لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی نهێنییەکانی گرووپێکی سەر بە حەماس لە ئەورووپا ئاشکرا دەکات
وەزارەتی ناوخۆی نەمسا ڕایگەیاند، هێزەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتە، ژمارەیەک چەکیان لە ڤییەننا دۆزیوەتەوە کە گومان دەکرێت هی گرووپی چەکداریی فەلەستینی حەماس بن.
وەزارەتی ناوخۆی نەمسا لە ڕاگەیەنراویکدا ئاشکرای کردووە "ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، هاوڵاتییەکی بەریتانی تەمەن 39 ساڵ کە ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە و گوایە پەیوەندی نزیکی بەو چەکانەوە هەیە، لەلایەن ئەفسەرانی پسپۆڕی یەکەی ڕادەستکردنەوەی نیشتمانیی NCA لە ناوەڕاستی لەندەن، دەستگیر کراوە."
لە ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی نەمسا، هاتووە "بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان، ئەگەری زۆرە ئەو چەکانە بۆ پەلاماردانی دامەزراوە ئیسرائیلی یان جووەکان لە ئەورووپا ئامادە کرابن. دۆزینەوەی ئەو چەکانە و دەستگیرکردنی گومانلێکراوەکە، بەشێک بوون لە لێکۆڵینەوەیەکی هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی نێوان بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دەوڵەت و دەزگای هەواڵگری نەمسا."
وەزارەتی ناوخۆی نەمسا، هەروا ڕایگەیاندووە "لە میانی لێکۆڵینەوەکاندا، گومانی ئەوە پەیدا بووە کە گرووپێک ئەو چەکانەیان هێناوەتە نێو نەمساوە ئەوەی لە هێرشی تیرۆرستی لە ئەورووپا، بەکاری بهینن."
هەر سەبارەت بە هەمان کەیس، پێنجشەممەی ڕابردوو، 6ـی تشرینی یەکەم 2025، نووسینگەی داواکاری گشتیی فیدراڵی ئەڵمانیا گومانلێکراوە دەستگیرکراوەکەی 'محەممەد ئەی' ناساند و ڕایگەیاند کە ئەو، دووجار چاوی بە 'عەبدول ئەل جی' کەوتووە، کە مانگی ڕابردوو لە ئەڵمانیا بە گومانی پیلانگێڕی بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئیسرائیلی یان جووەکان، دەستگیرکرا."
لە ڕاگەیەنراوەکەی داواکاری گشتیی ئەڵمانیا، هاتووە "لەو دوو چاوپێکەوتنەی نێوانیاندا، محەممەد ئەی، پێنج دەمانچە و ژمارەیەک فیشەکی لە عەبدول ئەل جی، وەرگرتووە. پاشان چەکەکانی گواستووەتەوە بۆ نەمسا و لە ڤییەننا هەڵیگرتوون؛ دوای ئەوەی محەممەد ئەی، لە بەریتانیاوە ڕادەستی ئەڵمانیا دەکرێت، دەهێنرێتە بەردەم دادوەری لێکۆڵەر لە دادگای فیدراڵی لە ئەڵمانیا"
بزووتنەوەی حەماس، لە ڕاگەیەنراوێکدا، هەر جۆرە پەیوەندییەکی بەو گومانلێکراوانەوە ڕەت کردەوە تۆمەتەکانی پەیوەندیی حەماسی بەو گرووپەوە بە بێبنەما وەسف کرد.
حەماس، بە درێژایی ساڵان سەدان هێرشی دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل کردووە، بەڵام بە دەگمەن لە دەرەوەی ئیسرائیل و ناوچە فەلەستینییەکان کاری کردووە. ئەو چەکانەی لە نەمسا دەستیان بەسەردا گیراوە، بریتین لە پێنج دەمانچە و 10 شانەی پڕ لە فیشەک، کە لەوانەیە تایبەت بن بە ئۆپەراسیۆنە دەرەکییە نهێنییەکانی حەماس.
وەزیری ناوخۆی نەمسا، گێرهارد کارنەر، لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: ئەم کەیسە، جارێکی دیکە ئەوە نیشان دەدات کە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دەوڵەت و هەواڵگری وڵاتەکەمان خاوەنی تۆڕێکی نێودەوڵەتی نایابە و بە شێوەیەکی بەردەوام دژی هەموو جۆرەکانی توندڕەوی کاردەکات.
کارنەر، هەروەها گوتی: ئەرکەکە ڕوونە: بە هیچ جۆرێک لە تیرۆریستان نابوورین!
