فازڵ میرانی: سەرۆکی یەکێتی هاتووەتە سەر ماڵێکی حازر
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەڵامی لێدوانەکانی سەرۆکی یەکێتی دەداتەوە و دەڵێت: بافڵ تاڵەبانی کاتێک قسە دەکات عەقڵی لەسەری نییە و پێویستی بە چارەسەر هەیە. جەختی لەوەش کردەوە، قسەکانی بافڵ تاڵەبانی مایەی گاڵتەجارییە و تەنیا منداڵ پێی پێدەکەن و پێویستە خۆی کۆنترۆڵ بکات.
شەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2025، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کوردستان24دا، گوتی: عێراق قووڵایی ستراتیژیمانە، هەروەها پەیامی پارتی لەو بانگەشەیە زۆر ڕوون بوو، ڕێگە ڕاستەکە ئەوەیە کە ئێمە گرتوومانەتەبەر، بۆیە دەبێت لایەنەکانی دیکەی کوردستانیش بێنە پاڵ ئێمە و هاوڕا و هاوڕێگەمان بن.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، لە بارەی لێدوانەکانی سەرۆکی یەکێتییەوە بە پێویستی زانی ئاماژەی بەوە بکات، بەڕاستی جێگەی شەرمە کەسێکی وا سەرۆکی حزبە، بەڵکوو ئەو کەسە مێژووی یەکێتیش نازانێت و هاتووەتە سەر ماڵێکی ئامادەکراو، ڕەفتارەکانی بە سەرۆکی حزب ناچێت.
هاوکات فازڵ میرانی ئەوە نەشاردەوە، کە یەکێتی وێڕای ئەو تۆمەتانەی کە دەیبەخشێتەوە، دەبێت ئەوە بزانێت خۆیان لە ساڵانی 1964 تا 1970 سواری دەبابەی عێراقی بوونە و خیانەتیان لە کورد کردووە.
هەر لە وەڵامی قسەکانی سەرۆکی یەکێتیدا، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕاگەیاند: ئەو قسانەی کە بافڵ تاڵەبانی دوێنێ کردی، باوکی ڕەحمەتیشی ئەمەی نەگوتووە و بەو شێوەیە بیری نەکردووەتەوە، مام جەلال هەمیشە دەیگوت نێوانی خۆم لەگەڵ پارتی تێک نادەم، پەشیمانم لەوەی لە ڕابردوو لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی جیابوومەوە.
باسی لەوەش کرد، پێم سەیرە لەنێو یەکێتی کەسێک نییە کە ئامۆژگاری بافڵ تاڵەبانی بکات و بڵێت ئەو لێدوانانەت باش نییە و زیانمان پێ دەگەیەنێت! بەڕاستی لێدوانەکەی مایەی گاڵتەجارییە و تەنیا منداڵان پێی پێدەکەنن.
فازڵ میرانی، ئاماژەی بەوەش کرد، وەک پارتی بە قسەکانی سەرۆکی یەکێتی قەڵس نابن، چونکە ئەوەی ئەو دەیڵێت ئێمە وا نین، مێژووی ئێمە دیارە و مێژووی ئەوانیش دیارە.
لە وەڵامی دروشمی دەیڕووخێنین، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، گوتی: "ئەوەی ئەو قسەیە دەکات دەبێت لە خۆی بپرسێت کێ دەڕووخێنێت ؟ پارتی دوو بەرانبەر یەکێتی جەماوەری هەیە و هێزی سەربازیی هەیە، مێژووی پارتی دە بەرانبەر لە هی یەکێتی خاوێنترە، بەڕاستی ئێمە پێمان عەیبەیە بە هەمان شێوازی ئەوان وەڵامیان بدەینەوە، ئاستی خۆمان دانابەزێنینە ئاستی ئەوان."
سەبارەت بە جیاوازی 31 ئابی 1996 و 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، فازڵ میرانی، ڕوونی کردەوە، لە 31ـی ئاب برادەرانی یەکێتیمان بۆ ماوەیەک لە کوردستان دەرکرد دواتر ئاشتبووینەوە، بەڵام ئەو کات کەرکووک لە دەستی کوردا دەرنەهێنرا، ئەی ئەوان لە 16ـی ئۆکتۆبەردا چییان کرد، کوا کەرکووک، کوا شنگال، کوا خانەقین، کوا مەخموور؟
لە بارەی هۆکاری پێکنەهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، گوتی: ئێمە دەتوانین بەبێ یەکێتی حکوومەت پێک بهێنین، بەڵام وامان نەکرد، ئێستاش بمانەوێت دەتوانین وا بکەین، کەچی یەکێتی هاتووە شانازی بەوە دەکات کە نەیانهێشتووە حکوومەت پێک بهێنرێت، پێکنەهێنانی حکوومەت لە بەرژەوەندیی دانیشتووانی هەرێمی کوردستاندا نییە.
