کۆمیسیۆن: پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە سەرانسەری عێراق بەبێ گرفت بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، حەسەن هادی، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، تیشکی خستە سەر پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە سەرانسەری عێراق.

بە گوتەی حەسەن هادی، لە کاتژمێر 7:00ـی بەیانییەوە زیاتر لە 800 بنکەی دەنگدان کراونەتەوە بۆ پێشوازیکردن لە زیاتر لە یەک ملیۆن و 300 هەزار دەنگدەری تایبەت. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەکە زۆر بە باشی و بەبێ هیچ گرفتێک بەڕێوەدەچێت و سەرجەم بنکە و وێستگەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا کراونەتەوە. هەروەها، ستایشی ڕۆڵی هێزە ئەمنییەکانی کرد لە ڕێکخستنی ئەندامانیان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگداندا.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە نەبوونی بنکەی دەنگدان لە شاری سەدر، حەسەن هادی ڕوونیکردەوە، دابەشکردنی بنکەکان بەگوێرەی بوونی هێزە سەربازییەکان بووە. بۆ نموونە، لە ناوچەی ڕەسافە ژمارەیەکی زۆر بنکەی دەنگدان هەن و ناوەندێکی میدیاییش لەوێ کراوەتەوە. بەڵام لە ناوچەی سەدر نییە چونکە لایەنی سەدر بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی کردووە.

دەربارەی شێوازی کارکردنی ئامێرەکانی دەنگدان، حەسەن هادی ڕایگەیاند، ئامێرەکان لە سەرجەم بنکەکاندا بەبێ کێشە کار دەکەن. پرۆسەی دەنگدان بەم شێوەیە دەبێت، سەرەتا کارتی بایۆمەتری دەخرێتە ناو ئامێرەکەوە. دواتر ئامێرەکە بەراوردی نێوان زانیارییەکانی سەر کارتەکە و زانیارییە تۆمارکراوەکان دەکات. ئەگەر زانیارییەکان یەکیان گرتەوە، دەنگدەر دەتوانێت بەردەوام بێت و ناوی تۆمار دەکرێت. هەروەها وەک ڕێکارێکی یەدەگ، فۆرمێک بە دەنگدەر دەدرێت تا دەنگی لەسەر بدات. هەر فۆرمێک بارکۆدێکی تایبەت بە خۆی هەیە کە دەبێت لەگەڵ ئەو بارکۆدەی دەچێتە سندوقی دەنگدانەوە یەکبگرێتەوە.

کاتژمێر 7:00 بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد و هێزە جیاوازەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە.

لە دەنگدانی تایبەت زیاتر لە یەک ملیۆن و 313 هەزار کەس ئەندامانی هێزی ئەمنیی و فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان مافی بەشداریکردنیان هەیە، ئەوە جگە لە بەشداریکردنی زیاتر لە 26 هەزار ئاوارە، کە زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای دهۆکن.

لە سەرانسەری عێراق 809 بنکە دیاریکراوە بۆ دەنگدانی تایبەت و چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەی دەنگدانی تایبەت تا کاتژمێر 6:00 ئێوارە درێژەی هەبێت بەگوێرەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنیش، سندووقەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دادەخرێن و ناکرێت ماوەکە درێژ بکرێتەوە.

دوو سبەیش واتە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.

 
Fly Erbil Advertisment