن لە نێوان وڵاتانی ئەندامدا هاتووە. ئامانج لەم هەنگاوە هەڵسەنگاندنەوەی ئەو سزا کۆنانەیە کە لە سەرەتای قەیرانی سووریاوە سەپێنراون، بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە.
سەرچاوەکان ڕوونیان کردووەتەوە؛ هەرچەندە بڕیارەکە کەسانی دیکەی ناو لیستەکە ناگرێتەوە، بەڵام ڕەنگە ڕێگە خۆش بکات بۆ پێداچوونەوەیەکی فراوانتر بەو سزایانەی پەیوەندییان بە سووریاوە هەیە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵێکی نوێدا کە هانی یەکخستنەوەی دیمەشق دەدات لەگەڵ ژینگەی عەرەبی و نێودەوڵەتی.
دوای دەنگدانەکە، نوێنەری بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "ئەمە ساتێکی گرنگە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد. پێشوازی لە بڕیاری لابردنی ناوی ئەحمەد شەرع و ئەنەس خەتاب دەکەین."
ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەم بڕیارە ڕەنگدانەوەی دانپێدانانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بەو گۆڕانکارییە ئەرێنییانەی لە سووریا ڕوودەدەن،" و هیوای خواست ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی پشتیوانی زیاتری سووریا لە هەوڵەکانی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەی ئابووری.
چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەمەریکا ڕەشنووسی بڕیارنامەکەی پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد. بڕیاریشە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا، لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆببێتەوە.
سەرکردەی HTS، ئەحمەد شەرع، و ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆ، وەک بەشێک لە ئەندامانی ئەو گرووپە لە لیستی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بوون، کە قەدەغەی گەشتکردن، دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامان، و گەمارۆی چەکی لەخۆدەگرت.