فازڵ میرانی دەشڵێت: یەکێتی هەردەم دۆخەکە خراپتر دەکات، بەڵام پارتی بە پێچەوانەی ئەوان دۆخەکە باشتر دەکات و کاروانی ئاوەدانییەکانی بەردەوامە، یەکێتی بووە هۆکاری داخستنی فڕۆکەخانەی سلێمانی بەڵام پارتی کردییەوە.
هەر لە وەڵامی لێدوانەکانی سەرۆکی یەکێتی، میرانی ڕایگەیاند، سەرۆکی حزبەکە عەقڵی لە سەریدا نییە، ئەو بە تانک و چەکی قورس چووە سەر هۆتێلی لالەزار، دوو ڕۆژ لەمەوبەر تەرمی کەسێک کە ئەوان لە لالەزار دەستگیریان کردبوو بۆ کەسوکارەکەی نێردرایەوە، ئەوە ئەو ئازادییەیە کە بافڵ تاڵەبانی باسی دەکات؟ سەرەڕای ئەمەش چۆن لە ڕووی دێ باسی ئازادی بکات، بەڕاستی ئەو برادەرە تەواو نییە و پێویستیی بە چارەسەرە.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتیشی: دەبێت برادەرانی یەکێتی کۆنترۆڵی بافڵ تاڵەبانی بکەن، چونکە قسەکانی بەڕاستی نە خزمەت بە کورد، نە بە یەکێتی، نە بە پێکەوەژیان دەکات.
سەبارەت بە نەوت و گازی کوردستان، فازڵ میرانی ئاماژەی بەوە کرد، سامانی سروشتی موڵکی هەموو خەڵکی کوردستانە، نە بە تەنیا موڵکی یەکێتی و نە پارتییە.
لە بارەی پرۆژەی ڕووناکییەوەش دەڵێت: ئەو پرۆژەیە دەستکەوتە و لەو ڕێگەیەوە کێشەی کارەبا لە کوردستان چارە کرا، پێویستە هەمووان شانازی بەو دەستکەوتە بکەن، لە بەرژەوەندیی هەموومانە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، میرانی ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە زمانی زبر و بێ سلووکی کۆتایی پێبهێنرێت، نابێت ئەو بێ سلووکییە لە ئەدەبیاتی کۆمەڵەگەی کوردی هەبێت، چونکە میللەتی کورد میللەتێکی بە ئەدەب و ئەخلاقە، ئەوانەی زمانی زبر بەکار دەهێنن هەقە ڕەچاوی ئەو قسە کوردییە بکەن" شاخ بە شاخ ناکەوێت بەڵام چاو بە چاو دەکەوێت".
هاوکات سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، لە بەغدا قسەکانی ئێمە و یەکێتی جیاوازە، قسەکانی ئێمە بۆ نیشتمانپەروەری، بەرژەوەندیی کوردستان و پاراستنی ئەزموونی میللەتی کوردە.
سەبارەت بە خاکفرۆشتن و خیانەت، میرانی ڕایگەیاند: بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1964، یەکێتی بوو دەستی بە خیانەت و خاکفرۆشتن کرد.
میرانی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە سلێمانی کرد و گوتی: سلێمانی موڵکی دانیشتووانەکەیەتی نەک حزبێک، چەندین دانیشتووی سلێمانی کە لە نێویاندا سەرمایەدار و خاوەن پرۆژە هەبوون بەهۆی هەڕەشەکانی سەرۆکی یەکێتی هاتوون بۆ هەولێر، بەشێکیشیان لەبەر ئەم عەقڵییەتەی سەرۆکی یەکێتی، بە یەکجاری کوردستانیان جێهێشتووە.
جەختی لەوەش کردەوە، سەرۆکی یەکێتی کەسێکی زۆر نەزان و بێ زانیارییە و نە مێژوو دەزانێت نە جوگرافیا دەزانێت.
