وەزارەتی پێشمەرگە: دانوستانەکانی ئەمەریکا، کوردستان و عێراق بۆ هەماهەنگی نێوانیان دەستی پێکردووەتەوە

وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، ئەمەریکا و عێراق بە ئامادەبوونی سوپاسالاری ئەو وەزارەتە دانوستانەکانیان دەست پێکردووەتەوە. هاوکات ئاماژەشی داوە، پێشمەرگە لە ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوانیان بەشدار دەبێت.

هەینی 7ـی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، گەڕێکی دیکەی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق دەستی پێکردووەتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، بەرپرسانی باڵای هەر دوو وڵات لە 6ـی تشرینی دووەمی 2025 ڕاوێژێکی تەکنیکیان سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکانی هەر دوو لا بە بەشداریی عیسا عوزێر، سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامدا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، نوێنەرانی هەر دوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و بەرپرسانی باڵای ئەمنی و سەربازی لە چەند مانگی داهاتوودا لە بەهێزکردنی هاوکارییە ئەمنییە درێژخایەنەکان لە نێوانیاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاڵپشتیکردن، بەرگریکردن و بەرزکردنەوەی توانا و ئامادەیی هێزەکانی ئاسایش و ئەمنیی عێراق، بە هێزی پێشمەرگەشەوە بەردەوام دەبن.

باسی لەوە کردووە، ئەم هاوکارییانە بۆ بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، پاراستنی سەروەریی عێراق و تێکشکاندنی تیرۆرە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment