باشینیان داوا لە بایدن دەكات دان بە سەربەخۆیی كۆماری قەرەباغدا بنێت
ئومێدێكی گەورەم بە ئیدارەكەتان هەیە، ھەنگاوی چالاك بگرێتەبەر بۆ كۆتاییھێنان بە شەڕ و چارەسەركردنی تەواوی پرسەكە""
K24 – ھەولێر:
سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا، نیكۆل باشینیان داوای لە جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا كرد ھەنگاوی چالاك بگرێتەبەر بۆ راگرتنی شەڕ لە قەرەباغ و دان بە سەربەخۆیی ئەو ھەرێمەدا بنێت.
باشینیان ئەمڕۆ یەكشەممە لە نامەیەكی پیرۆزباییدا بۆ جۆو بایدن گوتی: ئومێدێكی زۆرم ھەیە بەوەی ئیدارەكەتان ھەنگاوی چالاك بگرێتەبەر بۆ كۆتاییھێنان بە شەڕ و چارەسەركردنی تەواوی پرسەكە، بەشێوەیەك دابینی ئاسایشی قەرەباغ و مافەكەی لە چارەی خۆنووسیندا بكات".
باشینیان ئاماژەشیكرد، ئەرمینیا رۆڵی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە چارەسەركردنی ململانێی قەرەباغ بە گرنگ دەزانێت، چونكە یەكێكە لە سەرۆكەكانی كۆمەڵەی مینیسكی سەر بە رێكخراوی ئاسایش و ھاریكاری لە ئەوروپا.
ھەروەھا روونیكردەوە: بایدن بەشێوەیەكی بەرچاو بەشداریكردووە لە بەھێزكردنی دۆستایەتی ئەمەریكایی و ئەرمەنی و گوتی: گەلی ئەرمینیا رێز لە ھەڵوێستتان دەگرێت لە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی و داننان بە جینۆسایدی ئەرمەنییەكان.