لە بارەی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، ئاشکرای کرد، "یەکێتی بوو سەرەتا پرۆژەی تەوتینی قبووڵ کرد، دواتر دەیانگوت داوای مووچە لە بەغدا بکەین، ئەوان بۆمان دەنێرن، ئێستا دەڵێم با بینێرن بۆ نەیان نارد؟ ئەگەر سەرۆکی یەکێتی ڕاست دەکات بە وا بکات مووچەی ئەو مانگانەی کە ماوە بەغدا بینێرێت".
فازڵ میرانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئێمە لە بەغدا داکۆکی لە مافەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکەین و ئێمە وەک یەکێتی نین تەنیا بۆ حزبی خۆمان لە بەغدا کار بکەین، بەڵکوو ئێمە بۆ گەلەکەمان لە بەغداین.
لە بارەی جێبەجێکردنی پرۆژەکان لە سلێمانی، میرانی ڕوونی کردەوە، یەکێتی بودجەی لە کوێ هێناوە تا پرۆژە بە ناوی خۆیەوە بکاتەوە، هەموو داهاتی ئەم میللەتەیە یەکێتی بۆخۆی بەکاری دەهێنێت، یەکێتی گوایە لە ڕێگەی ماڵپەڕێکەوە مانگانە ڕێژەی داهاتی ناوخۆی سلێمانی تێدا بڵاو دەکاتەوە، کەچی هەموو چەواشەکارییە و ئەوانەی بڵاوی دەکاتەوە هیچی ڕاست نین.
دەشڵێت: کاتێک مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ویستبووی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ سەرجەم دەروازە سنووریەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام ئەو دەروازانەی کە لە ژێر دەستی یەکێتی بوون بەو کارە ڕازی نەببوون زۆر بە ڕەهایی پێیان گوتبوو ئەگەر ئەو لیژنەیە بنێردرێت شەڕی ناوخۆ دروست دەبێتەوە.
میرانی باسی لە سەروەت و سامانی سەرۆکی یەکێتی کرد و ئاشکرای کرد، بافڵ تاڵەبانی هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی تایبەتی هەیە، لە هەموو جیهان کۆشکی هەیە، ئەو سەروەت و سامانەی لە کوێ هێناوە؟
گوتیشی: مەلا مستەفا بارزانی و باب و باپیرانمان، هەمیشە لەناو خەڵک ڕێزلێگراوبوون، کاتێک چوونە ڕووسیا لەوێش هەر ڕێزێکی زۆریان لێ گیرا، کە هاتنەوە کوردستانیش هەر بە سەربەرزی و قارەمانێتی گەڕانەوە، بەڵام ئەوانەی کە بافڵ شانازی پێوە دەکات کاتێ گەڕانەوە کوردستان بە زەلیلی گەڕانەوە.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، پەیامێکی ئاراستەی سەرۆکی یەکێتی کرد و گوتی: چی لە دەست دێت با بیکات و لێی بێ مننەتین، هەروەها کونسوڵگەری و نوێنەری وڵاتانیش کە لە هەرێمی کوردستانن کاتێک گوێیان لە قسەکانی بافڵ تاڵەبانی دەبێت تەنیا پێدەکەنن.
سەبارەت بە دوو ئیدارەیی، میرانی جەختی لەوە کردەوە، هەموومان دژی دوو ئیدارەیین و هەرگیز کارێکی لەو شێوەیە ڕووناداتەوە.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، باسی لە خەونێکی دێرینی یەکێتی کرد و ئاماژەی بەوە دا، یەکێتی لە دێر زەمانەوە هەوڵ دەدات پارتی بسڕێتەوە لە کوردستان، بەڵام هەرگیز ناتوانێت ئەو کارە بکات، بەبیریان دەهێنمەوە هەموو خەونێک نابێتە ڕاستی، ئەو خەونەیان لە ساڵی 1963ـەوە هەیە.
میرانی لە کۆتایی هەڤپەیڤینەکەدا پەیامێکی ئاراستەی تەواوی حزبەکانی کوردستان کرد، کە تێیدا هاتووە، دەبێت بەرژەوەندیی خوێنی شەهیدان و خەڵکی بخرێتە پێش بەرژەوەندیی حزبی، دەبێت بە وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان بیر بکەینەوە و هەنگاو بنێین.
